وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تائێستا هیچ حاڵەتێکی نەخۆشی کۆلێرا لە هەرێمی کوردستان تۆمارنەکراوە و ژمارەی سکچوونیش کەمی کردووە.
دوای بڵاوبونەوەی هەواڵی سەرهەڵدانی نەخۆشی کۆلێرا لە ژمارەیەک لە پارێزگاکانی ناوەڕاستی عیراق، وەزارەتی تەندروستی ڕێوشوێنی پێویستی گرتەبەر، له و چوارچێوەیەشدا ئەمرۆ چوارشەممە 16ی ئەیلولی 2015، لە دیوانی وەزارەت د. ڕێکەوت حمە ڕەشید، وەزیری تەندروستی بەئامادەبوونی بەرێوەبەرانی گشتی کاروباری تەندروستی و دیوان لەگەڵ بەرێوەبەری ئاراستنی تەندروستی فەرمانگە تەندروستیەکانی هەرێم کۆبووەوە.
لە کۆبونەوەکەدا تاوتوێی چۆنیەتی پێشگرتن لەم نەخۆشیەکرا لە هەرێمی کوردستان، مەترسی ئەگەری سەرهەڵدانی کۆلێرا لە هەرێمی کوردستان زیاتر دەبێت بەهۆی بڵاوبونەوەی لە بەشیک لەناوچەکانی خواروی عیراق و زۆری ژمارەی پەنابەران لە کوردستان، هەروەها داوا لە ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی کرا زیاتر هاوکاری وەزارەتی تەندروستی بێت بۆ سەرخستنی ئه و پلانەی کە دایناوە بۆ ڕێگری کردن لەکۆلێرا و سکچوون.
هەر لەکۆبونەوەکەدا وەزیری تەندروستی بڕیاریدا بە دووبارە کاراکردنی لیژنەکانی پاراستنی تەندروستی لە بەرێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستی بە ئەندامیەتی بەرێوەبەرایەتییەکانی ئاو و وەزارەتی شارەوانی بۆ سەردانی کردنی و چاودێری کردنی شوێنە گشتیەکان و مەلەوانگەکان بەتایبەت لەدابینکردنی کحولی ئاو لە بیرەکان و سەرچاوەکانی تری ئاو.
دواتر لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا د.رێکەوت حمەرەشید، وەزیری تەندروستی ئاماژەی بەهەوڵەکانی وەزارەت کرد بۆ پێشگیری لەنەخۆشی کۆلێرا و سکچوون کە خۆشبەختانە لە ئیستادا هیچ حاڵەتیک تۆمارنەکراوە، هەروەها داوای لە پارێزگاکان و بەرێوەبەری ئاو و وەزارەتی شارەوانی کرد بۆ بەدوادچوون و چاودێری هەماهەنگی لەگەڵ تیمە پزیشکیەکان بکەن.
هاوکات وەزیری تەندروستی دڵنیایی دایە هاوڵاتیان کە هیچ حاڵەتێکی کۆلێرا تۆمارنەکراوه و داوای لێکردن ئاو و خواردن و سەوزەی خاوێن بەکاربهێنن بۆئەوەی دووربن لە نەخۆشی کۆلێرا و سکچوون.
- 16-09-2015