خەندان – هۆگر کەمال
سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومیەکان ڕایدەگەیەنێت کە لە ئێستادا دوو هەزار و 300 ڕێکخراوی ناوخۆیی و بیانی و عیراقی لە هەرێمی کوردستان هەن، ئاماژە بەوەش دەکات: "کاری سەرجەم ڕێکخراوە ناوخۆییەکان بەهۆی قەیرانی داراییەوە وەستاوە و بەهۆی ئەوەی پارەی نەختینەش لە بانک نیە ناتوانین هیچ بڕە پارەیەک بۆ ڕێکخراوەکان خەرج بکەین".
ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە شاری سلێمانی، ئەکرەم مزوری سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومیەکان، وتی: "لە ئێسادا ژمارەی ئه و ڕێکخراوانەی لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، زیاتر لە دوو هەزار و 300 ڕێکخراون".
وتیشی: "له و ڕێژەیەشدا 150 ڕێکخراوییان بیانی و 50 ڕێکخراوی دیکەیان عیراقین ئەوانەن کە لە بەغدا تۆمارکراون و لە هەرێم کاردەکەن، ئەمە جگەلەوەی دوو هەزار و 100 ڕێکخراوی ناوخۆیی (لۆکاڵی) یش لە هەرێمی کوردستان هەن، لەگەڵ 30 تۆڕی هاوبەشی ئه و ڕێکخراوانە".
ئاماژەی بەوەشدا: "تائێستا تەنها دوو ڕێکخراو بەرپرسەکانیان هەڵیانوەشاندونەتەوە، بەڵام لە توانای فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومیەکاندا نیە هیچ ڕێکخراوێک هەڵبوەشێنێتەوە، تەنها دادگا ئه و دەسەڵاتەی هەیە".
ئەکرەم مزوری، باسی لەوەشکرد، کە "ساڵی 2013 پەرلەمانی کوردستان دابینکردنی بڕی 15 ملیار دیناری لەسەر بنەمای پڕۆژە بۆ ڕێکخراوەکان پەسەندکرد، دوای ئه و بڕیارەش حکومەتی هەرێم ئه و بڕە پارەیەی دابینکرد".
ئەوەشی خستەڕوو: "لە بەرواری 01-01-2013 تا 01-05-2013 وەزارەتی دارایی هەڵسوکەوتی بە بڕە پارەکەی ڕێکخراوەکانەوە کرد، له و ماوەیەشدا بڕی چوار ملیار و 273 ملیۆن و 265 هەزار دیناری وەک سیستمی مینحەی مانگانەی کۆن بەخشیە ڕێکخراوەکان".
مزوری، هێمای بۆ ئەوەشکرد، کە "لە 01-06-2013 تا 01-06-2014، فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومیەکان لە ڕێگەی لیژنەوە لەسەر بنەمای پڕۆژە بڕی نۆ ملیار و 276 ملیۆن و 923 هەزار دینار بۆ 423 پڕۆژەی 500 ڕێکخراوی ناوخۆیی خەرجکرا".
رونیشیکردەوە: "بڕی یەک ملیار و 449 ملیۆن و 811 هەزار دینار له و پارەیە ماوە کە پەرلەمان بڕیاری لەسەردا، بەڵام بەهۆی ئەوەی پارەی نەختینە لە بانق نیە ناتوانین ئه و پارەیە بۆ ڕێکخراوەکان خەرج بکەین".
سەرۆکی فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومیەکان، تەئکیدیشی کردەوە، کە بەهۆی ئه و قەیرانە داراییەی هەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە، سەرجەم ڕێکخراوە ناوخۆییەکان کار و پڕۆژەکانیان وەستاوە.
بەپێی یاسای ژمارە (1) ی ساڵی 2011 فەرمانگەی ڕێکخراوە ناحکومیەکان لە پەرلەمانی کوردستان دامەزراندنی پەسەندکرا و لە مانگی شوباتی ساڵی 2013 دامەزراندنی ئه و فەرمانگەیە ڕاگەیەندرا، کە سەرپەرشتی کاری سەرجەم ڕێکخراوەکانی هەرێمی کوردستان و پارێزگای کەرکووک و ناوچە دابڕێندراوەکانیش دەکات.
- 16-06-2015