دەتوانین لەسەر دوو ئاست قسە لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەی تورکیا و باکوور و ڕۆژئاوا و باشووری کوردستان بکەین، ئاستێکی ڕووکەش کە خۆی لەمانەدا دەبینێتەوە: هەڵوەشاندنەوەی یەکلایەنانەی پرۆسەی ئاشتی لە لایەن حکومەتی تورکیا و پەلاماردانی ئازادیخواز و چالاکانی مەدەنی لە باکوور، هێرشی سەربازی و بۆمبارانکردنی بارەگاکانی پەکەکە و خەڵکی مەدەنی، سووتاندنی باخ و گوند و بژێویی خەڵکی بناری قەندیل و هێرشکردنە سەر ئەزموونی خۆجێیەتی لە ڕۆژئاوا و هەوڵدان بۆ یەکنەگرتنەوەی کانتۆنەکان لەوێ و ڕاگەیاندنی ناوچەی قەدەغەکراوی سەربازیی فراوان لە باکوور، هەموو ئەمەش بە بیانووی ئەوەی گوایە P.K.K و H.D.P لەگەڵ پرۆسەی ئاشتیدا نین. بەکارهێنانی چەند کەناڵێکی میدیایی باشوور بۆ بڵاوکردنەوەی ئەم پڕوپاگەندەیە و یەکسانکردنی پ.ک.ک و دەوڵەتی ئیسلامی وەک دوو هێزی ترۆریستی کە بە داخەوە دەرکەوت لە باشوور گوێیەکی گوێڕایەڵ هەیە بۆ بیستنی ئەم ناڕاستی و پڕوپاگەندانە.
بەڵام لەسەر ئاستێکی قووڵتر ڕووداوەکان دەربارەی دۆزی کورد لە باکوورەوە بۆ باشوور و ڕۆژئاوای کوردستان، باس لە کۆمەڵێک مەترسیی گەورەتر دەکەن:
پێچەوانەی پڕوپاگەندەی باو و بیروبۆچوونی ڕەواجپێدراو کە گوایە حکومەتی AKP و ئەردوگان، پرۆسەی ئاشتییان سەر ڕێگە خستووە و ئەوە P.K.K و H.D.P ن لەگەڵ ئاشتیدا نین، ئەوەی ڕاستی بێت، وەرچەرخانێکی گەورە لە دونیابینی و لە خەباتی کوردان و سیاسەتمەداران و چالاکانی باکوور و سەرکردایەتی P.K.K دا لە چەندین ساڵ بەر لە ئێستاوە ڕووی داوە و جەختکردنەکە گواستراوەتەوە بۆ سەر پێداگیری لەسەر خەباتی سیاسی و مەدەنی بۆ بەدەستهێنانی بەشێک لە مافە بنەڕەتییەکانی نەتەوەیەک کە کەمایەتی نییە، بەڵکو نەتەوەیەکی بیست ملیۆنییە و بەگوێرەی گشت جاڕنامە و گەڵاڵەنامەکانی مافی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتیەکان دەبێت وەک نەتەوەیەک لە ناو خاکی خۆیدا ددانی پێدا بنرێت، نەتەوەیەک کە خوازیاری ئەوەیە لەتەک نەتەوەکانی دی بە ئاشتی بژی، ئاشتی نەک زەلیلی. ئاشتیی دەوێت، بەڵام بەو مەرجەی ددان بە مافەکانیدا بنرێت. گەریلاکان چەک دادەنێن، بەڵام ئەو کاتەی بە ڕەسمی و لە ڕێگەی دەستوورەوە زەمانەتی مافەکانی کورد دەکرێت. ئەوان ئاشتییان دەوێت لەتەک مافە بنەڕەتییەکانیاندا، لە کاتێکدا حکومەتەکەی ئەردۆگان چەندین ساڵە باس لە ئاشتی دەکات، بەڵام ئەوەی دەیخوازێت، بریتییە لە درێژەدان بە سیاسەتی خودی دەوڵەتی تورکیا کە خۆی لە ئینکارکردنی بوونی نەتەوەیەکدا دەبینێتەوە. ئەو حکومەتە خوازیاری تەسلیمبوونی خەباتگێڕ و ئازادیخوازانی کوردە لە باکوور، لای ئەوان ئاشتی یەک مانای هەیە، مەحفکردنەوەی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە تورکیا و ترۆرکردنی هەتاهەتایی خەونبینین بە کۆمەڵێک مافەوە، کە بێ ئەو مافانە مرۆڤی کورد نەک هاونیشتیمانیی پلە دووە، بەڵکو کەرامەتی ئینسانیی مرۆڤی کورد ناپارێزرێت و دەڕوشێت. کاتێک ئەوە بۆ حکومەتی تورکیا ئاشکرا دەبێت کە ئازادیخوازان و وڵاتپارێزان تەسلیم نابن و بە ئیرادەوە پێداگیری لە بەشێک لە مافەکان دەکەن، ئیدی نەخشەی جەنگێکی دیکە و پەلامار و ترۆرکردن و گرتن و ڕاوەدوونانی ئازادیخوازانی گەریلا جارێکی دیکە لەسەر مێزی نەگریسی سیاسەتمەدارانی تورکیا قوت دەکرێتەوە.
لای هەموان ئاشکرایە کە ڕژیمی تورکیا ئامادەییەکی گەورەی هەیە لە باشووری کوردستان، هەر لە ئامادەیی سەربازییەوە، کە سوپای تورکیا لە باشووری کوردستانە، تا ئامادەیی دەزگای هەواڵگری و ئامادەیی ئابووری، واتا سەدان کۆمپانیای تورکی لە باشوور لە خێر و بەرەکەت و سامانی ئەم وڵاتە دەبەن، بگرە ئابووریناسان و ڕۆژنامەنووسە بەویژدانەکانی تورکیا ئاماژە بەوە دەکەن کە جگە لەوەی کوردستانی باشوور بووەتە بازاڕێکی تورکی و ئەو داهاتەی لە ماوەی چەندین ساڵدا لە باشوور بە دەستی هێناوە، ئابووریی تورکیای بوژاندووەتەوە. ئەم ئامادەییە بێ کاریگەریی سیاسی نییە، واتا دانانی کاریگەریی سیاسی لە باشوور و دروستکردنی هێزی ئابووری و سیاسی کە پابەند بێت بە سیاسەتەکانی ئەنکەرەوە، ئەمە گورزی گەورەی لە دۆزی کورد داوە و لە دیدی تورکیاوە کوردی دابەش کردووە بۆ کوردی باش کە سەرقاڵی پڕوپاگەندەیە بۆ تورکیا و بە ئاشتیخواز لە قەڵەمی دەدا و کوردی خراپ کە کوردی باکوور و ڕۆژئاوایە و گوایە لێرە لە باشوور میوانە و جارجار داوا دەکرێت ئێرە جێ بهێڵێت. ئاخۆ دەبێت بە کەسێک یا هێزێک کە لە نیشتیمانی خۆیدایە، بگوترێت میوان؟ بەرزکردنەوەی ئەم دەنگە نەشازە یەکێکە لە کاریگەرییەکانی ئامادەیی تورکیا لە باشوور. P.K.K لە قەندیل پاڵی لێنەداوەتەوە و هیچ لە خێروبێری ئەم وڵاتەش سودمەند نەبووە، گەریلا لە شەنگال و کەرکووک و مەخمور دژ بە ترۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی دەجەنگێت و داکۆکی لە ژیان و نامووسی خەڵکی ئەم وڵاتە دەکەن و قەڵغانێکن دژ بە بەربەریەتی هاوچەرخ. لێدان لە P.K.K بە هەزار ڕایەڵ بەستراوەتەوە بە ترسی تورکیا لە دروستبوونی کیانێکی سیاسی لە ڕۆژئاوا. هەموومان دەزانین ئەزموونێکی بێئەندازە گرنگ لە ڕۆژئاوا لە حاڵەتی سەرڕێگەخستندایە، خەباتێکی مەدەنی-سیاسیی لێوانلێو لە کۆمەڵێک پرەنسیپ و بەهای گەورە لە گەشەکردندایە، پێکەوەژیانێکی مەدەنییانەی هاوچەرخی نێوان پێکهاتەکانی ڕۆژئاوا کە خۆی لە چەند کانتۆنێکدا دەبینێتەوە، لە نێوان کورد و عەرەب و مەسیحی و کەمایەتیی دیکە لە خۆنمایشکردندایە. ئەوەش دەزانین کە خەباتگێڕانی باکوور لە ڕۆژئاوا دەجەنگێن و شەهید دەکرێن، بە واتایەکی دیکە، بەستنەوەی خەباتی ئینسانی کورد لە باکوور بە خەباتی ئینسانی کورد و کەمە نەتەوەییەکانی ئەو ناوچانەوە، سەرکەوتنی حوکمی خۆجێی لە ڕۆژئاوا بە تایبەت لە حاڵەتی بەستنەوەی کانتۆنەکاندا بە یەکەوە کە خودبەخود دەروازەیەک بە سەر دەریادا دەخاتە سەر پشت و شکاندنی دۆستەکانی تورکیا، واتا دەوڵەتی ئیسلامی لە بەشێکی زۆری باکووری سوریا، هەموو ئەمانە ترسی گەورەی لای تورکیا دروست کردووە. واتا لە سەر ئاستێکی قووڵ دەتوانین بانگەشەی ئەوە بکەین لە لایەکەوە بەرخۆدانی مەدەنییانە و سەرهەڵدانی هۆشیاریی مەدەنی و سیاسی لە باکوور و ئەزموونی خۆجێیەتی کانتۆنەکان لە ڕۆژئاوا، بنەڕەتی گیروگرفتەکەن بۆ تورکیا. سەرگرتنی ئەم ئەزموونانە، واتا بەرەوپێشچوونی دۆزی کورد، ترسوبیمی تورکیا لەم دۆخە تازەیەی دۆزی کوردە، نەک ئەوەی کە P.K.K ئاگربەستی شکاندووە یاخود پرۆسەی ئاشتی ڕەت دەکاتەوە. لە لایەکی دیکەوە بنەڕەتی کێشەکە ئەوەیە چەند وڵاتێکی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانە سوریا و عێراق، لە حاڵەتی هەڵوەشانەوە و پارچەپارچەبووندان، ئەمەش لە نەخشەی جوگرافیای تازەدا هەلێکی گەورە بۆ نەتەوەی کورد دەڕەخسێنێت تا ئامادەگیی خۆی بسەپێنێت، بە مانای دروستبوونی هەلێکی گەورە بۆ سەرهەڵدان و دامەزراندنی کیانێکی سیاسیی سەربەخۆ بۆ نەتەوەیەکی گەورەی بێدەوڵەت، کە نەتەوەی کورده، واتە ڕاستکردنەوەی نەک هەڵە گەورەکەی سایکس-بیکۆ، بەڵکو پیلانە شومەکەی کۆڵۆنیالیزم لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
تورکیا زۆر بە باشی لەم ڕاستییە گەیشتووە، هەر بۆیە بەربنەمای ستراتیژێکی دوورمەودا کە ڕێگری بکات لە ڕوودانی ئەوە، دەستپیشخەری دەکات و هانا بۆ ئەمەریکا و خۆرئاوا دەبات، وەک ڕۆژنامەنووسێکی بەویژدانی تورک، بیگدێڵ دەڵێت "تورکیا بە ناتۆ و ئەمەریکا پێدەکەنێت و دەیانخەڵەتێنێت بەوەی گوایه شەڕی داعش دەکات" و دەیەوێت نەک P.K.K و داعش لە خانەیەکدا دابنێت، بەڵکو هەر کوردێک کە خواستی سەروەری و ئازادیی هەبێت، بە ترۆریست لە قەڵەم بدات.
شایانی سەرنجدانە کە ئەمەریکا وەک زلهێزێک کە بە تەواوی مانا لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا شکستی خواردووە و ڕۆژانە بەروبوومی شکستەکانی خۆی دەچنێتەوە، لە ئێستادا و لێرە جارێکی دیکە پشتی کردووەتە داخوازییە ڕەواکانی کورد، نەک ئەمە بە تەنها، بەڵکو گەمژانە خۆی لەو ڕاستییە دەبوێرێ کە ئێستا و لێرە تاکە هێزێک دژ بە ترۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی بجەنگێ، هێزی پێشمەرگە و شەڕڤان و گەریلاکانی کوردن. ئەمە نەک ناپاکییەکی دیکەی ئەمەریکایە دەربارەی کورد و مافە ڕەواکانی، بەڵکو شکستێکی دیکەشە دەچێتە سەر خەرمانی شکستەکانی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
ئێمە لەم دیدەوە و لە بەرپرسارێتیی نەتەوەییمانەوە دەڵێین: ڕووداوەکان سکپڕن بە ئەگەری ترسناک، لە هەمان کاتیشدا بە ئەگەری ئەرێنی. ئەوە ئێمەین، ئیرادەی ئێمەیە، ئیرادەی ژیاندۆستی و چاوبڕینمانە لە سەروەری کە دەتوانین گوێ لە بانگی ڕووداوەکان بگرین و کێشە و پرسەکان بەو شاڕێگەیەدا بەرین، کە دەبنە مایەی هێنانەدیی خەونە نەتەوەییەکانمان کە خۆیان لە سەروەری و ئازادیدا بەیان دەکەن، بەو مەرجەی وریا ببینەوە و ئاستی هۆشیاریمان بەرینە ئاستی ئەگەرەکان. ئەگەر نا، جارێکی دیکە و بۆ سەد ساڵی دی دەبینەوە کۆیلەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.
ئێمە وەک سێ دامەزراوەی فیکری و فەرهەنگی هەست بە مەترسییەکان دەکەین و کێشەکان لەسەر ئاستی ڕووکەشی ڕووداوەکان نابینین و باوەڕیشمان بەو دابەشکردنە حیزبییە ماڵکاولکەرە نییە کە پەیڕەو دەکرێت. ئێمە لە باکوورەوە بۆ باشوور و لە خۆرهەڵاتەوە بۆ خۆرئاوا کورد وەک نەتەوەیەک دەبینین، دۆزەکە دۆزی هیچ دەستەوتاقمێکی حیزبی نییە، دۆزی ڕەوای نەتەوەیەکی گەورەیە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئێمە وەک بەشێک لە ئەرکی سەرشان و هەستکردنمان بە بەرپرسیارێتی، بە توندی ئیدانەی تورکیا و دەستێوەردانەکانی و ڕەشەکوژییەکانی بۆ سەر نەتەوەی کورد دەکەین و هێزە کوردییەکانیش ئاگادار دەکەینەوە کە هۆشیارییەک لە سەرهەڵداندایە، کە بە باشی دەتوانێت پێناسەکانمان بۆ بکا و گەر واز لە ناوچەگەری و مێنتەڵیتیی خێڵ و قەبیلە و بەرژەوەندیی بەرتەسکی حیزبایەتی نەهێنن، لە داهاتوویەکی نزیکدا قۆڵی لێ هەڵدەماڵین و لە ڕێگەی چالاکیی دیکەوە بۆ ڕیسواکردنی ئەو سیاسەتە دژ بە کوردەی خۆی مانیفێست دەکات، تیدەکۆشین.
خانەی حیکمەت بۆ لێکۆڵینەوەی فەلسەفی
ماڵی سوهرەوەردی بۆ لێکوڵێنەوە لە ئایین و ئەفسانە
ناوەندی غەزەلنووس (ناوەندێکی کولتووریی گشتییه)
08-08-2015