راگەیاندراوێکک لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێرەوە
دوای ئەوەی لە شەوی (24-25-08-2015) کاتژمێر (12:39)، بەهۆی ڕووداوێکی هاتۆچۆوە لەسەر ڕێگای هەولێر خەبات، فەرماندە (فەرەیدون جوانڕۆیی) و یەکێک لە پاسەوانەکانی شەهید دەبن و دوو پاسەوانی دیکەش زامدار دەبن کە ئۆتۆمبێلێکی سەربازی درع خۆی پێداکێشابوون.
دوای کردنەوەی دۆسیەی لێکۆڵینەوە و وەرگرتنی وتەی شاهێدانی ڕووداوەکە و پشتبەستن بە کامێرای چاودیری نزیک لە شوێنی ڕووداوەکە، دەرکەوت کەوا لە سەرەتای ڕووداوەکە ئۆتۆمبێلکی جۆری لاندگرۆز سپی بەدوای ئۆتۆمبێلی شەهید (فەرەیدون جوانڕۆیی) دەبێت لە کاتی گەڕانەوەی بۆ میحوەری خازر کە ئۆتۆمبێلەکە دوای هەوڵدانێکی زۆر پێشیان لێ دەگرێتەوە و دوای ئەوەی دەکەوێتە نزیک ئۆتۆمبێلی شەهید (فەرەیدون) تاوانباران تەقەی لێدەکەن، ئینجا شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەی شەهید فەرەیدون هەوڵدەدات بە هەر شێوەیەک بێت خۆی دەرباز بکات، بۆیە ڕێڕەوی ئۆتۆمبێلەکەی دەگۆڕێت.
لەهەمان کاتدا ئۆتۆمبێلێکی جۆری درعی سەربازی کە ئەویش هی تاوانبارەکانە ڕووبەڕوو خۆی پێدا دەکێشێت و لە ئاکامدا ئۆتۆمبێلی شەهید (فەرەیدون) ئاگر دەگرێت و دەبێتە هۆی شەهیدبوونی.
دواتر توانرا تاوانبارەکان دەستنیشان بکرێن و دەستگیر بکرێن کە پێکهاتوون لە پێنچ کەس بەناوەکانی (ب. ع. م)، (ح. ع. م)، (م. ع. ا)، (یـ. ع. ا) و (ن. ص. ب)، کە هەرپێنجیان سەر بە خانەوادەی (ص. ص. ع)ن و دووژمندارن لەگەڵ خانەوادەیەک بەناوی (ن. ع)، بەپێی وتەی خۆیان، وایانزانیوە دوژمنەکەیانە، بە گوللە هێرشیان کردۆتە سەر ئۆتۆمبێلی شەهید (فەرەیدون جوانڕۆیی) و دواتر بە ئۆتۆمبێل خۆیان پێدا کێشاوە.
دوای وەرگرتنی وتەیان هەرپێنجیان دانیان نا بە تاوانەکەیان. بەڕێز دادوەری لێکۆڵینەوە بریاری دا بە بەندکردنیان بەپێی ماددە (406) لە یاسای سزادانی عیراقی.
ئێستاش تاوانبارەکان بەندن و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە بۆ گەیشتن بە سزای خۆیان.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر
06-09-2015