لەبارەی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەڕلەمانی کوردستان و خوێندنەوەی پرۆژەی یاسای هەموار کردنەوەی سەرۆکایەتی هەرێم، بۆ هەموو لایەکی ڕایدەگەیەنین، کە ئێمە پێمانوایە مامەڵە کردن لەگەڵ پرسی سەرۆکایەتی هەرێم، دەبوایە لە چوارچێوەی سازانی نیشتیمانی بێت و لەم دۆخەدا هەر هەنگاوێکی تاکڕەوانە، دوور لە کۆدەنگی نیشتیمانی خزمەتی هیچ لایەنێک ناکات، چونکە ئەم یاسایە ڕەهەندێکی دەستووری هەیە و هەموار کردنی ئەم یاسایە، بە زۆرینە و کەمینە نابێت.
هەروەها ڕایدەگەیەنین، کە ئەو لایەنە سیاسیانەی دیکەی پەرلەمانی کوردستان، ئەوەندە خۆسەپێن مامەڵەیان کردووە، بۆیە دووبارە جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە، کە ئەم یاسایە ڕەهەندێکی نیشتیمانی هەیە و هەوڵی هەموارکردنەوەیشی لە کاتێکدایە، کە لیژنەی دەستووری کاروبارەکانیان بە باشی دەڕۆن، پێشکەش کردنی پرۆژەیەی لەم چەشنە، کە ئەرکی سەرەکی لیژنە دەستوورییەکەیە، بێبەهاکردنی ئەو لیژنەیەیە.
بۆیە بۆ ڕای گشتی چەند خاڵێک دەخەینەڕوو:
یەکەم: دانیشتنەکەی ئەمڕۆ پێچەوانەی پەیڕەوی ناخۆی پەرلەمان بوو، چونکە بە گوێرەی ماددەی (54-یەکەم-4) دەبوایە پاش ئەوەی سەرۆکایەتی کردنەوەی دانیشتنەکە ڕادەگەیەنێت، ناوی ئەندامە ئامادەنەبووەکان بخوێنرێتەوە و ئینجا ناوی ئەوانەی کە بەبێ پاساو ئامادەنەبوون، دواتر پوختەیەک لە کۆنووسی دانیشتنی پێشوو بخوێنرێتەوە و دوای ئەوە بچنە سەر بەنامەی کار، بەڵام لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆ، سەرۆکایەتی پەرلەمان خەرقی ئەو ماددەیەی پەیڕەوی ناوخۆی کرد و بەر لەو ڕێکارانە دەستیان بەر بەرنامەی کار کرد.
دووەم: ئەوەی جێگەی نیگەرانیمانە بەرێز سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بێلایەنی خۆی لە دەست داو نەیتوانی لە ئاستی گەورەیی دامەزراوەی پەرلەمان مامەڵە لەگەڵ بابەتەکە بکات و کەوتە ژێر کاریگەری ئەو ململانێ حزبیەی لە پەرلەمان نەخشەی بۆ دانراوە.
سێهەم: ئەوەی ئەمڕۆ ڕوویدا سەرەتایەکە بۆ تێکچوونی ئەو تەوافوقە سیاسییەی کە حکومەت و پەڕلەمانی لەسەر پێکهاتووە و بەسەرەتایەکی باشی نازانین و بەرپرسیارەتییەکەیشی دەخەینە ئەستۆی ئەو لایەنانەی کە هۆکاری ئەم دۆخەن.
چوارەم: بە هەموو لایەکی ڕادەگەیەنین کە ئەو بابەتە سازان و تەوافوقی دەوێت و تاکە ڕێگای مامەڵە لەگەڵ بابەتێکی گرنگی ئەوها سازانی نیشتمانی و دوور لە موزایەداتی حیزبی.
پێنجەم: ئێمە ڕۆڵی هەموو ئەو لایەنانە بەرز دەنرخێنین، کە بڕوایان بە سازانی نیشتیمانی هەیە و ئامادە نەبوون بەشداری لەو جۆرە دانیشتنە بکەن.
شەشەم: هەر لێرەیشەوە خەڵکی کوردستان و جەماوەری پارتی دڵنیا دەکەینەوە کە بەبێ سازان هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت تاک لایەنە بڕیار لە سەر پرسێکی گرنگی وا بدات.
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەڕلەمانی کوردستان
23-06-2015