ڕۆژنیوز شرام هەورامی
بەبەراورد بەساڵی ڕابردو، بەرهەمی گوێز لەناوچەی هەورامان زیادی کردووە، بەڵام بەوتەی فرۆشیارانی بەرهەمەکان، جیاواز لەساڵانی ڕابردو لەمساڵدا کڕیارانی بەرهەمە ناوخۆیەکانی هەورامان کەمی کردوە، بەتایبەت بەرهەمی گوێز.
باشترین جۆری گوێز بەرهەم هاتووە
ئاوێسەر محەمەد یەکێک لە فرۆشیارانی بەرهەمە ناوخۆیی و خۆماڵیەکانی ناوچەی هەورامان، بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: ئەوەی بوەتە جێگەی خۆشحاڵی خاوەن گوێزەکانی ناوچەی هەورمان لەئەمساڵدا ئەوەیە، کە بەبراورد بەساڵی ڕابردو ڕێژەی بەرهەمی گوێز تاڕادەیەکی باش زیادی کردووە، هاوکات لەڕوی جۆری گوێزەکەشەوە باشترین جۆری گوێز بەرهەم هاتووە، بەشێوەیەک لە هەزار گوێزدا کەمتر لە 15 بۆ 20 گوێزیان بەکەڵکی ئەوەنایەن کە بەکاربهێنرێن.
ڕونیشی کردەوە، هۆکاری زۆری بەهەم و باشی جۆری گوێز لە مساڵدا، بۆ ئەوەدەگەڕێتەوە کە ئەمساڵ نەخۆشی دارگوێز کەمترە، بەبەراورد بەساڵانی ڕابردو، لەهەمانکاتدا لەساڵی ڕابردودا بەتایبەت لەمانگی ئازاردا پلەکانی گەرما زۆرنزم بونەوە، ئەوەش بویە هۆی ئەوەی کە گولی دارگوێزەکان بوەرێت و بەرهەمی کەمبێت، بەڵام خۆشبختانە لەمساڵدا ئەو دیاردەیە ڕوینەدا و پلەکانی گەرما لەگەڵ دارگوێزەکاندا زۆر گونجاو بوو.
بۆ ئەو بارودۆخە ئابوریە دەگەڕێتەوە
ئەو فرۆشیارەی بەرهەمە خۆماڵیەکانی ناوچەی هەورامان، وتیشی: لە کاتێکی وادا، بەپێچەوانەوە کڕیار کەمی کردوە، ئەوەش بۆ ئەو بارودۆخە ئابوریە دەگەڕێتەوە کە ماوەی زیاتر لە دو ساڵە هەرێمی کوردستانی گرتوەتەوە.
ئاوێسەر، ئاماژەی بەوەشکرد، لەئەمساڵدا لەگەڵ ئەوەی جۆری گوێز لەئاستێکی باشدایە، لەهەمانکاتدا نرخەکانیش بەبەراورد بەساڵانی ڕابردو دابەزیون، بۆ نمونە لەساڵی ڕابردودا هەزار گوێزی پلەیەکمان بە 90 هەزار دەفرۆشت، بەڵام لە ئەمساڵدا هەزارگوێزی باشترلە ساڵی ڕابردو بە 80 هەزار دەفرۆشین، هاوکات گوێزیشمان هەیە هەزاری بە 60 هەزاردینار، بەڵام زۆرباش نین گوێزیش هەیە جۆرەکەی مام ناوەندە و هەزاری بە 70 هەزار دینارە، هاوکات گوێزی پلەیەک هەزاری بە80 هەزار دینار دەفرۆشین.
85 هەزار داری گوێزهەیە
لای خۆشیەوە ستار محمود بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە، بۆ ڕۆژنیوزی ڕونکردەوە: بەگویرەی ئەو ئامارانەی لەبەردەستماندایە لەسنوری ناوچەی هەورامان 85 هەزار داری گوێزهەیە، ساڵانەش بە هەزارن تۆن باشترین جۆری گوێز بەرهەم دەهێنرێت
ناوبراو ڕاشیگەیاند: بەهۆی ئەوەی شوێنێکی تایبەت نیە بۆ فرۆشتنی بەرهەمی گوێز لەناوچەکەدا، بۆیە ناتوانین بەدیاریکراوی ڕێژەی بەرهەمی ساڵانەی گوێزی دیاری بکەین، هاوکات ساڵانەش ڕێژەی بەرهەمی گوێز بەهۆی نەخۆشی و کەشو هەواوە گۆڕانکاری بەسەردا دێت، بەشێوەیەک ساڵی واهەیەیەک داری گوێز بەتەنها لەتوانایدا هەیە، نزیکەی 30 هەزار گوێز بەرهەم بهێنێت کە ئەوەش ڕێژەیەکی پێوانەییە.
ئەمساڵ هاوکاری جوتیارانمان نەکردوە
بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەڵەبجە وتیشی: ساڵانە لەکاتی سەرهەڵدانی نەخۆشی و دەردە کشتوکاڵیەکان، بەگوێرەی تواناو ئەوەی لەبەردەستدا بووە یارمەتی جوتیارانمان داوە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی قەیرانی دارایشەوە نەمانتوانیوە وەک پێویست هاوکاری جوتیارن بکەین کە لەئاست خواستی ئەواندا بێت.[1]
#03-10-2015#