بۆ ڕای گشتی...
دوابەدوای سەفەرە زەنجیرەیەکانی کاربەدەستانی ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ باشووری کوردستان و بەرنامەرێژی قۆناخێکی نوێ لە شەڕی تایبەت دژی بزووتنەوەی ئازادیخوازی ئاپۆیی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەحزابی گرێدراوی بارزانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان (حدکا، حدک) بوونەتە کەرەستەیەکی ئەساسی ئەم شەڕە تایبەتە.
ئەم ئەحزابە زەردانە کە تەجروبەیەکی دەمدرێژیان لە بە فیڕۆدانی وزەی کۆمەڵگای کوردی و تکهەڵچوون لەگەڵ تێکۆشەرانی کورد هەیە، دەیانەوێت تا بە فەرهەنگی فالانژیستی، کۆمەڵگای کوردستان بەرەو گۆڕەپانێکی بیرتەسکانە و مۆغرەزانە ڕابکێشن، ئەم ئەحزابانە لەم ماوە درێژە لە پاسیڤ بوون و کەمپنشینی خۆیان بوونەتە حەوانگەی سیخوری چەند لایەنە و مۆرەی وەزارەتی ئیتڵاعات و سوپای پاسداران.
یەکێک لە ڕێگا ئەساسیەکانی شەڕی تایبەت، ڕەشکردنی ئەو کەسانەیە کە بیروڕای جیاوازیان هەیە و ئەو کەسانەی کە لە چوارچێوەی سیاسەتە هاوبەشەکانی دەوڵەت و ئەم ئەحزابانە جێ ناگرن.
لەم ڕۆژانەی دواییدا بەشێک لەم کەسانە کە ئەندامێتی ئەوان لە ناوەندە ئیتڵاعاتیەکان و ئاسایشی ڕژیم ئاشکرایە و لەهەمان کاتدا خۆیان وەک پشتیوانانی ئەحزابی زەرد نیشان دەدەن و پدەچێت کە کارتی ئەندامێتی ئەم ئەحزابانەشیان له گیرفانیاندا بێت، هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ بەدناوکردنی کەسایەتییە مەدەنییەکان و وڵاتپارێزانی کورد دەستپێکردووە.
بێگومان ئەم کردەوە نا ئەخلاقیانەی مۆرەکانی ڕژێم ناتوانن ئەم کەسایەتییە تێکۆشەرو وڵاتپارێزانە ڕەش بکەن، هەروەها ناتوانن ئەو سەرکەوتنانەی کە گەلی تێکۆشەری کورد ڕۆژبەرۆژ بەدەستی دێنێت، کەمڕەنگ بکەنەوە.
لەم ڕێگایەوە سەرەنجی ڕای گشتی کوردستان بۆ سەر ئەم نەخشە چەپەڵه ڕادەکێشین، هەروەها ئەم مۆرانە و پشتیوانانیان وشیار دەکەینەوە کە هەوڵی تاقیکردنەوەی ئاستی سەبری بزوتنەوەی ئاپۆیی و گەلی وڵاتپارێز کوردستان نەدەن.
مەجلسی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان