وەک هەموو لایەک ئاگادارن بەهۆی دروستبوونی قەیرانی سەرۆکایەتی هەرێمەوە ئەمڕۆ باشووری کوردستان بە دۆخێکی ناهەمواردا گوزەر دەکات.. دۆخێکی نەخوازراو کە هەموو چین و توێژەکانی گیرۆدەو شەکەت کردووە. ئەمە سەرەڕای ئەو دەیان کێشەیەی بەهۆی ململانێکانی نێوان حکومەتی هەرێم و ناوەندو شەڕی تیرۆریستانی داعش و قەیرانی داراییەوە بەرۆکی هاوڵاتیان و خەڵکی هەژارو بەشمەینەتی ئەم هەرێمەی گرتووە.
لە کاتێکدا کە زیاد لە هەر کاتێکی تر پێویستمان بە یەکڕیزی و تەبایی و برایەتی و دەستگرتن بە پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی میللەتەکەمانەوە هەیە، بەداخەوە خەریکە ململانێی سیاسی نێوان حیزب و لایەنەکان بە ئاراستەیەکی خراپ و ترسناکدا بڕوات، کە هیچ کەسێک خوازیاری نییە.
ئەنجومەنی زانکۆی سلێمانی وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و مرۆیی و نیشتمانی بەپێویستی دەزانێت داوا لە سەرکردایەتی سیاسی کورد بکات، بەشێوەیەکی یاسایی چارەسەری کێشەکانی نێوانیان بکەن و چیتر لەپێناو بەرژەوەندی خۆیاندا بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان نەخەنە مەترسییەوە.
هەروەک پێویستە هەموو توێژە کاریگەرەکانی کۆمەڵگە قسەی جدی لەسەر ئەم دۆخە ناهەموارە بکەن و فشار لە لایەنەکان بکەن، ململانێ و چارەسەری کێشەکانیان ببەنەوە پەرلەمان. بەتایبەت مامۆستایانی زانکۆو ڕۆشنبیرو هونەرمەندو چالاکوانی کۆمەڵگای مەدەنی پێویستە فشارەکانیان بەو ئاراستەیە بێت کە نەهێڵن گفتوگۆی نێوان لایەنەکان بگاتە بنبەست و مەترسی خراپبوونی ڕەوشەکه زیاتر بێت.
لەلایەکی ترەوە وەک تێبینیمان کردووە ئەوەی زۆرجار دۆخی دەروونی هاوڵاتیان زیاتر دەشێویێنت و توشی ترس و دڵەڕاوکەیان ئەکات، ئەو مامەڵە خراپەی هەندێک لە میدیاکارانە لەگواستنەوەو ڕووماڵی هەواڵەکاندا، کە بەداخەوە زۆرجار کاریگەری نەرێنی جێدەهێڵێ.. هەربۆیە پێویستە دەگاکانی ڕاگەیاندن و میدیاکارانی کوردستان بە ئەمانەتەوە ڕووماڵی ڕوداوەکان بکەن و بە گیانی دەروەستی و بەرپرسیارێتییەوە هەواڵ و بابەتەکانیان پەخش بکەن.
هەروەک بەشێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەهۆی بوونی ئازادی ڕەها لە بەکارهێنانداو ڕەچاونەکردنی هەستیاری دۆخەکە، بەشێوەیەکی خراپ و نادروست ئەو تۆڕانە بەکاردەهێنن، بۆ کەمکردنەوەی ئەم جۆرە حاڵەتانەو دروست بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پێویستمان بەهۆشیارییەکی زیاتری سیاسی و بەرپرسیارێتی کۆمەڵایەتی و یاسایی هەیە.
لەکۆتاییدا داوا لە سەرکردەی لایەنە ناکۆکەکان دەکەین کە بەگیانێکی نیشتمانپەروەرانەوە وەک پێشمەرگەی کوردستان لە سەنگەرێکدا مامەڵە بکەن و ئەرک و بەرپرسیارێتی ئەم قۆناغە هەستیارە لە ئەستۆ بگرن.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی زانکۆی سلێمانی
17-08-2015