ئەحمەد بەهرامی
ئەم کتێبە زیاتر لە 7500 پەندی پێشینیانی بە شێوەی پەند و هۆنراوە لەخۆگرتووە کە هەرکام لەو پەندانە، لە بەیتێک یا دوو تاکە بەیتدا، دەقاودەق دانراوە و بە پێی توانا، مەبەستی پەندەکەش شیکراوەتەوە.
ئەم کتێبە، بەرهەمی 32 ساڵ هەوڵی بێ وچانی نووسەر و شاعیر، ئەحمەدی بەهرامی (ژاکاو)ە و لە سەر ئەرکی زانکۆی کوردستان و لە ژێر چاودێری توێژینگەی زمان و کەلتووری کوردی ئەو زانکۆیەدا لە لایەن "ناوەندی چاپ و بڵاوکردنەوەی کتێبی نیشتمان"ەوە لە شاری "سنە" چاپ کراوە.
نووسەر ساڵی 1333ی کۆچی هەتاوی (1954ز)، لە ناوچەی مەریوان لە دایک بووە و جگە لە کۆمەڵێک دیوان و نامیلکەی شیعر، چەندین بەرهەمی بە شیعر، بۆ مناڵان چاپ و بڵاو کردۆتەوە و ئێستە مامۆستای خانەنشینە و دانیشتووی شاری مەریوانە.
ئەمە یەکەمجارە ژمارەیەکی هێندە فراوان پەندی پێشینیان لە دووتوێی کتێبێکدا چاپ بکرێت و هەموو پەندەکانیش بە شێوەی شیعر بهۆنرێتەوە.
بێگومان ئەم کتێبە گۆشەیەکی نادیاری ئەدەبی کوردی ڕووناک و کەلێنێکی کتێبخانەی گەلەکەمان پڕ دەکاتەوەو وێنەی ئاوێنەیەکی باڵانوێن، ژینی ئێستا و ڕابوردوومان دەخاتە پێش چاو و ئارەزووی چەندین ساڵەی شەیدایانی وێژە و فۆلکلۆری کوردەواری دەهێنێتە دی..
کتێبێکی نایاب و بێ وێنەیە
فەرهەنگێکی دەگمەنە بۆ پەندی پێشینیان و فولکلۆری کوردی