$ژیاننامە$
ساڵی 1933 لە #هەولێر# لەدایکبووە و خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە هەولێر و دواناوەندیشی لە بەغدا تەواوکردووە. ساڵی 1958 کۆلێژی مافی تەواوکردووە و لە سەرەتای ژیانییەوە لەڕیزەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورددا کاریکردووە و وەک تێکۆشەرێکی ناو ڕیزەکانی #پارتی دیموکراتی کوردستان# دەستی بە خەبات کردووە و هەر لەوێشەوە دۆستایەتی لەگەڵ #مام جەلال# دەستپێکردووە.
$چالاکی$
شەمسەدین موفتی وەک شۆڕشگێڕێک لە #یەکێتیی قوتابییانی کوردستان#ەوە دەستی بە خەباتکردووە و ساڵی 1954 لقی هەولێری یەکێتیی قوتابییانی کوردستانی دامەزراندووە و بۆ ماوەیەکیش سەرۆکی ئەو یەکێتییە بووە کە ئەو کات هەڤاڵ مام جەلال سکرتێری ڕێکخراوەکە بوو.
لەپاش شۆڕشی 14ی تەمموز بووە نوێنەری خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی و پارێزەری بارزانییەکان بۆ نیشتەجێکردنیان لە هەولێر، هەروەک یەکێکیش بووە لەو 10 کەسەی کە بەشێوەیەکی ڕەسمی مۆڵەتی بۆ پارتی وەرگرتووە.
ئەو ماڵەکەی لە بەغداش ببووە حەشارگەی شۆڕشگێڕان و تێکۆشەرانی وەک مام جەلال و د. عەبدولڕەحمانی #قاسملۆ#.
بەرلەهەڵگیرسانی شۆڕش بەچەند مانگێک دەچێتە شاخ بە مەبەستی ئامادەکاری و ڕێکخستنی نهێنی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێک، بۆیە بەپێنج مانگ بەرلەهەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول فەرمانی گرتنی لەلایەن حکومەتی قاسمەوە بۆ دەرچوو.
ئەو هەمیشە دەیوست وەک سەربازێکی ون ئەرکە نیشتمانی و نەتەوەییەکانی ڕابپەڕێنێت بەبێ ئەوەی ڕابگەیەنرێت یان باسبکرێت، بۆیە تا کۆتایی ژیانی نموونەی مرۆڤی ڕاستگۆو خۆشەویستی گەلەکەی و هەمیشە کەسایەتییەکی بەڕێز و نزیکبوو لەخەڵکانی زەحمەتکێشەوە بەتایبەتیش جووتیاران.
شەمسەدین موفتی پێشتر ئەندامی پەیوەندییەکانی دەرەوە و نوێنەری شۆڕش بوو لە تاران، پاش نسکۆی شۆڕشی ئەیلول ئیرادەی بەرگریکردن لە ناخی ئەودا چەسپی بوو، لەبەر ئەوە زۆر ئەکتیڤانە بەشداریکرد لەڕێکخستنەوەی ڕیزەکانی بزووتنەوەی کوردایەتی و لە ڕێگەی دۆستایەتییەوە لەگەڵ مام جەلال-دا بەشداریکرد لە پشتیووانیکردنی هەوڵەکان و کارکردن لە پێناو ئەرکە شۆڕشگێڕییەکاندا و دووبارە ڕاگەیاندنی شۆڕش لە ساڵی 1976.
لە ساڵی 1977دا پەیوەندیکرد بەڕیزەکانی شۆڕشەوە، ئەو نەمرە لەو کەسانەبوو کە هەمیشە بانگەشەی یەکێتیی ڕیزەکانی گەلی کوردی دەکرد.
لە دوای ڕاپەڕینی 1991 سوودی لەپتەویی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەرجەم هێزەکانی گۆڕەپانی کوردایەتی وەرگرتووە و ڕۆڵی گرنگی هەبوو لەهەڵبژاردنی پەڕڵەمان و پێکهێنانی حکومەتدا و چەندین جاریش لەلایەن یەکێتی و پارتییەوە داوایلێکراوە بۆ ئەوەی پۆستێک قبووڵبکات، بەڵام ئەو هەمیشە پێی باش بوو وەک کەسایەتییەکی دڵسۆز بۆ کوردەواری و کوردایەتی بەشداری لەپڕۆسەی سیاسیی کوردستاندا بکات.
بەداخەوە لە ڕۆژی #05-09-2012# لە هۆڵەندا بەهۆی نەخۆشییەوە کۆچی دواییکرد.[1]