1) ناوونیشانی دەروازەی دووەم لە پرۆژەی دەستووری 2009 کە بریتییە لە ''مافە سەرەکییەکان'' بکرێت بە '' ماف و ئازادییەکان''. زۆربەی شارەزایانی دەستوور و فەلسەفەی یاسا لەسەر ئەوە کۆکن کە هەرچەندە ماف و ئازادی تەواوکەری یەکترن، بەڵام لە جەوهەردا جیاوازن. گرنگە ئەم تێگەیشتنە هەم لە ناوونیشان و هەمیش لە ناوەڕۆکی دەروازەی دووەمی پرۆژەی دەستوورەکەدا ڕەنگبداتەوە.
2) ماددەی 18 لە دەروازەی دووەمی پرۆژەی دەستووری 2009 کە تایبەتە بە ''پابەندبوون و جێبەجێکردن'' تەنها بکرێت بە ماددەی ''پابەندبوون'' و دەستەواژەی جێبەجێکردن لاببرێت.
3) لە سەرەتای دەروازەی تایبەت بە ماف و ئازادییەکان، ماددەیەکی تایبەت بە ''جێبەجێکردن'' بەم شێوەیەی خوارەوە زیاد بکرێت.
ماددەی (00) جێبەجێکردن
یەکەم: هەموو کەس مافی داوای ڕێگرتن یان لابردنی پێشێلکاری هەیە ئەگەر هەر ماف و ئازادییەکی کە لەم دەستوورەدا هاتوون ڕووبەڕووی پێشێلکاری بۆیەوە.
دووەم: هەموو کەس مافی داوای قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانە ماددی و مەعنەوییانەی هەیە کە لە ئەنجامی پێشێلکردنی هەر ماف و ئازادییەکی کە لەم دەستوورەدا هاتوون ڕووبەڕووی دەبێتەوە.
سێیەم: دادگای مافەکانی مرۆڤ تایبەمەندە بە وەرگرتن و بڕیاردان لە داوای ڕێگرتن یان لابردنی پێشێلکاری و داوای قەرەبووکردنەوەی تایبەت بە ماف و ئازادییەکان.
چوارەم: دادگای مافەکانی مرۆڤ پشت بە دەقەکانی ئەم دەستوورە دەبەستێت بۆ وەرگرتن و یەکلاکردنەوەی داوای تایبەت بە ماف و ئازادییەکان.
پێنجەم: دەبێت بڕیاردان لەسەر داوای مافی قەرەبووکرنەوە لەسەر بنەمای دادپەروەری و سروشتی مافە پێشێلکراوەکە و جۆر و ڕێژەی ئەو زیانە بێت کە تووشی کەسە ماف پێشێلکراوەکە بووە.
شەشەم: داوای ڕێگرتن یان لابرنی پێشێلکاری و قەرەبووکردنەوەی تایبەت بە ماف و ئازادییەکان تەنها لە دژی دام ودەزگا و دامەزراوەکانی سەر بە دەسەڵاتەکانی هەرێم و لە دژی کەسی مەعنەوی بەرزدەکرێنەوە.
حەوتەم: داواکاری گشتی و کۆمسیۆنی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ و هەر کەسێکی تری مەعنەوی کە یاسا ڕێگەی پێدابێت دەتوانێت داوا (کەیس)ی تایبەت بە پێشێلکاری ماف و ئازادییەکان ئاڕاستەی دادگای مافەکانی مرۆڤ بکات.
4) لە بەشی دەسەڵاتەکانی دادوەری، دوو ماددەی تایبەت بە دادگای مافەکانی مرۆڤ دابڕێژرێت بەم شێوەیە:
ماددەی (00) : دادگای مافەکانی مرۆڤ بە یاسایەک دادەمەزرێنرێت.
ماددەی (00): دادگای مافەکانی مرۆڤ تایبەتمەند دەبێت بە وەرگرتن و یەکلاکردنەوەی داوای تایبەت بە ڕێگرتن یان لابردنی پێشێلکاری و داوای قەرەبووکردنەوەی پێشێلکاری ئەو ماف و ئازادییانەی کە لەم دەستوورەدا هاتوون.
5) نوسخەی کۆتایی پرۆژەی دەستوورەکە بدرێت بە لیژنەیەکی هاوبەش لە زمانزان و شارەزایانی یاسا هەتاوەکو لە ڕووی زمانەوانییەوە پاکنووسی بکەن.
بۆ دەرخستنی گرنگی ئەو پێشنیارانە، بەتایبەت سێیەم و چوارەم، ئەوە بەبیر هەموان دێنمەوە کە تەنها کاتێک ماف و ئازادییەکان بەرجەستە دەبن کە ڕێوشوێنێکی یاسایی بەهێز هەبێت بۆ ڕێگرتن و لابردن و قەرەبووکردنەوەی پێشێلکارییەکانیان. بۆیە زۆر گرنگە مافی داوای ڕێگرتن یان لابردنی پێشلکاری و داوای قەرەبووکردنەوەی تایبەت بە ماف و ئازادییەکان لە دەستووردا بچەسپێندرێن. بەهەمان شێوە زۆر پێویستە دامەزراندنی دادگای مافەکانی مرۆڤ بخرێتە دەستوورەوە. بە چەسپاندنی ئەو دوو بابەتە لە دەستووردا، کوردستان هەنگاوێکی گەورە دەنێت بەرەو زیاتر زامنکردنی ماف و ئازادییەکان. ئەگەر ئەو دوو مافە بدرێنە هاوڵاتیان و دادگایەکی تایبەت بە مافەکانی مرۆڤیش بکرێتە بڕیاردەر لەو داوایانەدا، ئیتر دامودەزگاو دەسەڵاتەکانی هەرێم و کۆمپانیا و کەسە مەعنەوییەکانی تریش ناچار دەکرێن هەم خۆیان لە پێشێلکاری لادەن و هەمیش قەرەبووی ماددی ئەو کەسانە بکەنەوە کە ماف و ئازادییەکانیان پیشێل دەکەن.
ئەمە کاریگەرترین شێوازی دەستوورییە بۆ پاراستنی ماف و ئازادییەکان. ئەو دوو مافی لابردنی پێشێلکاری و قەرەبووکرنەوەیە پەیڕەو کراوە لە سیستمی یاسای دەستوری نەریتی لە بەریتانیا و ئوسترالیا، لەلایەن دادگای باڵای ئەمریکا بە پشت بەستن بە دەستوور، لە کەنەدا لە ڕێگای ماددەی 24ی میساقی ماف و ئازادییەکانەوە و دادگای تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ، لە ئەوروپا لەڕێگای ماددەی 13ی میساقی ئەوروپی مافەکانی مرۆڤ و دادگای ئەوروپی مافەکانی مرۆڤەوە. خوازیارم داڕێژەرانی پرۆژەی دەستووریش، کوردستان بەو ئاڕاستە دروستەدا بەرن بۆ پاراستنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان.
توانا حەسەن
دکتۆرا لە یاسا
twanalaw@gmail.com