کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان..
ئەندامان.. دۆستان و لایەنگرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
فراکسیۆنەکەتان، بەمەبەستی هەمواری یاسایی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، خاوەن پرۆژەی (ی.ن.ک)ە لەپەرلەمانی کوردستان، کە ئێستا ڕاپۆرتی لیژنەی یاسایی لەدوای تێکهەڵکێشکردنی لەگەڵ پرۆژەی لایەنەکانی تر، ئامادەکراوەو دراوەتە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان.
وێڕای پشتیوانیمان لەگفتوگۆ و سازانی نێوان لایەنە سیاسییەکان، بەمەبەستی هێنانەدی کەشێکی ئارامو پاراستنی دەستکەوتەکانی میللەتەکەمان، دووپاتیدەکەینەوە، کە پەرلەمانی کوردستان مەرجەعی شەرعیو یاسایی یەکلایکردنەوەی سەرجەم پرسەکانە، بۆیە ئێمە پابەندبوونی خۆمان، بەپرۆژەکەی یەکێتیی نیشتمانیی، لەپەرلەمانی کوردستان دووپاتدەکەینەوەو ڕادەگەیەنین: ئامادەی تەواوکردنی هەموو ڕێکارە یاساییەکانی داهاتووین، وەک چۆن لەڕابردوودا، هەنگاوی جدیمان ناوە..
داواکاریشین سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، پێش دروستبوونی بۆشایی یاسایی، ڕێکارە پێویستەکان بگرێتەبەرو هەمووان بەیەکەوە سیستمی پەرلەمانی لەهەرێمی کوردستاندا، بچەسپێنن.
فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەپەرلەمانی کوردستان
11-08-2015