بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
(ۆتَعَاۆنُوا عَڵی الْبِرِّ ۆالتَّقْۆی ۆڵا تَعَاۆنُوا عَڵی الْإِپْمِ ۆالْعُدْۆانِ)
مامۆستایانی ئایینی بەڕێز
هاوڵاتیانی خۆشەویست
ماوەی چەند ڕۆژێکە لە دەرەنجامی خۆپیشاندانی هاوڵاتیان لە چەند دەڤەرێکی هەرێمی کوردستان پشێوییەک دروست بووە، کە بەداخەوە ئەنجامی نەخوازراوی لێکەوتەوە. ئێمە وەک یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان هەر لە سەرەتاوە لەڕێگەی لقەکانمان لەم سنوورانەوە هەوڵی تەواومان دەدا بۆ ئەوەی خۆپیشاندان و ناڕەزاییەکان بەشێوازی تەندروستی خۆیان بڕۆن، بەڵام بەداخەوە بەرەو ئاقارێکی نەخوازراو بردردان، تا گەیشتە خوێنڕشتن و بەردباران و بارەگا سووتاندن، ئەمەش وێڕای لێکترازانی زیاتری ڕەوشی سیاسی، کاریگەری ناڕاستەوخۆشی بەسەر ئاشتی کۆمەڵایەتییەوە هەیە، بۆیە لێرەوە دەستخۆشی لەو مامۆستا ئایینیانە دەکەین کە لە وتارەکانی ڕۆژی هەینی و لە کاتی ڕووداوەکانیش ڕۆڵی هێورکردنەوە و گێڕانەوەی ئارامیان دەدیت، بە پێچەوانەوە هەر وتار و قسەیەک لە هەر چین و توێژێکەوە دەرچووبێت کە بۆنی لایەنگیری و خۆشکردنی ئاگری پشێوییەکانی لێ بێت کارێکی نا مەسئولانە و ناڕەوا و نانیشتیمانیانە و دوورە لە هەموو بەها ئەخلاقیەکانەو، ئەنجامدەرانی دەکەونە بەرلێپرسینەوەی خوایی.
چونکە ئەمڕۆ کوردستان لە حاڵێکدایە کە چواردەوری دەکوڵێت و، پێشمەرگە قارەمانەکانمان بەرەو ڕووی دڕندەترین دوژمن وەستاونەتەوە، بۆیە پێویستە مامۆستایانی ئایینی و هاوڵاتیان و لایەنە سیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی و ڕاگەیاندنەکان هەموو هەوڵێک بدەن بۆ ئەوەی ڕەوشەکە هێوربکرێتەوە، بەپێچەوانەوە ڕشتنی خوێنی ڕۆڵەکانمان و بریندارکردنی هاوڵاتیانی ئەم وڵاتەو سووتاندن و بەردبارانکردنی بارەگاکان سیمای مەدەنیانەی گەلی کورد دەشێوێنێت، دەرەنجامی پشێوی و ئاڵۆزییەکانیش تەنیا لە بەرژەوەندی دوژمنانی کورد و کوردستانە.
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
11-10-2015