دوای ئەوەی هەرێمی کوردستان ئاستی فرۆشتنی نەوتی بە شێوەی سەربەخۆ زیادکرد، ئەمڕۆ دوو شەممە، هەردوو کۆمپانیای (بی بی) و (ئینی)، پرۆسەی بارکردنی چەندان بارە نەوتیان لە بەندەری جەیهانی تورکیاوە هەڵوەشاندەوە، هۆکاریی ئه و هەنگاوەشیان بۆ کەمی نەوتی خاو لە تەنکەرەکانی سەر بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عیراقی (سۆمۆ) گەڕاندەوە.
ئاژانسی ڕۆیتەرز بڵاویکردەوە، زانیارییەکان دەریانخست، ڕاگرتنی پرۆسەکانی بارکردنی نەوت، نەوتهەڵگرەکانی سینۆسترۆمی سەر بە لاینی ئۆکلاهوما و کۆمپانیای سوکاری حکومی بۆ وزە لە ئازربایجان و باڵتیک گالاکسی سەر بە کۆمپانیای چاینا- ئۆیڵ و نەوتهەڵگری باکۆی سەر بە گروپی ساراس و نەوتهەڵگری ئەفرا لۆریڵی سەر بە ڕیبسوڵ و نەوتهەڵگری (ئێس کەی ستێلا)ی سەر بە کۆمپانیای بی بی، لەخۆدەگرێت.
وابڕیار بوو ئه و نەوتهەڵگرانە لە کۆتایی مانگی حوزەیراندا، زیاتر لە چوار ملیۆن بەرمیل نەوتی خاوی کەرکووک بگوێزنەوە، دوای هەڵوەشاندنەوەی ئه و پرۆسانەش، ژمارەی ئه و بارە نەوتانەی کە نەوتی خاوی کەرکووکن و بارنەکراون، لە مانگی حوزەیراندا گەیشتنە 12 بارە نەوت.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ڕۆیتەرز، هەرێمی کوردستان لە مانگی حوزەیرانی ڕابردووەوە فرۆشتنی نەوتی بەشێوەی سەربەخۆ زیادکردووە و هەناردەکردنیشی لەڕێی کۆمپانیای سۆمۆوە، کەمکردووەتەوە.
هەرێمی کوردستان، لانی کەم لە مانگی حوزەیرانەوە تائێستا، 12 ملیۆن بەرمیل نەوتی لەڕێی بەندەری جەیهانەوە فرۆشتووە و لە سەرەتای مانگی حوزەیرانیشەوە، پێنج ملیۆن بەرمیل نەوتی لەڕێی سۆمۆوە هەناردەکردووە.
هەرێمی کوردستان پابەندبوونی خۆی به و ڕێککەوتنە نەوتییە دووپاتدەکاتەوە کە لە مانگی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو لەگەڵ بەغدا ئیمزای کرد کە هەرێم پابەند دەکات ڕۆژانە 550 هەزار بەرمیل نەوت لەڕێی کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردە بکات تا حکومەتی فیدراڵ 17%ی بودجەی دارایی 2015 ڕەوانەی هەرێم بکات.
لە سایەی شەڕی دژ بە چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش و داڵدەدانی ژمارەیەکی زۆری پەنابەرانی سوریا و عیراق کە وایانکردووە هەرێم پێویستی زۆری بە پارە هەبێت، هەولێر ئاماژە بە پابەندنەبوونی حکومەتی فیدراڵ دەکات بە ڕێککەوتنە نەوتییەکەی لەگەڵ بەغدا.
- 06-07-2015