ڕۆژنیوز - زاگرۆس ڕۆژهەڵات
فیدراسیۆنی پەنابەران ئاشکرای دەکات کە ڕێژەی کۆچبەری لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ هەندەران زیاتر بووە و تا ئێستاش 35 کەس لەوانە لە ئاوەکاندا خنکاون. ئەمڕۆ دووشەمە 08-09-2015 ئەندامی فیدراسیونی سەرانسەری پەنابەرانی عێراقی - لقی کوردستان (دەشتی جەماڵ) لە هۆڵی سینەما دڵشاد لە ڕاند گەلەری شاری سلێمانی، سەبارەت بە کۆچکردنی گەنجان بۆ دەرەوەی وڵات لێدوانێکی چاپەمەنی دا. ناوبراو سەبارەت بە هۆکاری کۆچ کردنی گەنجانی هەرێم ڕوون کردنەوەی داو و ڕایگەیاند:" هۆکاری سەرەکەی ئەم لێشاوی کۆچەی دەستی پێکردووە و ڕووکردنیان بۆ ئەوروپا، بۆ ئەو گێژاوە سیاسیەی ئێستای هەرێم و بێ بەرپرسیارەتی و بایەخنەدانی کاربەدەستانی حکوومەتی هەرێم بە ژیان و ئایندەی خەڵک دەگەرێتەوە". هەروەها وتی:'' لە ژمارەی کە تاکوو ئێستا کۆچیان کردوە 35 کەسیان لە ئاوەکاندا خنکاون. هۆکارێکی تری زیادبوونی کۆچکردن لە ماوەی دووساڵی ڕابردوودا مەترسی کۆنەپەرستانی داعشە، هاوکات لە گەڵ ئەمەدا دەسەڵاتداران و حیزبە بێ بەرپرسیارەکانی هەرێم کە زیادتر لە 24 ساڵە ژیان و ئایندەی خەڵکی کوردستانیان داوتە دەستی قەدەر بوونەتە هۆکاری نائومێدی لە نێو دانشتوانی هەرێمدا. خەڵک هیوایەکیان بە پلان و پرۆژەی لایەنە دەسەڵاتدارەکان نەماوە، لەبەر ئەوەش ڕۆژانە بە سەدان گەنج هەرێمی کوردستان جێدەهێڵن. دەشتی جەمال ڕوونی کردوە کەلە سەدا 80 ی ڕێژەی ئەو کەسانەی هەرێم بە جێدێڵن و پەنابەردەبن گەنجن، لە سەدا 20یان خێزانن. لە ماوەی نێوان دوو مانگدا زۆربەی ئەو کەسانەی پێوەندیان بە ئێمەوە کردووە بە خێزانی هاتوونەتە دەرەوە. دەشتی جەماڵ لە کۆتایی لێدوانەکەیدا ئاشکرای کرد کە لە 11 گرتووخانەی جیاوازی ئەوروپادا 20 گرتووی خەڵکی هەرێمی کوردستان هەن، کە ئێمە پێداگریمان لە سەر ئیش و کاریان کردوە و لەماوەی 11مانگدا لە لەندەن تەنها 350 کەس پەیوەندیان بە نووسینگەکەمانەوە کردووە. فدراسیونی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی- لقی کوردستان پرۆژە بڕیارێکی چارەسەرکردنی کێشەکانی پەنابەرانی دیپۆرتکراوەی ڕادەستی پەرلەمانی هەرێم کردووە کە بریتیە لە 16خاڵی چارەسەری. تیایدا تێشک خراوەتە سەر زۆرتر بایەخدان بە دانیشتوانی هەرێمی کوردستان و باشترکردنی خزمەتگوزاریەکانیان.