ناوی تەواوی (بەکر سڵێمان فەتحوڵڵا کاوێس مەلاک). ناسراو بووە بە (بەکر ڕەشاش).
ساڵی 1957 لە گوندی (#ئیلنجاغی گەورە# )ی دەڤەری (#کۆیە#) لەدایک بووە. خوێندنی سەرەتایی لە گوندی (ئیلنجاغی گەورە) تەواوکردووە و قۆناغی ناوەندی لە شاری (#تەقتەق#) تەواوکردووە. ساڵی 1971-1972 پەیوەندی بە (یەکێتی قوتابیانی کوردستان) کردووە. بۆتەواوکردنی خوێندنی ئامادەیی ڕوو لە (قەڵادزە) دەکات، بەڵام بەهۆی بۆردومانەکەی سەر شاری #قەڵادزێ#ی ساڵی 1974 دەست لە خوێندن هەڵدەگرێت و دەبێتە پێشمەرگە لە (تۆپخانەی شۆڕش) تا نسکۆی شۆڕش لە ساڵی 1975، هەر لەوساڵەدا دەچێتە وڵاتی (ئێران) ساڵی 1976 دەگەڕێتەوە و دەچێتە (ئامادەیی کۆیەی کوڕان) بۆ تەواوکردنی خوێندن، بەڵام چاودێریەکی تووندی ئەمنی ڕژێمی عێڕاقی بەسەرەوە بووە و چەندین جار بانگی دەکەن بۆ لێکۆڵینەوە بۆیە بەناچاری خوێندن بەجێدەهێڵێت و دەبێتە سەرباز لە سوپای عێڕاقی، ساڵی 1978 پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانی (#کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان# ) دەکات. ساڵی 1980 پەیوەندی بە هێزی پێشمەرگەی کوردستانەوە دەکات لە سنووری دەشتی #هەولێر# دەبێتە پێشمەرگە کەپێی دەوترا هەرێمی (8)ی دەشتی هەولێر لە چەندین شەڕ و نەبەردیدا بەشداری دەکات و ڕۆڵی جوامێرانە دەبینێت هەر بۆیە لەلایەن (شەهید مولازم سەید کەریم)ەوە زوو دەناسرێت و پلەی (فەرماندەی مەفرەزە)ی پێدەدرێت. لەگەڵ پێکهێنانی تیپی 86ی دەشتی هەولێر پاش ماوەیەک دەکرێتە جێگری کەرتی 2ی تیپەکە کە ئەوکات شەهید (ئەحمەد قەمبەری) فەرماندەی کەرتەکە بووە، دواجار لە شەڕێکدا لەگەڵ جەیش و جاش لە دەشتی (قەرەسالم) کەناری زێی بچووک دوای ئەوەی گورزێکی باش لەدوژمن دەوەشێنن لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ سنوورەکەی خۆیان سنووری تیپی 86ی دەشتی هەولێر لە زێێ بچووکدا لە شەوی 22-09-1982 بەکارەساتێک لە زێی بچووکدا خنکا و چووە کاروانی شەهیدانەوە و لە گۆڕستانی گوندی (ئیلنجاغی گەورە) بەخاک سپێردراوە.