جەنگیز چاندار
وەرگێڕانی: زریان ڕۆژهەڵاتی
کتێبی شەمەندۆفێری میزۆپۆتامیا، کە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ چاپی کردووە، لە دووتوێی 449 لاپەڕەدا بڵاو کرایەوە. شەمەندۆفێری میزۆپۆتامیا نووسەرو ڕۆژنامەنووسی تورک جەنگیز چاندار نووسیوێتی و زریان ڕۆژهەڵاتی کردویەتی بە کوردی و بە زنجیرە لە کوردستانی نوێدا بڵاو کراوەتەوە.
ئەم کتێبە گەشتێکی مێژووییە بە تورکیاو کوردستانی باکوورو ڕووداوە سیاسییەکاندا. ئەم کتێبە کۆمەڵێک بابەتی تێدا بڵاو کراوەتەوە کە بریتین لە (لە تورگوت ئۆزاڵ-ەوە بۆ تەیب ئەردۆغان، قسەکردن لەسەر کێشەی کورد لە بارەگای فەرماندەیی گشتی سوپادا، هەزارو یەک چیرۆک لە بارەی دیجلە، نووسینەوەی مێژوو بەشێوەیەکی ڕاست، خۆڕهەڵاتی ناوەڕاست بەره و کوێوە دەڕوات و... ئەمانه و چەندین بابەتی تر کە لە دووتوێی ئەم کتێبەدا بڵاو کراونەتەوە.
لە پێشەکی ئەم کتێبەدا هاتووە: بایەخی ئەم کتێبە هەر لەوەدا نییە کە بەشێکی ڕووداوە سیاسییەکانی کوردستان و تورکیاو عێراق و ناوچەکه و کاریگەریی سیاسی ئەمریکاو ڕۆژئاوا بەسەریانەوە یاداشت دەکات و بە مێژووی دەسپێرێت، بەڵکو شێوازی نووسین و ئەزموونی گیڕانەوه و سەفەری شەمەندۆفێری جەنگیز چاندار بەناو جوگرافیاو مێژوو ڕووداوەکانی کە خۆی شایەت بوو لەسەریان کۆمەڵێک وانەن بۆ ڕۆژنامەوان و نووسەری کورد کە چۆن ئەزموونی خۆی مشتوماڵ بکات و پەی دەرپەی هەنگاونانی لە ڕووماڵکردنی ڕۆژانەدا بەشی ئەوەندە بەسەرهات و قەومان گلبداتەوە تا دواڕۆژ چیرۆکێکی هەبێت بۆ گێڕانەوە لە کتێباندا. هەموو ڕۆژنامەوانە سەرکەووتووەکان وا دەکەن و چانداریش بەم کتێبە کتێبی تەمەنی خۆی لەناو ڕووداوەکاندا نووسیووەتەوه و وەک ڕۆژنامەوانێکی چالاکیش هێشتا هەر کوردستان و تورکیاو دونیا دەگەڕێ و لە خوێندنگەی ژیاندا خوێندکارە وەکو لەم کتێبەدا مامۆستای وانەیە بۆ هەر نەوەیەک بخوازێ بزانێ و فێربێت.