بەناوی خوای گەورە
بیست و هەشت ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر یەکێک لە گەورە تاوانەکانی کۆتایی سەدەی ڕابردوودا، ئەویش تاوانی کیمیابارانکردنی شاری سەردەشتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوو لەلایەن ڕژێمی ڕوخاوی پێشووی عیراقەوە کە بووە هۆی شەهیدبوونی 116 کەس و برینداربوونی هەزاران کەس لە هاوڵاتیانی مەدەنی شارەکە بە بەرچاوی ڕێکخراوەکانی مافی مرڤ لە جیهاندا، شاری سەردەشت نغرۆی گازی خەردەل و سیانید کرا.
بێدەنگی ئەوکاتەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوە جیهانییەکان لە ئاست ئەم تاوانە دڕندانەیەدا، جورئەتی زیاتری بەخشیە ڕژێمەکەی بەغدا، تا لەسەر زوڵم و ستەمەکانی بەردەوام بێت، بەجۆرێک دڕندەیی و تاوانکاری ئەو ڕژێمە لە تاوانی کیمیابارانی هەڵەبجەدا گەیشتە لوتکە.
بەڕێزان هەروەک چۆن ڕژێمی بەعس ڕسوای مێژوو بوو، بەڵێن دەدەین هاوڕێ لەگەڵ کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابانی سەردەشتدا لە خەبات و کاری ڕێکخراوەییماندا بەردەوام بین بۆ بەدادگایی گەیاندنی ئەو کەس و کۆمپانیایانەی کە هاوکاری ڕژێمی بەعس بوون لە پڕچەک کردنیدا، تا بەسزا گەیاندنیان و قەرەبووکردنەوەی قوربانیان و زیان لێکەوتوان.
لێرەشەوە داوا دەکەین کە (کۆماری ئیسلامی ئێران) هاوکار بێت لە بەدەستهێنانی دۆکیۆمێنت و بەڵگەی پێویست لەسەر کیمیابارانی سەردەشت و هەڵەبجە.
بەڕێزان هەروەک چۆن شاری سەردەشتی خۆشەویستمان هەرگیز لەیاد نەکردووە وەک دەستەخوشکی هەڵەبجە ناوزەدمان کردووە هاوکات هەموو ئامادەییەکی خۆمان دەردەبڕین لە هاوسۆزی و هاوکارییکردنی کەسوکاری قوربانیانی سەردەشت و بەرەوپێشبردنی دۆسێی کیمیابارانی ئەو شارە لە هەر شوێن و لایەکی پەیوەندیداردا بێت.
بەڕێزان.. لەکاتێکدا یادی ئەم تاوانە گەورەیە دەکەینەوە ئێستاش لە کۆبانێ تاوانی ڕەشەکوژی تۆقێنەر ڕووبەڕووی هاوخوێن و هاونیشتیمانییەکانمان دەبێتەوە، دیسان تیرۆر منداڵ و ژنی کوردی داوەتەوە بەر دڕندانەترین شێوازی کوشت و بڕ. تکا دەکەین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوانی مافی مرۆڤ چیتر ڕۆڵی تەماشاکەر نەبینن، بەهەر شێوەیەک هەیە ڕێگە بگرن لەم کردە دڕندانەی کە دژ بە هەموو بەهاکانی.
کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە
28-06-2015