پەیتا پەیتا کۆمپانیا خۆماڵیەکانی نەوت زیاد دەکەن و لە کۆی 300 کۆمپانیای نەوتی تۆمارکراوی کوردستان 200 کۆمپانیایان خۆماڵین، بەرپرسێکیش ئاشکرایدەکات هەندێک له و کۆمپانیا خۆماڵیانە بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمنپانیا بیانیەکان نەوت دەردەهێنن.
دڵزار ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتی تۆماری کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ژمارەی ئەمڕۆی هەفتەنامەی (باس)ی ڕاگەیاندوە: "لە ماوەی ڕابردوودا دەیان کۆمپیای خۆماڵی نەوت مۆڵەتی کارکردنیان وەرگرتووە، ئاسانکاریش کراوە بۆ دامەزراندنی کۆمپانیای خۆماڵی لە بواری نەوت، ئه و ئاسانکاریانەش بوونەتەهۆی زیادبوونی دامەزراندنی کۆمپانیای خۆماڵی لە بواری خزمەتگوزاری نەوت، هاوکات بەهۆی کۆمپانیا جیهانییەکان کۆمپانیا خۆماڵییەکان دەتوانن ئەزموونی باش وەربگرن".
دڵزار ئیسماعیل وتیشی: "پێشووتر تەنها کۆمپانیای نەوتی بیانی لە هەرێمی کوردستان تۆمار دەکران و کاریان دەکرد، بەڵام لە ماوەی ڕابردوودا تا ئێستا کۆمپانیای خۆماڵیش ژمارەیەکی باشیان دامەزراون و کار دەکەن".
بەرێوەبەری گشتی تۆماری کۆمپانیاکان ئاشکرای کرد زیاتر لە 300 کۆمپانیای بواری نەوت لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، وتیشی: "له و 300 کۆمپانیایە 200 کۆمپانیایان خۆماڵین و کار ئاسانی زیاتر دەکەین بۆ دامەزراندنی کۆمپانیای نەوتی خۆماڵی بۆ ئەوەی لە داهاتوودا پشتیان پێ ببەسترێت بۆ پێشخستنی کەرتی وزە لە هەرێمی کوردستاندا".
دڵزار ئیسماعیل جەختی کردەوە هەندێک کۆمپانیای خۆماڵی نەوت لە بواری دەرهێنان و دۆزینەوەی نەوت مۆڵەتیان پێدراوە، بەڵام ئه و کۆمپانیایانە بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای تری نەوت کاردەکەن،" ئه و 200 کۆمپانیا خۆماڵەیە بەشی زۆریان لە بواری بەڵێندەرایەتی نەوت و دابینکردنی پێداویستیەکان و خزمەتگوزارییەکانی نەوتن و هەندێکییشیان بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان لە بواری دەرهێنان و دۆزینەوەی نەوت کاردەکەن.
- 23-06-2015