چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە سەد ماڵی کوردانی کاکەیی-یان لە ناحیەی نەمرود تەقاندۆتەوە، هەروەها پێشتریش تەواوی ماڵەکانیان تاڵانکردبوو.
غەیاس سورچی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی مەڵبەندی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە موسڵ بە خەندانی ڕاگەیاند: "دوای داگیرکردنی ناوچە دابڕێندراوەکانی سەر بە پارێزگای نەینەوا لەلایەن چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش، حەوت گوندی برایانی کاکەیی کە کوردی ڕەسەنن کەوتوونەتە ژێرکونترۆڵی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستیە".
وتیشی: "ئەو حەوت گوندە سەر بەناحیەی نەمرودن کە سەر بە قەزای حەمدانیەیە".
ئەوەشی خستەڕوو: "کاکەییەکان وەک مەسیحی و کوردانی ئێزدی و شەبەک، ڕوویان لە هەرێمی کوردستان کردووەو گوندەکانیان چۆڵکردووە و موڵک و ماڵیشیان لەلایەن چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە تاڵانکراوە".
بەرپرسی ڕاگەیاندنی مەڵبەندی یەکێتیی لە موسڵ باسی لەوەشکرد کە، "بەپێ ئەو زانیاریانەی گەیشتوونەتە دەستمان لە ماوەی بیست و چوار کاتژمێری ڕابردوودا زیاتر لە 100 خانووی کاکەییەکان تەقێندراونەتەوە".
غەیاس سورچی، ڕاشیگەیاند: "هۆکاری تەقاندنەوەی ئەو خانوانەش ئەوەیە کە تەنها ئەوانە کوردن لە ناوچەکە، چونکە چەندین گوندیتر لە دەورووبەری هەن نەتەقێنراونەتەوە تاڵانیش نەکراون ".
- 12-06-2015