حکومەتی بنکە فراوانی بۆرجوازی کورد کە پێکهاتەوە لە چەند حزب ولایەنێکی قەومی –ئیسلامی، لە درێژەی ئەو ململانێ وکێشمەکێشانەیان لە سەر پۆست ودەسەڵات، زیاتر لەماوەی ساڵێکە جەماوەر وخەڵکی زەحمەتکێشی کوردستانیان، دووچاری قەیرانێکی سیاسی ئابوری زۆر قورس کردۆتەوە، ڕۆژ بەرۆژ کێشەکانی سەرژیانی خەڵک زیاتر دەبێت، مووچەی سەدان هەزار کرێکاران وکارمەندان نزیکەی 4 مانگە نەدراوە و بێکاری وهەژاری ڕۆژانە وەک مۆتەکەیەک بەسەر سەر خەڵکەوە سایە دەکات.
لەبەرامبەر ئەم ڕەفتار وسیاسەتانەی حکومەتی بنکە فراوانی بۆرجوازی کورد، لەهەفتەی ڕابوردوەوە، کرێکاران وفەرمانبەران ومامۆستایان، له چەندین فەرمەنگای جیاواز ولە شارو شارۆچکەکانی سلێمانی ودەوربەری وەک هەڵەبجە وچەمچەماڵ و سەید سادق، دەستیان داوەتە مانگرتن وبایکۆتکردنی دەوامکردن وخۆپیشاندان، هاوکات ئەم مانگرتن و ناڕەزایەتیانە، ئەمجارە بەجۆرێک هاتۆتە مەیدان، کەخۆشخەیاڵی بە پڕوپاگەنده و فریوکاری لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆنی پێشوو کەئێستا لە حکومەتدان بەرەو کۆتایی دەچێت، لەبەرامبەر ئەوانەشدا دەنگی ناڕەزایەتی و بێزاری بەرزبۆتەوە، هەروەها خاڵیکی دیکەی پرشنگداری ئەم نارەزایەتیانه پێداگریانە لەسەر سەربەخۆیی ڕیزەکان وهەوڵدان بۆ سەراسەریکردنەوەیان لەسەر ئاستی سەرجەم شارو شارۆچەکەکانی کوردستان.
ئێمە لە کۆمیتەی سلێمانی حزبی کۆمۆنیستی کرێکاریی کوردستان، پشتگیریی تەواوی خۆمان بۆ خواستە بەرهەقەکانی کرێکاران و فەرمانبەران ڕادەگێنین، هاوکات پێداگری لەسەر سەربەخۆی و یەکگرتووی ڕیزەکانی ئەم نارەزایەتیانە دەکەین و هەروەها وەک هەنگاوێکی پێشرەوانە لەراستای بەهێزکردن و پتەوکردنیان، پێویستە پانتاییەکانی سەرتاسەری بکرێنەوە بۆ ئەوەی چۆک بەدەسەڵاتی گەندەڵی بهێنین و ناچاریان بکەین کە وەڵام بە خواستەکانی خەڵکی کوردستان بدەنەوە.
کۆمیتەی سلێمانی
حزبی کۆمونسیتی کرێکاریی کوردستان
05-10-2015