بە ناوی خوای گەورەو میهرەبان
بەداخەوە ئەمڕۆ جارێکی دیکە دەستی تیرۆر بە خوێنی ئازادیخوازانی کوردستان لە شاری (پرسوس)ی باکوری کوردستان سوور بوو، ڕێکخراوی تیرۆسریستی داعش لە ڕێگەی تەقینەوەیەکەوە (300) گەنجی لە سەنتەرێکی کولتووریی کردە قوربانی، کە بەنیازی بۆ پشتیوانی کردن لە خۆڕاگری کۆبانێ بەرەو ئەو شارە بەڕێبکەون. ئەم کردەوە ترسنۆکانەیە لە کاتێکدایە کە داعشەکان لەبەرەکانی جەنگ خۆیان لەبەردەم کوڕان و کچانی کورد دا ڕاناگرن و ڕۆژانە ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستانیان لێپاک دەکرێتەوە. ئێمە لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، ئەو کردەوە نامەردانەیەی داعش بە توندی مەحکوم و شەرمەزار دەکەین و دڵنیاین لەوەی ئەم جۆرە کارانە نابنە هۆی لاوزابونی ورەی بەرزی گەلەکەمان و بەپێچەوانەوە کوردی هەموو بەشەکانی کوردستان زیاتر سوردەکات لەوەی بگات بە ئامانجە دیموکراتییەکانی خۆی. لە خوای گەورە داواکارین شەهیدەکانی ئەم کارە تیرۆریستیە و سەرجەم شەهیدانی کوردستان بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و شیفای بریندارەکانیش بدات. سەرکەوتوبێت خەباتی ڕەوای گەلەکەمان، مردن و سەرشۆڕی بۆ تیرۆرستانی دژ بە مرۆڤایەتی.
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان
21-07-2015