سەیمەرە، پاش چەند لق بوونی لە پارێزگای لوڕستان لە تەنگەڵانێکی باریک بە ناوی حەمام لان دەڕژێتە ناو دەشتی هولەیلان لە پارێزگای ئیلام. ئەم ڕووبارە لە شانی شارەکانی سیروان، بەدرە و دەڕەشار وەکوو سنووری ئاویی ئیلام و لوڕستان جێگر بووە و پاشان بە ناوی کەرخەوە دەڕواتە ناو پارێزگای خوزستان.
- ناوە کۆنەکەی ئوکنوو بووە و لە زمانەکانی ئێرانی کۆندا بە تایبەت ئیلامی و مادی بە ئوکنی ناوی دەرکردووە و یۆنانییەکان بە کواسپێس ناویان لێبردووە. سەرچاوەی سەرەکیی ئەم ڕووبارە گاماسیابە و لە بنارەکانی ڕۆژئاوای ئەڵوەند سەرچاوە دەگرێت و لە ڕۆژهەڵاتەوە بەرەو ڕۆژئاوا دوای کەنگاوەر، سەحنە و بیستوونیش بەجێ دێڵێ و دەگاتە کرماشان.
سەیمەرە لەم بگارەدا پاش چەند لق بوونی لە پارێزگای لوڕستان لە تەنگەڵانێکی باریک بە ناوی حەمام لان دەڕژێتە ناو دەشتی هولەیلان لە پارێزگای ئیلام. ئەم ڕووبارە لە شانی شارەکانی سیروان، بەدرە و دەڕەشار وەکوو سنووری ئاویی ئیلام و لوڕستان جێگر بووە و پاشان بە ناوی کەرخەوە دەڕواتە ناو پارێزگای خوزستان.
پێدەشتی سەیمەرە شوێنی نیشتەجێ بوونی ئێرانیانی کەونارا
ڕووباری گەورەی سەیمەرە قووڵترین دۆڵ و دەراوی پڕ ئاوی ڕۆژئاوای وڵاتی وەدیهێناوە. ئەم ڕووبارە دوای بواردنی کوێستانەکانی زاگرۆس لە ڕۆژئاوای وڵات، لە باکوورەوە بەرەو باشوور 775 کیلۆمەتر درێژەی هەیە و لە بگارەکەی خۆیدا دڵتایەکی هەراوی وەدیهێناوە کە لە سەدەکانی پێشووەوە شوێنی نیشتەجێ بوونی ئێرانییانی باستان بووە.
دۆڵی سەیمەرە کە ئەمڕۆ لەناو چوار پارێزگای هەمەدەان، کرماشان، ئیلام و لوڕستان دابەش بووە، لە ڕابردوودا بە ناوی دۆڵی میهرگان ناوبانگی دەرکردووە و لە ناویدا یەکەمین شارستانییەت هاوکات لەگەڵ چوار شارستانییەتی گەورەی جیهان لە کەناری ڕووبارەکاندا وەدیهاتووە و سەقامگیر بووە.
ناوچەی سەیمەرەی ئەمڕۆکە خاوەنی مێژوویەکی هەزاران ساڵەیە و هۆزێکی ڕەچەڵەکدار و بە ڕەگەز ئێرانی بە ناوی لەک کە لە یەکەمین دانیشتوانی ناوخۆیی ئێران دێنە هەژمار لەوێ دەژین و چەندین سەدەیە خەریکی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری لەو ناوچەیەن.
سەیمەرە گەورەترین و کۆنترین ڕووباری ڕۆژئاوای ئێران
ڕووباری سەیمەرە کە لە ناو دانیشتوانی ناوچەکە بە (ئاوی تووڕە) بەناوبانگە و لە ڕابردوودا بە (خواسپ) و ئوکنی ناسراوە، گەورەترین و کۆنترین ڕووباری ڕۆژئاوای وڵاتە.
بە هۆی ئەوە کە ناوچەی سەیمەرە پڕە لە کوێستان و دارستان و کەشو هەواکەی جۆراوجۆرە و لە ئاوی ڕووبارەکەش کەڵک وەردەگرێ و خاوەنی سەراو و کانی و تاڤگە وەرزییەکانە، هەر لە زووەوە شوێنێکی گونجاو بووە بۆ گەشە و پەروەردە بوون، پەیدا بوون، سەقامگیر بوون و بەسەر بردنی ژیانی مرۆڤ.
سەیمەرە بە گشتی جێگایەکی ئەمن و گونجاو بووە بۆ ژیانی مرۆڤی سەردەمە کۆنەکان و بۆیەش لەم ناوچەیە مرۆڤ هەر لە پێش مێژووەوە ژیاوە و لەم ناوچەیە درێژەی بە ژیانی داوە.
ناوچەی ستراتێجیکی سەیمەرە قەڵایەکی پتەو و پێوەجێ لە بەرامبەر دوژمنان
یەکەمین دەستە لە مرۆڤە وەرزێرەکانی ئەم بەشە لە جیهانی ئەو سەردەمە، بە شوێن ئاودا خۆیان گەیاندە تێکڕای بگاری سەیمەرە و لە پەراوێزەکانیدا سەقامگیر بوون و یەکەمین شارستانییەتەکانیان لە پەنای ڕووبارەکان بنیات نا.
ئەو مرۆڤانەی کە لەم ناوچانە نیشتەجێ بوون بۆ وەدیهێنانی شارستانییەتی تایبەت بە خۆیان لەم ناوچەیە، بۆ پارێزراو مان لە دەسدرێژی دوژمنان لە دەرفەتە ستراتێجیکەکانی سەیمەرە وەکوو کێو و ئەشکەوت و... کەڵکی شیاویان وەرگرت و لەم ناوچەیە وەکوو قەڵایەکی پتەو لە بەرامبەر دوژمناندا بەهرەیان برد.
بەڵگەی زۆر بە دەستەوەیە کە پیشان دەدات سەیمەرە نشینان بۆ یەکەم جار خەریکی کشتوکاڵی دوو بەرهەمی گەنم و جۆ لە کەنارەکانی ڕووباری سەیمەرە بوون و کەم کەم بە دەستەمۆ کردنی سێ جۆر ئاژەڵ واتا بزن، مەڕ و ئەسپ ئاژەڵدارییان لەم ناوچەیە دەست پێکرد و هەر ئەو ئاژەڵدارییەش بوو بە بەشێکی سەرەکی و پێویستی ژیانیان.
ئەم دەستە مرۆڤانە کە ڕاپەڕینی کشتوکاڵ و پاشان ئاژەڵداریشیان لەم ناوچەیە بنیات نابوو، لە ئاوی بەخرۆشی سەیمەرە، کوێستان، دارستان و هەروەها دەشت و دۆڵەکانی کەڵکی شیاویان وەرگرت و لە ئەشکەوت و تاش و گابەردەکانی ئەو ناوچەیە وەکوو پەناگایەکی ئەمن و دڵنییا بۆ دوور مان لە دەسدرێژی دوژمنان و هەروەهاش زاڵ بوون بە سەریاندا بەهرەیان برد و ئەم ناوچەیانە وەکوو شوێنێکی شیاو و گونجاو بۆ هەموو پلە و پایە ماددی و مەعنەوییەکانی ژیان هەڵبژارد و بەرگرییان لێکرد.
سەیمەرە ئاخێزگەی شارستانییەتە کەوناراکان لە دوێنێوە تا ئەمڕو
مێژوو بۆمان ڕوون دەکاتەوە کە ناوچەی سەیمەرە هەمیشە بە دەستی دانیشتووە خۆماڵیەکانی بەڕێوە چووە و هیچ قەومێکی هێرشبەر نەیتوانیوە شکست بە دانیشتووەکانی بهێنێت.
لە ناوچەی سەیمەرە ئاسەواری کۆنی زۆر کە تایبەتن بە سەردەمە جۆراوجۆرەکانی مێژوو پەیدا دەبێ. ئاسەواری مێژوویی و کۆکم و کەونینەی زۆر لە ئەمپەڕ تا ئەوپەڕی ناوچەی سەیمەرە لە سەرەتا تا کۆتایی درێژەی ڕووبارەوە، واتا لە نەهاوەند، بیستوون، هەرسین، ماهیدەشت، هولەیلان، شیروان، دەڕە شار تا باکووری شووش دەبینرێن و دۆزراونەتەوە.
ئاسەواری شارستانییەتی پێوەندیدار بە مرۆڤە یەکەمینەکان و پێش مێژوو (سەردەمی بەردینە) و سەردەمی مێژوو وەکوو کاسییەکان، ئیلامییەکان، مادەکان، هەخامەنشیەکان و ساسانییەکان تا سەردەمی ئیسلام لەم مەڵبەندە کۆنە دۆزراوەتەوە.
سەیمەرەی ئەمڕۆ، ناوەندی گرینگیی گەشە لە پارێزگای ئیلام
کۆنترین ئاسەواری مرۆڤی یەکەمین و ئەشکەوت نشین (سەردەمی بەردینە) لە دەوروبەری ناوچەی هولەیلان، بیستوون، خوڕەم ئاباد، کەنگاوەر و هەرسین دۆزراوەتەوە.
ڕووباری سەیمەرەو ناوچەکانی دەوروبەری ئەمڕۆکەش ئاوڕی زۆری لێ دەدرێتەوە و هەمیشە لە تەوەرەکانی گەشەی ڕۆژئاوای وڵات بە تایبەت پارێزگای ئیلامە.
ئێستاکە لە کەنارەکانی سەیمەرە لە پارێزگای ئیلام گەڵاڵەگەلێکی پیشەسازی گەورە و بەرچاو وەکوو بەنداو و وزەخانەی گەورەی سەیمەرە لە شاری بەدرە و هەروەها بەنداوی سازوبن لە شاری سیروان خەریکی درووست بوون یان تەواو بوونن.
هەروەهاش، ئەمڕۆکە سەیمەرە هەر بەو شکۆ و هەیبەتە لەمێژینەی خۆیەوە لە ناوەندە گرینگەکانی کشتوکاڵ لە پارێزگای ئیلام و چەند شارستانی گرینگی پەراوێزی ئەم ڕووبارە گەورە و مێژووییەیە.