کوورتەیەک دەربارەی مێژووی کوردستانی سوور و قەفقازیا:
شەدادییەکان- دەوڵەتی کوردی لە قەفقاز، لە قۆناغی ڕووخانی خەلافەتی عەرەبیدا 951ز، پلەوپایەی والی ویلایەتی ئەرمینیا بە پایتەختەکەی (دوین) ەوە، لە دەستپێکی ساڵی 967ز وردەوردە بەهێز بوو، هەروەها شەدادییەکان فەرمان ڕەوایی ناوچەی ئاران و (گەنجە) ی پایتەختیان کردووە، کە پێشتر لەژێر ئیدارەی والی عەرەبی ویلایەتی ئەرمینیادا بوو، کە دوای داگیرکاری سەلجوقییەکان بۆ قەفقاز بوون بە شوێن کەوتووانیان، لە ساڵی 1072ز بوون بە پاشکۆی پاشایەتی (بەغراتیت) ئانیسییەکان، پێکەوە ئیمارەتی ئانیسییەیان لە ناوەڕاستەکانی سەدەی پێنجەمدا درووست کرد، لەژێر فەرمان ڕەوایی سالارییەکان (گەنجە) بوو بە پایتەختی نەوەی کوردی شەدادی، لە ماوەی فەرمانداری (فچلون 1030-895) ز، (گەنجە) بەهێزتر بوو، لێرەدا شەدادییەکان قەڵایان درووست کرد، لەگەڵ کۆشک و شوێنی حەوانەوەی قافڵەکانی (خان) و دەستیان کرد بە سەکی دراو و لە دەوروبەری شارەکەدا قەڵای نوێ و تۆکمەیان دامەزراند، لە ساڵی 1063ز دا دەروازە ڕازاوەکانی (گەنجە) درووست کران، بە گۆڕانی (گەنجە) بۆ ناوەندێکی بەهێز و گەورە، ڕووبەرەکەیشی فراوان بوەوە و گەڕەکی بازرگانی و پیشەسازی نوێی تیا درووست کرا، ئاوریشم و پیشەسازی ئاوریشم سەرنجی نەک تەنیا کڕیاری ناوخۆیی بەڵکوو بیانیشی ڕادەکێشا، وەکوو ئاشکرایە فەرمانداری کورد (سەڵاحەدینی ئەیوبی) ، کە دژی خاچپەرستەکان بەرگری لە جیهانی ئیسلامی دەکرد، بە ڕەگەز سەر بە هۆزی (ڕەواد) ییەکان بوو.
(بهاءالدین بن شداد) سکرتێری تایبەتیی سەرکردەی مەزن لە پەرتووکەکەیدا نووسیویەتی: (باوکی سەڵاحەدین لە دوین لە دایک بووە) ، هەروەها (ابن الاسیر) کە یەکێک بووە لە هاوچەرخەکانی (سەڵاحەدینی ئەیوبی) لە بارەی پێگەی جوگرافی (دوین) ەوە دەڵێ: (باو و باپیرانی سەڵاحەدین لە دوینەوە، کە کەوتۆتە ئازەربیجانەوە، کۆچیان کردووە بۆ ئێراق بۆ لای (مجاهدی بەهرۆزی) ، کە دواتر باوکی (سەڵاحەدین) یان وەکوو بەرپرسی قەڵای تکریت دەست نیشان کردووە.
لە ڕاستیدا باوکی (سەڵاحەدین) لە (دوین) لە دایک بووە و ئەیوبییەکان و شەدادییەکانیش لە نەوەی ڕوادییەکان بوون، ئەمەش وامان لێدەکات باوەڕ بە بوونی پەیوەندییەکی نزیکایەتی لەنێوانیاندا بکەین. وەک پێشتریش ئاماژەمان بۆ کرد، کە شەدادییەکان لە ڕەچەڵەکدا سەر بە (دوین) بوون، وەکوو زانراویشە دایکی شاعیری گەورەی ڕۆژهەڵات (نیزامی گەنجەوی) ، کە هەموو ژیانی لە (گەنجە) بەسەر بردووە، بە ڕەچەڵەک سەر بە نەوەی ڕەوادی بووە، (نیزامی گەنجەوی) یش لە پێشەکی داستانی (لەیل و مەجنون) ەکەیدا باسی ئەوەی کردووە کە دایکی کچی سەرکردەیەکی کورد بووە.
فەرمان ڕەوایی شەدادییەکان کە نزیکەی هەموو قەفقازیای گرتبووەوە بۆ ماوەی 113 ساڵ بەردەوام بوو، لەو ماوەیەشدا شەدادییەکان فەرمانڕەوای (ئاران، نەخیتشڤان، گەنجە، بارد، دوبەیل و بەیلکان) بوون.
ناوچەی یان هەرێمی کوردستانی ناسراو بە (کوردستانی سوور) ، بە زمانی ئازەریش (قزل کوردستان) بریتییە لە یەکەیەکی ئیداری لە چوارچێوەی ئازەربیجانی سۆڤیەتیدا، لە ساڵی 1923ز دامەزراوە تا ساڵی 1929ز، سەرەڕای ئەوەی کە زۆربەی دانیشتووانەکانی کورد بوون، بەڵام هەرێمی کوردستانی نەیتوانی ئۆتۆنۆمی بۆ خۆی دابڕێژی.
دابەشبوونی ئیداری:
ناوەندی یەکەی ئیداری- شاری لاچین بوو (تا ساڵی 1923ز لە ڕووی ئیدارییەوە- گوند بوو- لە ساڵی 1926ز ناوی لێنرا (ئابادەلیار) ، دابەشی سەر شەش بەڕێوبەرایەتی کرابوو: قەرەقشلاق، کالباجار، قوباتلنی، قوتورلی، کورد-گەنجی، و مراد هانلی. سەرجەم دامەزراوەکانی کوردستانی سوور لەبەر ئەوەی پێی نەدەوترا هەرێم، لە شوشە بوو.
دانیشتووان:
لە ساڵی 1926زدا، 51، 2 هەزار کەس لە هەرێمەکەدا ژیاون، کە 73% کورد بوون و 26% ئازەری بوون، ژمارەی کوردەکانی ئازەربایجانی سۆڤیەت 41، 2 هەزار کەس بوون و ڕێژەی 1، 8% ی دانیشتووانی کۆمارەکەیان پێک دەهێنا، کە زۆربەیان لەنێو ئاپۆرای ڕۆشنبیری ئازەربایجانیدا توانەوە و ئەوەش ڕوون نییە کە ئاخۆ ئەمە لە ئەنجامی لێکچوونی ڕۆشنبیری و شێوازی ژیانیانەوە بووە، یاخود ناچار کراون. وەک دەزانین کە تەنیا 17% واتە؛ 14، 2 هەزار کەس لەو کوردانەی لە ئازەربیجانی سۆڤیەتدا ژیاون زمانی کوردییان بە زمانی دایکی خۆیان داناوە.
هەندێک لە لێکۆڵەران پێیان وایە هۆی نەزانینی کورد بۆ خودی زمانەکەیان، بۆ ئەو بارودۆخە ئەگەڕێتەوە کە یاسا و بڕیارەکانی دەسەڵاتی فەرمان ڕەوای ئازەربایجانی سۆڤیەتی بەسەر کوردەکانیدا سەپاندبوو، بە ڕێگەخۆشکردن و نالەبارکردنی بارودۆخەکە بۆ فێربوونی زمانی کوردی.
پیتە کوردییەکان بۆ یەکەم جار لە ساڵی 1924ز، لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیری کۆماری ئازەربیجانی سۆڤیەتییەوە دانران، بەڵام هەر لە شوێنی خۆیاندا مانەوە، (جۆزیە) پڕۆفیسۆری پێشوو لە زانکۆی ئازەربیجان لە هەڵوێستێکیدا دژی شۆڕشی ساڵی 1930دا، لە پەیمانگای ئازەربیجانی بۆ توێژینەوەی زانستی، لە گفتوگۆیەکیدا لە بارەی مەسەلەی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەوەی ڕاگەیاندووە: ئینگلیزەکان زۆر خزمەتی کوردی ئێراقیان کردووە (ئەمەش کوردانی تورکیا بەلای خۆیدا ڕادەکێشی) لەپاڵ ئەم درۆ و دەلەسانەدا سیاسەتی نەتەوەیی یەکێتی سۆڤیەت شێوێنرا و لەو ماوەیەشدا هیچ خوێندنگەیەک بە زمانی کوردی لە ئازەربیجاندا بوونی نەبوو.
مێژوو:
هەرێمی کوردستانی لە ساڵی 1930ز.
ئەوەی پەیوەنداربێ بەم ناوچەیەوە، ناوی کوردستان لە ساڵی 1921ز دا بەکارهاتووە، (ساڵێک پێش دامەزراندنی هەرێمی کوردستان) لە 16ی تەموزی 1923ز هەرێمی کوردستان بە بڕیاری لیژنەی ناوەندی تەنفیزی/ ئازەربیجانی سۆڤیەتی بەسەرپەرشتی (کیرۆف) دامەزرێنرا. خوێندنگە و شانۆی کوردی سەریان هەڵدا، هەرێمی کوردستان لە 25ی ئایاری 1923 بۆ 8ی ئابی 1930 بەردەوام بوو، کە ناوەندەکەی شاری (لاچین) بوو، بەڵام بەهۆی فشارەکانی (مستەفا کەمال ئەتاتورک) ی سەرۆکی تورکیا و ئەو ڕێککەوتنە نهێنییەی لەگەڵ ستالین و باگیرۆفدا هەیبوو، توانرا دەست بەسەر کوردستانی سووردا بگیرێت.
لە ئەرشیفی تورکیدا چەند بەڵگەنامەیەک بەرچاو دەکەون، تیایاندا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە، کە دامەزارندنی هەرێمی کوردستانی لەلایەن کوردەکانی سۆڤیەتەوە کاریگەریی هەبووە لەسەر هەڵگیرساندنی ڕاپەڕینەکەی ئاراراتی ساڵی 1930ز. کۆماری ئارارات لە باکووری ڕۆژهەڵاتی تورکیاوە بۆ ناوچەی ئاگری ئێستا بڵاوببۆوە (ئاگری ناوی تورکی ئاراراتە، کە تورکەکان ئەم ناوەیان لێناوە) . (ئیحسان نووری) سەرکردایەتی ڕاپەڕینەکەی ئاراراتی دەکرد و سەرکردەیەکی سەربازی بوو، هەروەها توانیان هێزی سەرۆکی عەشیرەتی جەلالییەکان (ئیبراهیم حسکی) لە تیلۆ بۆ خۆیان ڕابکێشن و وەکوو سەرکردەیەکیش دیارییان کرد، بەم جۆرەش بناغەیەکیان داڕشت بۆ درووست بوونی دەوڵەتێکی کوردی لە داهاتوودا، لەو ناوچەیەشدا کە ڕاپەڕینەکەی تیا بەرپابوو، یاسای توند و تۆکمە دژی دزی و تاڵانی دەرکران، هەروەها پەیوەندییان لەگەڵ سەرکردەی شۆڕشەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (سمکۆ شکاک) لە ئێران ڕێکخست، پاشان کۆماری سەربەخۆی ئارارات لە ساڵی 1927زدا ڕاگەیەنرا، لە کاتی ڕاپەڕینەکانی کورد لە باشووری ڕۆژهەڵاتی تورکیادا، لە تشرینی یەکەمی ساڵی 1927ز، گوندێکی نزیکی ئارارات وەکوو پایتەختی کاتی کوردستان دەست نیشان کرا.
کۆمەڵەی خۆییبوون بانگەوازێکیان ئاڕاستەی هەریەک لە دەوڵەتە زلهێزەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، هەروەها بە مەبەستی وەرگرتنی هاوکاری و یارمەتی، نامەیان بۆ کوردانی ئێران و سووریا دەنارد، بەڵام پێش گەیشتنی هاوکارییەکان، لە ساڵی 1930ز دا کۆماری ئارارات دەستی بەسەردا گیرا واتە؛ ڕووداوەکان لە ناوچە جیاوازەکانی کوردستان یەک بەوی ترەوە کاریگەرە.
لە ساڵی 1937ز دا دەستکرا بە ڕاگواستنی کوردانی ئازەربیجان و ئەرمینیا بۆ کۆمارەکانی ئاسیای ناوەڕاست و کازاخستان، لە ساڵی 1944ز یشدا کوردەکانی جۆرجیا لەگەڵ تورکمانەکان و میسەهێڵییەکان بۆ هەمان شوێن ڕاگوێزران.
لە 27ی ئازاری ساڵی 1991زدا کۆمەڵەی یەکێتی کورد (یەکبوون) لەلایەن وەزارەتی دادی سۆڤیەتییەوە مۆڵەتی پێدرا و تۆمارکرا و بە شێوەیەکی یاسایی ئەوە دووپات کرایەوە کە: کێشەی کوردستانی قەفقازیا بە شێوەیەکی نایاسایی چارەسەر کراوە و پێویستە دووبارە بە ڕێگای دەستووری دابمەزرێنرێتەوە، دوای ئەوە (وەکیل مستەفایف) سەردانی (لاچین) ی پایتەختی کرد، لە 9ی حوزەیرانی ساڵی 1992ز کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان ڕێکخرا لەلایەن ئەو کوردانەی بە چەندین پاس لە یەریڤانەوە هاتبوون، لەو کۆبوونەوە بەرفراوانەدا و بە ئامادەبوونی (وەکیل مستەفایف) نوێنەری بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی کورد، بڕیاردرا بە (دووبارە دامەزراندنەوەی دەوڵەتی کوردی) .
بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان 41/91 لە ڕێککەوتی 4ی کانوونی یەکەمی 1986ز.
بڕیاری 42/93 لە ڕێککەوتی 7ی کانوونی یەکەمی 1987ز.
مادەی 73-76 لە یاسای نەتەوە یەکگرتووەکان.
مێژووی ڕابردووی گەلی کورد و هەستی بەرپرسیاریەتی لە چارەنووسی داهاتوویدا.
پێداگیری لەسەر بەرپابوونی یەکسانی مێژوویی.
کۆبوونەوەکانی دامەزراندنەوەی بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی کورد و سەرجەم ڕێکخراوە کۆمەڵایەتییە- سیاسییەکانی کوردییەکێتی سۆڤیەتی جاران، ڕایدەگەێنێ:
دووبارە دامەزراندنەوەی دەوڵەتی کوردی و ناوەندەکەیشی شاری لاچینی پایتەختی کۆنی کوردستان دەبێت.
تا کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردن، دەوڵەتەکە لەلایەن بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردەوە بەڕێوە دەبرێت.
هەڵبژاردنی گشتی بۆ دیارکردنی نوێنەری گەلی کوردستان لە 19ی تەمووزی 1992ز.
سەرۆکی کۆبوونەوەکان/ وەکیل مستەفایف
9ی حوزەیرانی 1992 شاری لاچین
بە کۆی دەنگ بەیاننامەکەی بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی کوردی، دەنگی لەسەردرا و بە هەردوو زمانی کوردی و ڕوسی چاپ کرا.
ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لەلایەن ئەرمەنەکانەوە بانگهێشت کرابوون، هەواڵەکەیان لە سەرتاپای جیهاندا بڵاو کردەوە، بەڵام نەتوانرا پارێزگاری لە مانەوەی دەوڵەتەکە بکری لەبەر چەندین هۆی جیاواز، یەکەم: ناتەبایی و نایەکگرتوویی نێوان کوردەکان. دووەم: هەر یەک لە ئێران و تورکیا ڕۆڵێکی نەرێنی گەورەیان گێڕا، بە تایبەت تورکیا، ئەمە سەرەڕای چەند هۆکارێکی تر.
دواتر (مستەفایف) بوو بە پەنابەرێکی سیاسی لە ئیتاڵیا، لەو بارەیەشەوە بە دوورودرێژی پەرتووکێکی نووسیووە بە ناونیشانی (مێژووی کوردستانی قەفقازیا) ، کە لەم لینکەدا http://pukmedia.com/russi/images/stories/pdf/bookku.pdf بە زمانی ڕووسی هەیە.
جێی بەبیر هێنانەوەیە کە لە سەرەتای ساڵی 1988ز تا ساڵی 1995ز و ساڵەکانی دواتریش، بە هەزاران کورد ناچار کران کۆمارەکانی قەفقازیا (جۆرجیا، ئەرمینیا، ئازەربیجان) بەجێ بهێڵن و بۆ ڕوسیا و کازاخستان و ئەوروپا و وڵاتانی تر بگوێزنەوە.
لە 1991-1992 و تا ئەمڕۆش، پارتی کرێکارانی کوردستان کاریگەرییەکی ئەرێنی زۆری لەسەر سەرجەم لایەنەکانی کوردییەکێتی سۆڤیەتی جاران درووست کردووە و درووست دەکات، هەروەها درووستبوونی هەرێمی باشووری کوردستان بە تایبەت دوای ساڵی 2003ز.
بە درێژایی سەدان ساڵ لە هەموو کۆمارەکانی یەکێتی سۆڤیەتی جاران، کۆمەڵگەی کوردی توانیویەتی لەلایەن خۆیەوە پارێزگاری لە بوونی نەتەوەیی خۆی بکات، جگە لە کوردەکانی تورکمانستان و ئازەربیجان، چونکە بەشێکی زۆر لەو کوردانە بە شێوەیەکی نەخشە بۆ داڕێژراو، لە ڕووی نەتەوەییەوە ئەسڕانەوە و ئەتوێنرانەوە، بە پێچەوانەی ئەمەشەوە دەبینین کوردەکانی ئەرمینیا و کازاخستان لەلایەنی نەتەوەییەوە پێشکەوتووترن.
__________________________________________
چاودێری سیاسی (کوردی سۆڤێتی پێشوو) .
ڕەمەزان کەریم: سەرکێ پلاتفۆڕما دامەزراندنا کئردستانێ مەزن.