ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی حەوت ملیار دۆلاری کۆمپانیا ناوخۆی و بیانیاکان قەرزارە.
دڵشاد شەعبان، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی بە خەندانی ڕاگەیاند: "دوێنێ 9ی ئەیلولی 2015، لەگەڵ هەندێک لە پەرلەمانتارانی فراکسیۆنە جیاجیاکان سەردانی ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانمان کرد".
وتیشی: "وەزیری سامانە سروشتیەکان ڕوونیکردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان 20 ملیار دۆلار قەرزار نییه و ئەوەی دەوترێت دوورە لە ڕاستیەوە".
ئەوەشی خستەڕوو: "ئەوەندەی من بەدواداچوونم بۆکردووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان نزیکەی حەوت ملیار دۆلاری کۆمپانیا ناوخۆیی و بیانیاکان قەرزارە، کە وابڕیارە ئه و پارەیەش بە نەوت بدرێتەوە".
ئاشکراشیکرد: "ئەگەر حکومەتی هەرێم 20 ملیار دۆلار قەرزی کردبێت، دەبوایە ئێستا ژیانی هاوڵاتیان لەم دۆخەدا نەبوایە".
- 10-09-2015