ئەم شارەدێیە سەر بە شارۆچکەی مێرگەسووری پارێزگای #هەولێر#ە. کۆی گشتی گوندەکانی 70 گوندە، ژمارەی دانیشتوانی 4106 کەسن. شێروان مەزن کە ئێستا ناوەندی شارەدێیە یەکەم جار گوند بووە و مێژووی دروست بوونی دەگەڕێتەوە بۆ 550 سال پێش ئێستا، کە تەنیا لە چەند مالێکی کەم پێک هاتبوو. لە سالی 1890 شێروان مەزن کراوە بە شارەدێ بە ناوی (بەڕێوەبەرایەتی شارەدێی مزوری باڵا) کە ناوەندی شارەدێیەکە لە شێروان مەزن بوو. شارەدێی شێروان مەزن (70) گوند دەگرێتەوە کە (19) گوندی ئاوەدانە و (51) گوندیش تاکو ئێستا ئاوەدان نەکراوەتەوە، بەپێی ئەو ئامارەی کە ئێستا لە بەردەست دایە کۆی گشتی دانیشتوانی ناوەندی ناحیە و گوندە ئاوەدانکراوەکانی بریتییە لە (4106) کەس و (155)کم لە ناوەندی پارێزگای هەولێر و (30)کم لە ناوەندی شارۆچکەی مێرگەسور دوورە.
تۆبۆگرافیای شارەدێی شێروان مەزن:
شارەدێی شێروان مەزن ناوچەیەکی شاخاوی سەختە، لە گرنگترین چیاکانی: چیای بوتین و چیای موسەکا و چیای هوکل و چیای گۆڤەند لەگەڵ چیای چارچەل، ڕوباری (شین) کە سەرچاوەکەی لە وڵاتی تورکیاوە هەڵدەقوڵێت، دەکەوێتە سنوری ئەم شارەدێیە. ڕووبەری گشتی سنوری کارگێری ناحیە (270)کم2 کە زەویەکەی (44%)ی چیا و (35%)ی گرد و (21%)ی دەشتاییە. (1150)م لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە، و ئاووهەوای ناوچەکە بە شێوەیەکی گشتی مام ناوەندیە، لە هاویندا گەرم و هەندێک جار پلەی گەرما دەگاتە (40 پ.س) و لە وەرزی زستاندا ساردە و پلەی گەرما دەگاتە خوار (10 پ.س) و لە وەرزی زستاندا بەفر و بارانێکی زۆری لێ دەبارێ، کە ڕێژەی باران بارین هەندێک ساڵ دەگاتە سەروی (1150)ملم و بەفربارینی هەندێک ساڵ دەگاتە (200)سم، و وەرزەکانی بەهار و پایزی مام ناوەندیە.
کۆی دانیشتوانی سنوری شارەدێی شێروان مەزن (4106) کەسن، ڕێژەی (100%) دانیشوانی نەتەوەی کوردن، و بەرێژەی (99، 005%) بە ئاین موسلمانی سونەن و بەرێژەی (00، 05%) مەسیحین کە هەموویان بە شێوە زاری بادینی قسە دەکەن، هەروەها ڕێژەی پیاو (32%) و ڕێژەی ئافرەت (31%) و ڕێژەی منداڵ (37%).