شەهید زاهیر هەمزە ساڵح (1969-1991)
ناوى تەواوى (زاهیر هەمزە ساڵح حەمەد)ە، لە ساڵى (1969) لە خێزانێکى نیشتمانپەروەرى کوردپەروەرى #ئیلنجاغی گەورە# هاتۆتە ژیانەوە، خوێندنى سەرەتایى لە گەڕەکى (باداوە)ى شارى #هەولێر# تەواوکردووە، یاریزانێکى باشى یارى تۆپى پێ بووە لەیانەى وەرزشى تۆپى پێى باداوەى هەولێر.
ساڵى (1986) پەیوەندى دەکات بەهێزى پێشمەرگەى کوردستان لە کەرتى (6)ى تیپى 86ى دەشتى هەولێر دەبێتە پێشمەرگە لەلاى (#جەلال ئیلنجاغی#)، بەشدارى چەندین نەبەردى و قارەمانێتى کردووە وەک شەڕەکانى (داستانى ڕزگارى و #داستانی دۆڵی سماقوڵی# وگرتنى #دێگەڵە# و #تەقتەق# و چالاکییەکانى سەر ڕێگەى #کەرکووک#-هەولێر و هەولێر-#کۆیە# و گرتنى ڕەبیەکانى شێراوە).
لە مانگى (7)ى 1988ەوە تاوەکوو سەرەتاى ساڵى (1989) یەکێک بووە لە پێشمەرگە پارتیزانەکانى دەشتى هەولێر، دواى ڕادەستبوونەوەشى لە ساڵى1989 وەک (پێشمەرگەیەکى ناوشار) و (پێشمەرگەى شانەى سوپاى ڕزگارى کوردستان-سرک)بووە، پێداویستى و زانیارى گواستۆتەوە بۆ پارتیزانەکان لە پشت (#بنەسڵاوە#) بۆ یەکەى پارتیزانى (86ى دەشتى هەولێر) ڕاستەوخۆ بۆ فەرماندە (جەلال ئیلنجاغى)، بە یەکێک لە پێشمەرگە دانەبڕاوەکانى کوردستان دێتە ئەژمار لە شۆڕشى نوێى گەلەکەمان.
لە ڕاپەڕینى (شارى هەولێر و کەرکووک) لە ساڵى 1991 وەک پێشمەرگەیەکى قارەمان بەشداریکردووە، لە (#31-03-1991#) لە (#دیبەگە#) لە سەنگەرى بەرگریکردن لەدەستکەوتەکانى ڕاپەڕین بە بیکەیسیەکەى تا دوا فیشەک بەرانبەر دەبابەکانى گاردى کۆمارى ڕژێمى بەعسى حکوومەتى ئێراق لەگەڵ (3) لە هاوسەنگەرانى شەهیدان (#جەلیل حەمەد ساڵح حەمەد ئیلنجاغی# و #شێرکۆ ئۆمەر وەسمان باپیر ئیلنجاغی# و مەعروف حاجى کەریم باداوەیى) تادوا دڵۆپى خوێن جەنگاوە و دەگەنە کاروانى پڕسەروەرى شەهیدانەوە، دواى (6) مانگ ئینجا تەرمى پیرۆزى لە گۆڕستانى گوندى (#گردمەلا#) لەگەڵ شەهیدى هاوسەنگەرى (جەلیل حەمەد ئیلنجاغى)بەخاک سپێررا. [1]