خوێندنەوەی کتێبی
(ڕۆژنامەنووسیی کوردی سەردەمی کۆماری دێمۆکراتی کوردستان 1942-1947)
ـ پێداچونەوە و ڕاستکردنەوەی هەندێک لە هەڵەکانی ـ
نووسینی: جوتیار حاجی تۆفیق
بابەت: لێکۆڵینەوە
''ڕۆژنامەنوسیی کوردی سەردەمی کۆماری دێمۆکراتی کوردستان 1942-1947'' کتێبێکی (348) لاپەڕەییە، ''د. هیمدادی حوسێن'' نوسیویەتی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم ساڵی 2002 لە سلێمانی چاپیکردوە. لەسەر بەرگی ناوەوەی ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە ''ئەم کتیبە نامەیەکی دکتۆرایە لەلایەن نوسەرەوە بۆ ئەنجومەنی کۆلیجی زمان لە زانکۆی سلێمانی بە سەرپەرشتی پ. د. عیزەددین مستەفا ڕەسوڵ ئامادەکراوە''.
ئەم کتێبە بەسەر چوار فەسڵدا دابەشکراوە:
فەسڵی یەکەم ـ "مێژووی ئابووری و سەربازی و پەروەردەو فەرهەنگی و دێمۆکراسی کوردستانی ڕۆژهەڵات 1942 ـ 1947".
فەسڵی دووەم ـ "چاپخانە و ڕۆژنامەنووسیی کۆماری دێمۆکراتی کوردستان".
فەسڵی سێیەم ـ "ڕۆژنامەنووسیی کوردیی بە زمانی فارسی لە دەرەوەی کۆمارو هاوکاری نووسەرانی کوردستانی باشوور لەگەڵ ڕۆژنامەنوسیی کۆماردا".
فەسڵی چوارەم ـ "ڕۆژنامەنووسیی سەردەمی کۆمارو ئەدەبیاتی کوردی".
هەرچەند کتێبەکە لە 2002 دا چاپکراوە و بڵاوکراوەتەوە، بەڵام من لە ڕۆژی 15-12-2004 دا دەستمکەوت. پاش ئەوەی کە بە وردیی خوێندمەوە، بڕیارمدا کە بەشێک لە هەڵەکانی ڕاست بکەمەوە و هەندێک لە باسەکانی زیاتر ڕون بکەمەوە. دەبێت ئەوەش بڵێم کە من نامەی دوکتۆراکەم نەدیوە و نازانم جیاوازیی لەگەڵ ئەم کتێبەدا هەیە یان نا؟! خودی نوسەرەکەشی ئاماژەی بۆ ئەوە نەکردوە کە ئاخۆ نامەی دوکتۆراکەی وەک خۆی چاپکردوە یان گۆڕانکاریی تیادا کردوە! لەبەر ئەوە سەرنجەکانم بەپێی دەقی ئەم کتێبە دەنوسم، نەک بەپێی نامەی دوکتۆراکە!
سەرەتا بەپێویستی دەزانم کە چەند سەرنجێکی گشتیی دەربارەی کتێبەکە بخەمە ڕو:
یەکەم :
ناوی کتێبەکە بەم جۆرەیە ''ڕۆژنامەنوسیی کوردی سەردەمی کۆماری دێمۆکراتی کوردستان 1942-1947''. لای هەمومان ڕۆشنە کە ماوەی حوکمڕانیی کۆماری کوردستان، کەمتر لە ساڵێک بوە. ئەگەر ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی 22-01-1946 بە ڕۆژی دامەزراندنی و ڕۆژی سێ شەممە ڕێکەوتی 17-12-1946 بە ڕۆژی کۆتایی هاتنی دابنێین، ئەوا دەتوانین بڵێین کە کۆماری کوردستان تەمەنی نزیکەی (11) مانگ بوە. بەڵام هەروەک لە ناوی کتێبەکەدا دەردەکەوێت، سنوری مێژویی ئەم لێکۆڵینەوەیە (ساڵی 1942 هەتاکو ساڵی 1947)ە. لێرەدا دەگەینە ئەوەی کە بڵێین هەر لە خودی ناوی کتێبەکەدا، ناکۆکییەک هەیە! چونکە سنورە مێژوییەکەی ''ڕۆژنامەنوسیی کوردی سەردەمی کۆماری دێمۆکراتی کوردستان'' دەکاتە ماوەی نێوان ( 22-01-1946 هەتاکو 17-12-1946) نەک (1942 ـ 1947). هەرچەند نوسەر لەسەرەتای کتێبەکە، لە لاپەڕە (12)دا بە کورتی باسی ئەوەی کردوە کە لێکۆڵینەوەکەی لە دامەزراندنی ''کۆمەڵەی ژ. ک.''ەوە دەستپێدەکات هەتاکو ڕۆژی لەسێدارەدرانی قازییەکان لە 31-03-1947 ، بەڵام ئەم ڕونکردنەوەیە ناتوانێت ئەو ڕاستییە وەلابنێت کە ناوی کتێبەکە ناکۆکی تێدایە! بۆ نمونە ئەگەر ناوەکەی بەم جۆرە بوایە: ''ڕۆژنامەنوسیی کوردی سەردەمی کۆماری دێمۆکراتی کوردستان 22-01-1946 ــ 17-12-1946 و لە پێشەکییەکەیدا ئەوەی ڕونبکردایەتەوە لەبەر ئەوەی ''کۆمەڵەی ژ. ک.'' و کۆماری کوردستان پەیوەندییەکی تەواویان بەیەکەوە هەیە و تەواوکەری یەکترین، واپێویست بوە کە لەسەرەتادا باس لە گۆڤاری نیشتمان و بڵاوکراوەکانی دیکەی کۆمەڵەی ژ. ک. بکرێت. ئەوسا کەس سەرنجێکی ڕەخنەگرانەی لەو جۆرەی نەدەبو. تەنانەت ئەگەر ناوەکەی بەم جۆرەش بوایە: ''ڕۆژنامەنوسیی کوردی سەردەمی کۆماری دێمۆکراتی کوردستان 1943- 1946'' تاڕادەیەک دروستتر بو لەوەی کە لەسەر ئەو کتێبە نوسراوە! چونکە هیچ بڵاوکراوەیەکی کۆمەڵەی ژ. ک. پێش ساڵی 1943 دەرنەکراوە و هیچ بڵاوکراوەیەکی کۆماری کوردستانیش پێی نەناوەتە ساڵی 1947! کتێبەکەش (یان لێکۆڵینەوەکە) تایبەتە بە ''ڕۆژنامەنوسیی کوردی سەردەمی کۆماری دێمۆکراتی کوردستان'' نەک ''ڕوداوە مێژوییەکانی'' ئەو سەردەمە.
دووەم:
باشتر بو نوسەری ئەم کتێبە "وەکو سەرچاوە" ڕاستەوخۆ سودی لە کتێبی ''The Kurdish Republic of 1946''ی ویلیام ئێگڵتۆن،(1) هەروەها " The Kurdish Republic of Mahabad "ی ئارشێ ڕۆزڤێڵت،(2) وەربگرتایە کە لە دەیان لاپەڕەدا زانیاریی لێیانەوە وەرگرتوە، بەڵام نەک لە تێکستە ئینگلیزییەکانیانەوە! بەڵکو لەو وەرگێڕانە پڕ لە هەڵە و کەموکوڕییانەوە کە لە لێکۆڵینەوەی زانستیدا مرۆڤ هەرگیز ناتوانێت پشتیان پێببەستێت. باوەڕیش ناکەم پەیداکردنیان لە ناوەوەی وڵات کارێکی هێندە سەخت بوبێت! وەکو من بزانم کتێبەکەی ویلیام ئێگڵتۆن لە کتێبخانەی هەندێک کەس و لە کتێبخانەکانی زانکۆکانی کوردستان پەیدا دەبێت. بۆ نمونە ساڵانی1987ـ 1990 چەندین جار لە کتێبخانەی گشتیی سلێمانی وەرمگرتوە، تا جارێکیان سەرجەم کتێبەکەم کۆپیکرد، کە تا ئێستاش ئەو کۆپییەم ماوە. یاخود دەیتوانیی سود لە وەرگێڕانە عەرەبییەکەی مامۆستا جەرجیس فەتحوڵڵا وەربگرێت، کە زۆر لە وەرگێڕانە کوردیی و فارسییەکەی سەید محەمەدی سەمەدی باشترە.(3) وتارە درێژەکەی "ئارشێ ڕۆزڤێڵت"یش ئەگەرچی یەکەمجار ساڵی 1947 بڵاوکراوەتەوە، بەڵام دواتر وەک نامیلکە و لە چەند گۆڤاری ئینگلیزییدا سەرلەنوێ چاپکراوەتەوە.(4)
سێیەم:
لەم کتێبەدا ئەگەر وێنەی کەسەکان و کڵێشەی ڕۆژنامە و گۆڤارەکان و دەقی ئەو پەرەگرافانە کە لە وتار و لێکۆڵینەوەی کەسانی دیکەوە وەرگیراون، لابدەین، دەبینین لێکدانەوە و ڕونکردنەوە و سەرنجەکانی نوسەرەکەی ئەوەندە نین کە بۆ نامەی دوکتۆرایەک بەشبکەن! دەبوا لێکدانەوە و ڕونکردنەوەی نوسەری ئەم کتێبە، پانتاییەکی زیاتری لە لێکۆڵینەوەکەدا بگرتایە. کاتێک مرۆڤ بەوردیی کتێبەکە دەخوێنێتەوە گەلێک باس و بابەتی ئەوتۆ دێنە بەرچاوی کە دەبوا زیاتر ڕونبکرانایەتەوە، کەچی بە چەند دێڕێک و بە زانیارییەکی کەمەوە بەڕێکراون! (پاشان ئاماژە بۆ هەندێک لەو باسانە دەکەم کە پێویستبو زیاتر ڕونبکرانایەتەوە).
چوارەم:
لەم کتێبەدا بەم جۆرە ڕیزبەندییە، لە گۆڤار و ڕۆژنامەکانی سەردەمی کۆماری کوردستان کۆڵڕاوەتەوە: (گۆڤاری نیشتمان، گۆڤاری هاواری کورد، گۆڤاری هاواری نیشتمان، گۆڤاری هەڵاڵە، گۆڤاری گڕوگاڵی منداڵانی کورد، گۆڤاری کوردستان)، ئنجا ڕۆژنامەی (کوردستان) و بەدوای ئەویشدا دەربارەی ڕۆژنامەی (کوهستان)ی نوسیوە.(5)
سەبارەت بەو بەشە ئەم تێبینیانەم هەیە:
1ـ لە لێکۆڵینەوەی زانستییدا زۆربەی جار واباشترە کە لێکۆڵەر بەپێی (زنجیرەی مێژویی) لە ڕوداو و باسەکان بکۆڵێتەوە. نوسەری ئەم کتێبەش هەروەک لە لاپەڕە (14)دا ئاماژەی بۆکردوە، ویستویەتی هەمان میتۆد پەیڕەو بکات. بەڵام کاتێک سەرنج دەدەین، نەیتوانیوە بە دروستیی پەیڕەوی ئەو میتۆدە بکات. ئەگەر ئەوەی ڕەچاوبکردایە ئەوسا گۆڤارەکان بەجیا و ڕۆژنامەکانی بەجیا دانەدەنا! بەڵکو هەمویانی بەپێی زنجیرەی مێژوییان دادەنا و بەرودوا لێیانیدەکۆڵییەوە. تەنانەت بۆ گۆڤارەکانیش زنجیرەی مێژویی لەبەرچاو نەگرتوە، ئەگینا گۆڤاری هەڵاڵەی نەدەخستە دوای گۆڤاری هاواری نیشتمان و گۆڤاری (کوردستان)ی نەدەخستە کۆتایی! باشتر وابو کە سەرجەم گۆڤار و ڕۆژنامەکانی بەپێی مێژوی دەرچونی (یەکەمین ژمارە)یان بەرودوا ڕیزبکردایە، پاشان دەربارەی هەریەکەیانی بنوسیایە. بەو پێیە دەبوا گۆڤار و ڕۆژنامەکان بەم جۆرە ڕیز بکرانایە:
(1) گۆڤاری نیشتمان، یەکەم ژمارەی لە سەرەتای مانگی جولای 1943دا دەرکراوە.
(2) ڕۆژنامەی (نامەی هەفتەگی کوهستان) یان (نامەی کوهستان)، یەکەم ژمارەی لە ڕۆژی دو شەممە 7ی اسفند 1323 ( 26-02-1945 )دا دەرکراوە.
(3) گۆڤاری هاواری کورد، یەکەم ژمارەی لە ڕەزبەری 1324 (کۆتایی سێپتێمبەر ـ سەرەتای ئۆکتۆبەری 1945)دا دەرکراوە.
(4) گۆڤاری کوردستان، یەکەم ژمارەی لە ڕۆژی پێنج شەممە 06-12-1945دا دەرکراوە.
(5) ڕۆژنامەی کوردستان، یەکەم ژمارەی لە ڕۆژی پێنج شەممە 10-01-1946 دا دەرکراوە.
(6) گۆڤاری هەڵاڵە، یەکەم ژمارەی لە ڕەشەمەی 1324 (کۆتایی فێبروەری ـ سەرەتای مارتی 1946) دا دەرکراوە.
(7) گۆڤاری هاواری نیشتمان، یەکەم ژمارەی لە ڕۆژی پێنج شەممە 21-03-1946 دا دەرکراوە.
(8) گۆڤاری گڕوگاڵی منداڵانی کورد، یەکەم ژمارەی له ڕۆژی یەک شەممە 21-04-1946 دا دەرکراوە.
2ـ پێویست بو ڕاستەوخۆ دوای گۆڤاری نیشتمان، دەربارەی گۆڤاری (ئاوات)ی بنوسیایە، چونکە ئەم گۆڤارەش بەیەکێک لە بڵاوکراوەکانی کۆمەڵەی ژ. ک. دادەنرێت و پاش وەستانی گۆڤاری نیشتمان، لە ئۆگوستی 1944دا لەلایەن محەمەدی شاپەسەندییەوە تاقە یەک ژمارەی لێدەرکراوە. (دواتر دەچمەوه سەر باسی ئەم گۆڤارە).
3ـ لەهەندێک کتێب و وتار و لێکۆڵینەوەدا، لە ڕیزی ناوی گۆڤار و ڕۆژنامەکانی کۆماری کوردستاندا ناوی (ئاگر ـ Agir)یش هاتوە، بەبێ ئەوەی لە هیچکامیاندا زانیارییەکی ئەوتۆ دەربارەی نوسرابێت. گرنگترینی ئەو سەرچاوانە، کتێبی ''The Kurdish Republic of 1946''ە.(6) دەبوا لەم کتێبەدا کە تایبەتە بە ڕۆژنامەنوسیی کوردی سەردەمی کۆماری کوردستان، سەرنج و ڕونکردنەوەیەک دەربارەی (ئاگر) بنوسرایە. لەو باوەڕەدام کە ویلیام ئێگڵتۆن لەخۆیەوە ئەو ناوەی لە ڕیزی ناوی گۆڤار و ڕۆژنامەکانی کۆماری کوردستان دا نەنوسیوه! بەڵکو ناوەکانی لە کەسانی شارەزای ئەو سەردەمە وەرگرتوە. وای بۆ دەچم ئەم بڵاوکراوەیە ناوی (ئاگری) بو بێت و له ماوەی حوکمڕانیی کۆماردا دەرکرابێت. (شایانی باسە ساڵی 1998 لە وتارێکی کورتدا سەرنجی ڕوناکبیران و لێکۆڵەرانی کوردم بۆ ئەوە ڕاکێشاوە).(7)
4 ـ لە ژمارە 61ی ڕۆژنامەی "کوردستان"دا کە لە ڕۆژی شەممە 1ی پوشپەڕی 1325 ( 22-06-1946 )دا دەرکراوه، لە لاپەڕە (2)دا ئاگادارییەک لە لایەن "دڵشادی ڕەسوڵی"یەوە بڵاوکراوەتەوە و تیایدا ڕایگەیاندوە کە نیازی ئەوەی هەیە گۆڤارێکی مانگانە بەناوی "زانست Zansist"ەوە دەربکات، جا بەو بۆنەیەوە داوای هاوکاریی لە نوسەران کردوه کە بە بابەتی ئەدەبی، زانستی، کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی بۆ گۆڤارەکە بنێرن. دەقی ئەو ئاگادارییە بەم جۆرەیە:
بۆ زانین
زانست
Zansist
گوواری زانست گوواریکی زانستی، کومەلایەتی، تربیتی ئەدەبیە لە مانگی پووشپەری سالی 1325 وە مانگی ژمارەییک وەدەردەکەوی. لە نوسەرانی بەرزی کوردستان تکا دەکەین مقالاتی ادبی زانستی کومەلایەتی تربیتی بە نشانی (وزارەت فەرهەنگ دەفتەری گوواری زانست) بومان بنیرن تا لە گوواری زانست دا دەرج بکری.
مدیری مسئول و خاوەنی امتیاز دلشاد ڕسولی
ئەگەر بێت و پاش ئەم ئاگادارییه، ئەم گۆڤارە دەرکرابێت، ئەوا پێویستە ناوەکەی لە دوای "گۆڤاری گڕوگاڵی منداڵانی کورد" بنوسرێت، بەڵام لەبەر ئەوەی کە تا ئێستا هیچ ژمارەیەکی ئەم گۆڤارە نەدۆزراوەتەوە و دەستنەخراوە، ناتوانین لە خۆمانەوە ناوەکەی لە ڕیزی ناوی گۆڤار و ڕۆژنامەکانی سەردەمی کۆماری کوردستاندا تۆماربکەین!
5 ـ لەم کتێبەدا کە دەربارەی "گۆڤار و ڕۆژنامەکانی کۆماری کوردستان"ه، (26) لاپەڕە دەربارەی (نامەی کوهستان) نوسراوە (ل 169 هەتاکو ل 195)، لە حاڵێکدا ئەو ڕۆژنامەیە لە "تاران" و بە زمانی "فارسی" دەرکراوە! بەڵام کەمتر لە (14) لاپەڕە دەربارەی ڕۆژنامەی "کوردستان"ی کۆماری کوردستان نوسراوە! ئایا دەبێت لەکتێبێکی ئاوادا کە دەربارەی"گۆڤار و ڕۆژنامەکانی کۆماری کوردستان"ه، (26) لاپەڕە دەربارەی (نامەی کوهستان) بێت، بەڵام (14) لاپەڕە دەربارەی ڕۆژنامەی کوردستان بێت! جێی سەرنجە کە نوسەری ئەم کتێبە کاتێک لە ڕۆژنامەی "کوردستان"ی کۆڵیوەتەوە، لە یەکەم پەرەگرافدا نوسیویەتی: "یەکێک لەکارە هەرە گرنگ و پڕ بایەخەکانی کۆماری دێمۆکراتی کوردستان لە ڕوی ڕۆشنبیری و کلتورییەوە دەرکردنی ڕۆژنامەی (کوردستان)ە، هەوڵدانێکی سەرکەوتو بو، بناغەدانانێک بو بۆ ڕۆژنامەیەکی ڕۆژانەی کوردی، کە ئەرکێکی قورس و توانایەکی ماددی و مەعنەوی زۆری گەرەکە...". باشە کە ئەو ڕۆژنامەیە هێندە گرنگ بوە، چۆن تەنها بەوەندە بەڕێکراوە! بەراوردێکی دیکە بۆ سەلماندنی ئەو لاسەنگییە ئەوەیە کە ڕۆژنامەی کوردستان (114) ژمارەی لێدەرکراوە، بەڵام (نامەی کوهستان) کەمتر لە (90) ژمارەی لێدەرکراوە. جێی سەرنجە کە لەم کتێبەدا (26) لاپەڕە دەربارەی (نامەی کوهستان) نوسراوە، بەڵام لەهەمو ئەو جێیانەدا کە ناوی ڕۆژنامەکه یان هەفتەنامەکە هاتوه، تەنها (کوهستان) نوسراوە! ڕاستییەکەی ناوەکەی (نامەی هەفتەگی کوهستان) بوە، نەک (کوهستان)! بەڵام لە سەروتاری یەکەم ژمارەیدا و لە هەندێک وتاری دیکەدا تەنها (نامەی کوهستان) نوسراوە و ئێمەش دەتوانین هەر بەو جۆرە بینوسین. (پاشان دەچمەوە سەر ئەم باسە، لێرەدا هەر ئەمەندە بە پێویست دەزانم).
6ـ وەکو سەرنجم داوە لەسەر هەندێک لە ژمارەکانی ڕۆژنامەی کوردستان مێژوە(زاینییەکان) بە هەڵە نوسراون. دەرک نەکردن بەم حاڵەتە زۆر کەس لەوانەی بە هەڵەدا بردوە کە دەربارەی ئەو ڕۆژنامەیەیان نوسیوە! تا ئێستا من کۆپیی (64) ژمارەی ئەو ڕۆژنامەیەم دەستکەوتوە و سەرنج و تێبینیم دەربارە نوسیوە. لەسەر هەندێک ژمارە (بەتایبەت ژمارەکانی دوایی) تەنها مێژوی هەتاوی نوسراوە. لەسەر گەلێک ژمارەشی مێژوی هەتاوی و کۆچی و زایینیش نوسراوە. بەڵام لەسەر هەندێک ژمارەی مێژوە زایینییەکه بە هەڵە نوسراوە. لێرەدا (وەک نمونه) ئاماژە بۆ چەند دانەیەک لەوانە دەکەم:
یەکەم ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان لە ڕۆژی پێنج شەممە 10-01-1946 دا دەرکراوە، بەڵام لەسەر خودی ئەو ژمارەیە 11ی ژانویە 1946 نوسراوە.
ژمارە 2ی لە ڕۆژی شەممە 12-01-1946 دا دەرکراوە، لەسەر ئەو ژمارەیە 13ی ژانویە 1946 نوسراوە.
ژمارە 5 لە ڕۆژی شەممە 19-01-1946 دا دەرکراوە، لەسەر ئەو ژمارەیە 20ی ژانویە 1946 نوسراوە.
پێنجەم:
لە لێکۆڵینەوەی ئەکادیمیدا دەسنیشانکردنی سەرچاوە بەگشت زانیارییەکانیەوە، خاڵێکی گرنگە و دەبێت بەوردی ڕەچاوبکرێت. ئەگەر دیقەتی پەراوێز و سەرچاوەکانی ئەم کتێبە بدەین، دەبینین هەندێک لە سەرچاوەکان بەتەواوی و دروستیی نەنوسراون. من لای خۆم چەند دانەم لەوانە دەسنیشانکردوە، بەڵام لێرەدا تەنها ئاماژە بۆ دوان لەوانە دەکەم:
1ـ لە ل (259)دا بۆ ژیاننامەی دڵشادی ڕەسوڵی سودی لە یەکێک لە ژمارەکانی گۆڤاری بەیان وەرگرتوە و لە ل (282)دا لە پەراوێزی ژمارە (48)دا بەم جۆرە ئاماژەی بۆ کردوە: "گ بەیان، ژ 148، 1988، ل 80". دەبینین نە ناوی نوسەر و نە ناوی وتارەکەی نەنوسیوە!
2ـ لە ل (55)، لە پەراوێزی (9)دا ئاماژەی بۆ چەند سەرچاوەیەک کردوە، یەکێکیان وتوێژێکی ڕۆژنامەییە کە محەمەد فەریق حەسەن و کەژاڵ ئەحمەد ساڵی 1992 لەگەڵ "محەمەدی شاپەسەندی"دا سازیانکردوە. لەوێدا سەرچاوەکە بەم جۆرە دەسنیشانکراوە: "محەمەدی شاپەسەندی، ڕۆژنامەی ئاڵای ئازادی، ژ24، 24-05-1992 ، ل7". ڕاستتر و دروستتر بو کە بەم جۆرە بینوسیایە: "گفتوگۆیەک لەگەڵ سەربازی نەناسراو محەمەدی شاپەسەندی، ئامادەکردنی: محەمەد فەریق حەسەن و کەژاڵ ئەحمەد، ڕۆژنامەی ئاڵای ئازادی، خولی دوەم، ژمارە 24، 24-05-1992 ، ل7". هەرچەند لەم کتێبەدا ئاماژەی بۆ نەکراوه، لە ڕاستیدا ئەو وتوێژە دو بەشە، بەشەکەی دیکەی لە هەمان ڕۆژنامە، لە ژمارە 25، 31-05-1992 دا بڵاوکراوەتەوە. شایانی باسە محەمەد فەریق حەسەن لە ڕۆژنامەی "کوردستانی نوێ"شدا دەربارەی ڕۆڵی محەمەدی شاپەسەندی لە بواری کاری چاپەمەنییدا نوسیوە.(8)
شەشەم:
لە لێکۆڵینەوەی ئەکادیمیدا دەسنیشانکردنی سەرچاوەی ئەو وێنە و دۆکۆمێنتانەی که لە لێکۆڵینەوەکەدا سودیان لێوەرگیراوە خاڵێکی گرنگە و دەبێت بەئەمانەتەوە ڕەچاوبکرێت. لەم کتێبەدا ئاماژە بۆ سەرچاوەی هیچکام لە وێنەکان نەکراوە. هەروەها لە ل (52)دا کۆپیی بەیاننامەیەکی کۆمەڵەی ژ. ک. بەرچاو دەکەوێت، بەبێ ئەوەی ئاماژەی بۆ سەرچاوەکەی کردبێت! وەکو من بزانم کۆپیی ئەو بەیاننامەیەی لە کتێبی "نگاهی به تاریخ مهاباد"، نوسینی: سەید محەمەدی سەمەدی، وەرگرتوە.(9) لە ل (23)شدا کۆپیی وێنەیەکی سەردەمی کۆمەڵەی ژ. ک. بەرچاو دەکەوێت که ئاماژەی بۆ سەرچاوەکەی ئەویش نەکردوە! دڵنیام کە ئەو وێنەیەی لە ل (659)ی کتێبی "ژیان و بەسەرهاتی عەبدولڕەحمان زەبیحی"، نوسینی: عەلی کەریمی، وەرگرتوە.(10) لێرەدا بە پێویستی دەزانم ڕاستییەک بخەمە ڕو، ئەویش ئەوەیە کە ئەو وێنەیە و چەند وێنەی زۆر بەنرخی دیکە، کە زۆربەیان هی دەورانی چالاکیی(کۆمەڵەی ژ. ک.)ن، محەمەدی شاپەسەندی پاش ساڵەها ژیانی ئاوارەیی و دەربەدەری پاراستبونی و نەیهێشتبو بفەوتێن، ساڵی 1998 بە ئەمانەتەوە داینی بە من کە بە سکانەر وێنەیان لێبگرمەوە و گەورەشیان بکەم. پاشان لە دەزگای "خاک" لە هەر وێنەیەکیان چەند دانەیەکمان لێ کۆپی کرد و وێنه ئۆریگناڵەکان و هەندێک لە کۆپییە گەورەکراوەکانم بۆ محەمەدی شاپەسەندیی گەڕاندەوە. دواتر بە ئاگاداریی خۆی کۆپیی (چەند) دانەیەکیانم بۆ عەلی کەریمی نارد، کە ئەودەم نیازی چاپکردنی کتێبەکەی هەبو. ئەوەبو پاشان وێنەکانی لە پاشکۆی کتێبەکەیدا دانابو، بەڵام بەهەر هۆیەک بو، ناوی محەمەدی شاپەسەندی وەک "خاوەنی وێنەکان" لەبیرکرابو! ئەو وێنانە لە کتێبی "ژیان و بەسەرهاتی عەبدولڕەحمان زەبیحی"دا لە ل657، 658، 659، 660 و 676دا دانراون.
حەوتەم:
نرخ و بەهای لێکۆڵینەوەی لەم جۆرە بەوە زیاد دەکات کە بەرلەهەرچی بە شێوەیەکی ورد و زنجیرەیی ئاماژە بۆ (پێشینەی مێژویی) ئەو باسە بکرێت کە نوسەرەکە مەبەستێتی لێیبکۆڵێتەوه. لەم کتێبەشدا باشتر و زانستییانەتر بو کە لە سەرەتادا، ئەگەرچی بە کورتییش بوایە، لە دوتوێی چەند لاپەڕەیەکدا ئاماژە بۆ پێشینەی ڕۆژنامەنوسیی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان (بەرلە کۆماری کوردستان) بکرایە. هەرچەند لە هەندێک جێدا ئاماژەی لەو جۆرە بەرچاو دەکەون، بەڵام لە هیچ کامیاندا زانیاریی ورد و پێویست نەنوسراون و باسەکان بە شێوەی زنجیرەی مێژویی نین. بۆ نمونه لە ل (169)دا بەپشتبەستن بە چەند وتارێکی ئەحمەدی شەریفی کە لە هەفتەنامەی "ئابیدەر"دا بڵاویکردوەتەوە، ناوی چەند گۆڤار و ڕۆژنامەی نوسیوە کە هەندێکیان نە لەدور و نە لە نزیک پەیوەندییان بە کوردەوە نییە و ئەحمەدی شەریفی لە خۆڕایی لە نێو ڕۆژنامەنوسی کوردیدا جێی بۆکردونەتەوە! (لەم ڕوەوە نامەم بۆ چەند کەسی شارەزا ناردوە. لەوەڵامی نامەکانمدا زانیاریی بەسود و باسنەکراویان بۆ نوسیوم، بەڵام بۆ ئەوەی لێرەدا باسەکە لەوە زیاتر درێژە نەکێشێت، هەڵیان دەگرم بۆ کات و شوێنی خۆیان). هەروەها لە ل (67)دا نوسیویەتی: "زۆربەی سەرچاوەکان، ڕۆژنامەنووسیی و چاپخانە لە کوردستانی ڕۆژهەڵاتدا، لە ڕووی مێژووییەوە، دەدەنە پاڵ ئەو هەوڵە جوامێرانەیەی نەوەی بەدرخانیەکان و بە تایبەتی (عەبدولڕەزاق بەدرخان) لە شاری (خوی)، کە لە ساڵی (1913)دا هەوڵیداوە یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی لە ئێراندا بە ناوی (کوردستان) بڵاوبکاتەوە...". لێرەدا بۆمان دەردەکەوێت کە نوسەری ئەم کتێبە ئاگای لەوە نییە کە لە ساڵی 1910دا میسیۆنێکی مەسیحی لۆتەری گۆڤارێکی مانگانەی بەناوی "کوردستان میشنێری" بە زمانی ئینگلیزیی دەرکردوە و بەشی هەرە زۆری وتارەکانی تایبەت بون بە شاری مەهاباد و ناوچەی موکریان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە گەلێک ژمارەیدا وێنەی مەهاباد و خەڵکی مەهاباد بڵاوکراونەتەوە. ئەگەرچی ئەم گۆڤارە بە ئینگلیزیی بوە و لە ئەمەریکا چاپکراوە، بەڵام چونکە هەمو بابەتەکانی پەیوەندییان بە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شاری مەهابادەوە هەیە و بەشی زۆری وتار و وێنەکانی لە مەهابادەوە نێردراون، ناکرێت لە ڕیزی ناوی گۆڤار و ڕۆژنامە و بڵاوکراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا ئاماژەی بۆ نەکرێت. لە هەندێک سەرچاوەشدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە چەند میسیۆنێرێکی ئەڵمانی لە مانگی ئاپریلی 1914دا لە ورمێ گۆڤارێکیان بە ناوی "کوردستان"وە دەرکردوە. جێی سەرنجە لە ل (67) و (68)دا چەند دێڕێکی دەربارەی ڕۆژنامەی "کورد" نوسیوە که لە ورمێ لەلایەن (مەلا محەمەدی قزڵجی)یەوه، لە سەردەمی بزوتنەوەکەی سمایل خانی شوکاکدا دەرکراوە، لەوێدا نەینوسیوە ئەو ڕۆژنامەیە لە (چ ساڵ و مانگ و ڕۆژێک)دا دەرکراوە!
ڕاستکردنەوەی هەندێک لە هەڵەکانی نێو کتێبەکە:
لە ل (12)دا نوسیویەتی "کۆمەڵی ژێ. کاف لە 16ی ئەیلولی 1942دا دامەزراوە". بەڵام لە ل (24)دا (25ی گەلاوێژی 1942)ی نوسیوە.
چەندساڵ لەمەوپێش لە لێکۆڵینەوەیەکم دا بەوردیی لە ناوی تەواوی (کۆمەڵەی ژ. ک.) و مێژوی دامەزراندنی و ناوی دامەزرێنەرەکانیم کۆڵیوەتەوە.(11) لەوێدا بەبەڵگەوە سەلماندومە کە کۆمەڵەی ژ. ک. له ڕۆژی یەک شەممە ڕێکەوتی 16-08-1942 بەرامبەر بە 25ی گەلاوێژی 1321ی هەتاوی دامەزراوه ، نەک 16ی ئەیلولی 1942. هەروەها دەبوا بیزانیایە کە 25ی گەلاوێژ دەکاتە (16ی ئاب)، نەک (16ی ئەیلول)!
لە ل (24) و (87)دا وای بۆچوه کە پیتی (ژ) و (ک)ی ناوی "کۆمەڵەی ژ. ک." کورتکراوەی "ژیانەوەی کورد"ن. هەروەها لە دەیان لاپەڕەی دیکەشدا هەر "کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد"ی نوسیوە. لەو لێکۆڵینەوەیەمدا کە دەربارەی "کۆمەڵەی ژ. ک."ە لە ناوی تەواوی کۆمەڵەی ژ. ک.م کۆڵیوەتەوە. لەوێدا بەبەڵگەوە سەلماندومە کە کۆمەڵەی ژ. ک. کورتکراوەی (کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان)بوە. ئەمەش یەکێک لە بەڵگەکان:
عەبدولڕەحمانی زەبیحی کە یەکێک لە دامەزرێنەران و ئەندامە چالاک و دیارەکانی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی ژ. ک. بوە، لە وتارێکی کورت و بەنرخدا کە ساڵی 1960 بە عەرەبیی لە ڕۆژنامەی "خەبات"دا بڵاویکردوەتەوە، سەبارەت بە ناوی کۆمەڵەی ژ. ک.، هەڵەی "ئارشێ ڕۆزڤێڵت"ی ڕاستکردوەتەوە.(12) چونکە ئارشێ ڕۆزڤێڵت لەو وتارەیدا کە ساڵی 1947 لە گۆڤاری " The Middle East Journal"دا بڵاوی کردوەتەوە، ناوەکەی بەم جۆرە نوسیوە: "کۆمەڵە ـ ی ـ ژیان ـ ی ـ کورد".(13) عەبدولڕەحمانی زەبیحی لە وتارەکەی خۆیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردوە کە ئارشی ڕوزڤێڵت بەهەڵە ناوەکەی نوسیوە، ئنجا نوسیویەتی: "ناوی دروستی کۆمەڵەی ژ. ک. بەم جۆرەیە: کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان، کە دەبێتە حزب احیاء کردستان، نەک ژیانی کورد".(14) سەرنج دەدەین کە عەبدولڕەحمانی زەبیحی ئەگەرچی وتارەکەی بە عەرەبیی نوسیوە، کەچی ناوەکەی بە کوردی و عەرەبیش نوسیوه، چونکە زانیویەتی گەلێک جار ناوەکەی بە هەڵە نوسراوە. دیارە تەنها مەبەستی ئەوە نەبوە کە هەڵەی ئارشێ ڕۆزڤێڵت ڕاستبکاتەوە! بەڵکو ویستویەتی سەرنجی مێژونوس و ڕوناکبیرانی کوردیش بۆ ئەوە ڕابکێشێت و چیدیکە ئەو هەڵەیە چەندبارە نەبێتەوە!
لە ل (25)دا نوسیویەتی: "ئەوانەی لەدامەزراندنی (کۆمەڵە)دا دەوریان بو، ئەمانە بون: (1ـ ڕەحمانی حەلەوی. 2- موحەممەد ئەمین شەرەفی. 3- موحەممەدی نانەوا زاده. 4- ڕەحمانی زەبیحی. 5- حوسێنی فروهەر (زەڕِگەری). 6ـ عەبدولڕِەحمانی ئیمامی. 7- قاسمی قادری. 8- مەلا عەبدڵڵاَی داودی. 9- ئەحمەدی عیلمی. 10-عەزیزی زەندی. 11- موحەممەدی یاهو. 12- میرحاج".
هەر لەدرێژەی ئەم باسەدا، لە ل (54)، لەپەراوێزی (6)دا نوسیویەتی: "ویلیام ئیگلتۆن جونێر، کۆماری کورد لە ساڵی 1946، وەرگێڕِانی سید محمد صمدی، ب1، ل144، و. ف، ل 244. لەوەرگێڕِانە فارسی یەکەدا، لەناوەکاندا ناوی قادری مودەریسی تێدایەو ناوی عەزیزی زەندی تێدا نی یە".
لێرەدا سەرنج دەدەین بۆ ناوی دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ژ. ک. پەنای بردوەتە بەر وەرگێرِانە کوردی و فارسییەکەی کتێبەکەی ویلیام ئێگڵتۆن، کە سەید محەمەدی سەمەدی وەریگێڕاوە. لە حاڵێکدا ئەو دو وەرگێڕانە هەڵه و کەموکڕییان یەکجار زۆرە. سەید محەمەدی سەمەدی لە وەرگێڕانە فارسییەکەدا لەبریتی ئەوە کە بە ئەمانەتەوە و دەقاودەق کتێبەکەی ویلیام ئێگڵتۆن وەربگێڕێت، پاشکۆیەکی بۆ کتێبەکە زیادکردوە و چەند بەشی گرنگی کتێبە ئۆریگیناڵەکەشی فەرامۆشکردوە! ڕاستییەکەی ئەو ناوانەی کە لە وەرگێرِانە فارسییەکەدا نوسراون، لە زمانی "عەبدولقادر مودەرسی"یەوە نوسراون و ئەو ناوانە نین کە ویلیام ئێگڵتۆن لە کتێبەکەیدا نوسیونی! (ئەم هەڵەیە بەسەر نوسەری ئەم کتێبەشدا تێپەڕیوە و دەرکی بەوە نەکردوه کە ئەو ناوانە لە زمانی عەبدولقادر مودەرسییەوە تۆمارکراون!). جیا لەوەش ئەوەی کە لە چاپە کوردییەکەدا ناوی عەبدولقادر مودەرسی نەنوسراوە، ئەوە هەڵەی سەید محەمەدی سەمەدی بوە! لێرەدا دەگەینە ئەو باوەڕەی ئەگەر دەقە ئینگلیزییەکەی کتێبەکەی "ویلیام ئێگڵتۆن"ی لەبەر دەستدا بوایە، لایەنی کەم لەوە دڵنیا دەبو کە لەوێدا ناوەکان چۆن نوسراون!
ڕاستییەکەی ویلیام ئێگڵتۆن لەپاشکۆی کتێبەکەیدا، لە لاپەرِە (133)دا، ناوی دامەزرێنەرەکانی "کۆمەڵەی ژ. ک"ی بەم جۆرە نوسیوە:
"ڕەحمان حەلاوی، محەمەد ئەمین شەرەفی، محەمەد نانەوا زادە، ڕەحمان زەبیحی، حوسێن فروهەر (زەڕِگەری)، عەبدولڕِەحمان ئیمامی، قاسم قادری، مەلا عەبدولڵا داودی، قادر مودەریسی، ئەحمەد عیلمی، عەزیز زەندی، محەمەد یاهو، میرحاج (خەڵکی عیراق)".(15)
بەڵام وەک من بەم باسەوە خەریک بوم و لێمکۆڵیوەتەوە، چەند کەسێک لەوانەی کە ویلیام ئێگڵتۆن ناوی لەڕِیزی دامەزرێنەرانی کۆمەڵەدا نوسیوە، دواتر پەیوەندییان کردوە بەکۆمەڵەوه و لەدەستەی دامەزرێنەر نەبون، وەک: "ڕەحمان حەلاوی، محەمەد ئەمین شەرەفی، ئەحمەد عیلمی، محەمەد یاهو". هەروەها کە ناوی میرحاج و هەندێک جار ناوی مستەفا خۆشناو له ڕِیزی ناوی دامەزرێنەران نوسراوە، ئەوان ئەندام و نوێنەری حیزبی هیوا بون. تەنانەت "عیزەت عەبدولعەزیز"یشیان لەگەڵ بوه و بەمەبەستی ڕێنوێنی و هاوکاریی ڕوناکبیرانی کورد له کوردستانی ئێران، ڕۆژی پێنج شەممە 13-08-1942 دەچنە شاری مەهاباد و چەند ڕۆژێک لە ماڵی حوسێن فروهەر دەمێننەوە. له ڕِێگای حوسێن فروهەر و عەبدولڕِەحمانی زەبیحیەوە چاویان بەدەستەیەک لە کەسە ڕوناکبیرو چالاکەکانی شاری مەهاباد دەکەوێت و ئاڵوگۆڕِی بیروڕِایان لەگەڵدا دەکەن. ئەوان سەرەتا نیازیان دەبێت لقێکی "حیزبی هیوا" لە موکریان دابمەزرێنن. پاش وتوێژ و هەڵسەنگاندنی هەلومەرجەکە، دەگەنە ئەو باوەڕِەی کە ڕێکخراوێکی دیکە دابمەزرێنن کە لەگەڵ "حیزبی هیوا" دا هاوبەرنامە و هاوئامانج بن. سەرەنجام ڕۆژی یەک شەممە 16-08-1942 کۆمەڵەی ژ. ک."کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان" دادەمەزرێنن. حوسێن فروهەر بە سەرۆک و عەبدولڕِەحمانی زەبیحی بە سکرتێری کۆمەڵە هەڵدەبژێردرێن. (16) پاش سێ ساڵ تێکۆشانی بەردەوام، ڕۆژی پێنج شەممە 16-08-1945 لەسەر بنەماکانی کۆمەڵەی ژ. ک.، حیزبی دیموکراتی کوردستان دادەمەزرێنرێت.
"عەزیز زەندی"ش لەدامەزرێنەرانی کۆمەڵە نەبوە، چونکە عەزیز زەندی بەر لەوەی کۆمەڵەی ژ. ک دابمەزرێنرێت، هەر ئەو دەم کە بەناوی "حیزبی ئازادیخوازی کوردستان"ەوە کاریان کردوە، لەگەڵ چەند کەسی هاوبیروباوەڕِی خۆی لە حیزبەکە چونەتە دەرەوه و بەجیاکاریان کردوه.(17)
لە ل (13)دا وای دەربڕیوە کە توانیویەتی (لەسەدا نەوەدی ـ 90%) گۆڤار و ڕۆژنامەکانی سەردەمی کۆماری کوردستان بەدەستبێنێت! نازانم ئەو ڕێژەیەی لە کوێ هێناوە و چۆنی لێکداوەتەوە! ئاخۆ لە (114) ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستان چەند ژمارەی دەست ئەو کەوتوە؟ یان لە سەرجەم ژمارەکانی گۆڤاری کوردستان چەند ژمارەی دەست ئەو کەوتوە؟ هەروەها چەند ژمارەی (نامەی کوهستان، گۆڤاری هاواری کورد، گۆڤاری هاواری نیشتمان، گۆڤاری ئاوات، گۆڤاری هەڵاڵە و گۆڤاری گڕوگاڵی منداڵانی کورد)ی دەستکەوتوە؟.. لەوباوەڕەدام کە ئەو ڕێژەیە، واتە (90%)، زیادەڕۆیی تیادایە و لە ڕاستییەوە دورە. باشتر بو نوسەری ئەم کتێبە وردتر و ڕیالیستیانە ئەو لایەنەی لێکبدایەتەوە!
لە ل(22)دا نوسیویەتی: "لە 25ی ئەیلولی 1941 دا سۆڤیەت و ئینگلستان بەناوی هێزی هاوپەیمانانەوە ئێرانیان داگیرکرد". ڕاستییەکەی هێزەکانی یەکێتی سۆڤیەت و بەریتانیا له ڕۆژی دو شەممە ڕێکەوتی 25-08-1941 دا شاڵاَویان کردە سەر ئێران، نەک 25ی ئەیلولی 1941.
لە باسی "باری پەروەردەو فەرهەنگی"ی کۆماری کوردستاندا لە ل(38) و (39)دا نوسیویەتی:"لە بواری ڕۆشنبیریدا جووڵانەوەی شانۆیی گڕو تینێکی تازەی بە خۆوە بینی و لەوماوە کورتەدا سێ شانۆگەری کوردیی نمایش کران... شانۆگەری صلاح الدین، لە نووسینی پێشەوا قازی محەمەدە، کە لە شاری مەهاباد پێشکەش کراوەو سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەست هێناوە... شانۆگەری دووەم بەناونیشانی(دایکی نیشتمان)ە، کە لە نووسینی پێشەوا قازی محەمەدەو لەمەهاباد پێشکەشکراوه...". لە ل (40)دا نوسیویەتی: " شانۆگەری سێیەم، لە شاری سەقز، لە 1946 لە دەبیرستانی شاهپوور بە ناوی(تەبیبی ئیجباری) لە نوسینی مۆلێیر پێشکەشکراوەو داهاتی شانۆگەرییەکەش بۆ خوێندکارە هەژارەکان بووە... شانۆگەریی (دایکی نیشتمان) گومان هەیە لەوەی قازی محەمەد نوسیبێتی، من بۆ خۆم لە(کامەران موکری)م بیستوە له شانۆگەری ناوبراودا ڕۆڵی بینیوه و لەمەهاباد و شارەکانی دیکەدا پێشکەشیان کردوە".
لێرەدا چەند باس و ڕوداوێک تێکەڵکراون. هەوڵدەدەم هەندێکیان ڕون بکەمەوە:
یەکەم ـ شانۆگەریی سەلاحەدین و دایکی نیشتمان لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا پێشکەش نەکراون و بە هەڵە لەم کتێبەدا لە ڕیزی چالاکییە ڕۆشنبیرییەکانی کۆماردا دانراون! بەپێی هەندێک بەڵگەنامەی مێژویی دەوڵەتی ئێران کە کۆپییان لای من هەیە، لە چەند دانەیەکیاندا ناوی شانۆگەریی"سەلاحەدین" هاتوە و ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە لە مانگی فێبروەریی 1942 (واتە بەر لە دامەزراندنی کۆمەڵەی ژ. ک.) لە مەهاباد شانۆگەرییەک بەناوی "سەلاحەدین"ەوە پێشکەش کراوە. نوسراویشە کە لەو نمایشەدا سوکایەتیی بە سوپای ئێران کراوە، هەروەها باسی ئەوەش کراوە کە ئەو نمایشە لە ڕوی هونەری و ناوەرۆکیشەوە لاواز بوە. شانۆگەریی "دایکی نیشتمان"یش لە مانگی ئاپریلی ساڵی 1945 دا لە لایەن ئەندامانی (کۆمەڵەی ژ. ک.)ەوە سەرەتا لە شاری مەهاباد و پاشان لە نەغەدە و دواییش لە شنۆ پێشکەش کراوە.
دوەم ـ ئەگەر لەوە دڵنیانەبوە کە تێکستی "دایکی نیشتمان" قازی محەمەد نوسیبێتی، دەبوا لە (39)دا وا بەدڵنیاییەوە نەینوسیایە: "شانۆگەری دوەم بەناونیشانی (دایکی نیشتمان)ە، کە لە نوسینی پێشەوا قازی محەمەدەو لەمەهاباد پێشکەش کراوە".
سێیەم ـ زۆر ڕونکردنەوە هەن کە دەیسەلمێنن تێکستی شانۆگەریی "دایکی نیشتمان" لەباشوری کوردستانەوە بۆ مەهاباد نێردراوە. غەنی بلوریان کە ڕۆڵێکی گرنگی هەبوە له ئامادەکردن و دەرهێنانی ئەو شانۆگەرییەدا و یەکەم کەسە کە وا بەوردیی باسی کردبێت، لەبیرەوەرییەکانیدا نوسیویەتی: "سەرکردایەتی ژ. ک. نومایشنامەیەکی دەستکەوتبوو بەناوی "دایکی نیشتمان" کە من نەمزانی ئەو نومایشنامەیە لەکوێوە هاتبوو. دەگوترا لەگەرمێنەوە هاتووە، بەڵام من لام وابوو "میرحاج ئەحمەد" ئەوی لەسلێمانی هێناوه و داوییەتی به کۆمەڵە".(18)
چوارەم ـ لەبەر ئەوەی کە شاری(سەقز) نەکەوتبوە نێو قەڵەمڕەوی کۆماری کوردستانەوە، ناکرێت چالاکییەکی ڕۆشنبیریی کە لەو دەمەدا لەو شارەدا ئەنجام درابێت، وەک چالاکییەکی ڕۆشنبیریی کۆماری کوردستان لێکبدرێتەوە!
پێنجەم ـ ئەوەش کە نوسیویەتی: "من بۆ خۆم له (کامەران موکری)م بیستوە له شانۆگەری ناوبراودا ڕۆڵی بینیوه و له مەهابادو شارەکانی دیکەدا پێشکەشیان کردوە". زانیارییەکی تەواو هەڵەیه و فڕی بەسەر ڕاستییەوە نییە! کامەران موکری ئەو دەمە تەمەنی 13 ساڵان بوە، جا نازانم چۆن خۆی گەیاندوەتە مەهاباد و "شارەکانی دیکە" و بەشداریی لەو شانۆگەرییەدا کردوە؟! سەیرەکە لەوەدایە کە نوسیویەتی: "من بۆ خۆم لە (کامەران موکری)م بیستوە"! له هیچ جێیەکدا نەم خوێندوەتەوه و نەمبیستوە کە کامەران موکری لەو ساڵانەدا چوبێتە مەهاباد! تەنانەت من خۆم لەنزیکەوە ناسیومه و گەلێک جار بەسەرهاتەکانی ژیانی خۆی بۆ گێرِاومەتەوە، بەڵام هەرگیز لێمنەبیستوە کە لەسەردەمی چالاکیی کۆمەڵەی ژ. ک. دا چوبێتە مەهاباد. بەڵام گەلێک جار باسی ئەوەی بۆ کردوم کە له شانۆگەریی (لەڕِێی نیشتماندا) وەک ئەکتەر بەشداریی کردوە. ئەو شانۆگەرییە مانگی جولای ساڵی 1946 لەسلێمانی و هەولێر پێشکەشکراوە.(19)
شەشەم ـ لە ل (55)، لە پەراوێزی (11)دا نوسیویەتی: "نمایشی (دایکی نیشتمان)، ئیگلتۆن ئەو ڕۆژگارەی بە چاوی خۆی لە مهابادێ دیوویەتی و باسی کردووە...". ڕاستییەکەی ویلیام ئێگڵتۆن ساڵی 1961 چوەتە مەهاباد، ئەویش ئەو کاتەی کە وەک کۆنسوڵی ئەمریکی لە شاری تەورێز کاریکردوه. سەردانەکەشی بۆ ئەوە بوە کە زانیاریی دەربارەی کۆماری کوردستان و کەسایەتییەکانی ئەو دەمە کۆبکاتەوە. چونکه ئەو چەند ساڵ لەوەپێش بیرۆکەی لێکۆڵینەوە لە کۆماری کوردستانی کەوتوەتە سەر. ویلیام ئێگڵتۆن لە پێشەکیی کتێبەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردوه کە لەکاتی سەردانی مهاباددا زۆربەی کات "سیرۆسی حەبیبی" لەگەڵ بوە. سیرۆسی حەبیبی دایکی ئەمریکی و باوکی کورد و خەڵکی مەهاباد بوە. ئەو لە نمایشی دایکی نیشتماندا ڕۆڵێکی دیاری هەبوە. بێگومان ویلیام ئێگڵتۆن لە زمانی ئەوەوە دەربارەی ئەو نمایشەی نوسیوە، نەک بەچاوی خۆی دیبێتی!
لە ل (270)دا کورتەیەکی ژیاننامەی محەمەدی شاپەسەندی نوسیوە کە چەند هەڵەی زەقی تێدا بەدیدەکرێت. لەوێدا ناوی نهێنیی محەمەدی شاپەسەندی لەنێو کۆمەڵەی ژ. ک دا بەم جۆرە نوسیوە: (م. اذر). ڕاستییەکەی ناوەکەی بەم جۆرە بوە: "م. ش. آذەر 821". ئینجا نوسیویەتی: "ئەم ڕوناکبیرە، لەساڵی (1932ز)دا لەشاری مەهاباد لەدایک بوە". محەمەدی شاپەسەندی چەندین جار بەدەمی پێی گوتوم و لەو نامانەشیدا کە بۆی نوسیوم، ئەوەی دوپات کردوەتەوە کە لە "پایزی ساڵی 1920" دا لەدایکبوە.(20) ئەگەر وەک لەو کتێبەدا نوسراوە ساڵی 1932 لەدایک بوبێت! کەواتە ئەو دەمەی چوەتە نێو کۆمەڵەی ژ. ک ەوە تەمەنی (11) ساڵ بوە!
پاشان هەر لە ل(270)دا نوسیویەتی: "لەسەرەتادا لەگۆڤاری (نیشتمان) دەستی بەکاری چاپەمەنی و ڕۆژنامەنوسیی کردوە، پاشان لەسەردەمی کۆماردا لەپاڵ سەید موحەمەدی حەمیدی و قادری مودەڕیسی دا ئەرکی بەڕِێوەبردنی چاپخانەی لەئەستۆ بوە لەپێش ئەوەشەوە هەر وەکو خۆی دەڵێ هەوڵیداوە گۆڤاری (ئاوات)ی دەرکردوەو بەنازناوی (ڕەمزی) نوسیویه و سێ ژمارەی لێ چاپ کردوە".
لێرەدا وشەی (رەمزی) ڕۆشن نییه و نازانرێت وەک ناوی کەس یان لەجێی وشەی "هێما، نازناو، ناوی خواستراو…" بەکاری هێناوە! ئەگەر مەبەستی لەوشەی "ڕەمزی" ناوی خواستراوە، باشتر بو کە ڕِونیبکردایەتەوە و بینوسیایە ئەو ناوەخواستراوە چیبوە کە محەمەدی شاپەسەندی لەبریتی ناوی خۆی بەکاریهێناوە؟! ئەگەریش وای بۆ چوە کە بەنازناوی "ڕەمزی" (وەکو ناو) نوسیویەتی، ئەوا هەڵەیە، چونکە محەمەدی شاپەسەندی بەنازناوی "ئازاد"ەوە وتاری لەو گۆڤارەدا نوسیوە. هەروەها گۆڤاری "ئاوات" سێ ژمارەی لێدەرنەکراوە، بەڵکو تاقە یەک ژمارەی لێدەرکراوە.
لەبەرئەوەی زۆر کەسی دیکەش زانیاریی هەڵەیان لەبابەت ئەم گۆڤارەوە نوسیوە، من بەپشتبەستن بەو زانیارییانەی کە (دە) ساڵێک لەمەوپێش لەخودی محەمەدی شاپەسەندیم وەرگرتوە، لێرەدا کورتەیەک دەربارەی گۆڤاری ئاوات دەنوسم:
پاش دەرچونی ژمارە (7 و 8 و 9)ی گۆڤاری نیشتمان، کۆمەڵەی ژ. ک. ئامێرێکی چاپی بچکۆلانە دەکڕێت و دەیباتەوە مەهاباد. لەو کاتانەدا عەبدولڕەحمانی زەبیحی و دڵشادی ڕەسوڵی و قاسمی قازی بۆ جێبەجێکردنی کارێکی گرنگی کۆمەڵە بەرەو ورمێ دەچن. لە ڕێگا لەلایەن دەستەیەک سەربازی حکومەتی ئێرانەوە دەسگیردەکرێن و دەیانبەنە تەورێز، دواتر بەرەو تارانیان دەبەن و دەیانخەنە زیندانەوە. بە گیرانی عەبدولڕەحمانی زەبیحی و هاوڕێکانی گۆڤاری نیشتمان دەوەستێت.
محەمەدی شاپەسەندی بەمەبەستی ئەوەی کە جێی گۆڤاری نیشتمان (ئۆرگانی کۆمەڵەی ژ. ک.) خاڵیی نەبێت، لەمانگی ئۆگوستی 1944دا گۆڤاری "ئاوات" دەردەکات. لەو گۆڤارەدا شاپەسەندی پەخشانێکی بەناوی (برای دوورم!) بە نازناوی "ئازاد" و شیعرێکی هێمن و شیعرێکی هەژار و چەند شیعر و بابەتێکی دیکە کە نیاز بوە لەژمارەی نوێی گۆڤاری نیشتماندا چاپی بکەن، لەو گۆڤارەدا بڵاودەکاتەوە.(21) پاش بڵاوبونەوەی ئەو ژمارەیەی ئاوات، چەند کەس لەبەرپرسانی کۆمەڵە محەمەدی شاپەسەندییان بانگکردوه و ڕەخنەیان لێگرتوە که چۆن بەبێ ڕەزامەندیی ڕابەرانی کۆمەڵە، گۆڤارێکی بەو ئامێر و کەرەستانەی کۆمەڵە دەرکردوە! ئەویش مەبەستەکەی خۆی بۆ باسکردون و ڕەخنەکەیانی قبوڵکردوە. ئیدی نەیتوانیوە لەسەری بەردەوام بێت و ژمارەی دیکەی لێ دەربکات!
محەمەدی شاپەسەندی چەندین جار باسی چۆنێتی دەرکردنی ئەم گۆڤارەی بۆ کردوم و تەئکیدی کرد کە لە"یەک ژمارە" زیاتری لێدەرنەکردوە و بەهەڵە لەهەندێک کتێب و وتاردا نوسراوە (سێ) ژمارەی لێدەرکراوە.
لە ل(257)دا کورتەیەکی ژیاننامەی عەبدولڕِەحمانی زەبیحی نوسیوە و نوسیویەتی: "لە 1920ز دا لەدایک بوە".
ساڵی 1997 هونەرمەند زاهیر سدیق لەسلێمانی پەیکەری عەبدولڕِەحمانی زەبیحی دروستکرد. لەودەمەدا پرسیاری لە من کرد، لەژێر پەیکەرەکەدا چی بنوسین؟ منیش بەپێی هەندێک زانیاریی گەیشتمە ئەو باوەڕِەی کە عەبدولڕِەحمانی زەبیحی ساڵی 1918 لەدایک بوبێت. ئیدی لەژێر پەیکەرەکەدا نوسیمان: "تێکۆشەر و ڕوناکبیری گەورەی کورد عەبدولڕِەحمان زەبیحی (عولەما) 1918- 1980" بۆ دڵنیابون لەوەی کە 1918 زیاتر جێی باوەرِە، چەند بەڵگەیەکم هەیە:
1- هەژار له "چێشتی مجێور"، ل (18)دا نوسیویەتی: "زەبیحی بەتەمەن له من باوخۆشتر بو". بەو پێیەی که هەژار لە 15-04-1921 دا لەدایکبوە. کەواتە زەبیحی چەند ساڵێک پێش ئەو ساڵە لەدایک بوە. هەروەها محەمەدی شاپەسەندی چەندین جار ئەوەی لای من دوپاتکردوەتەوە کە زەبیحی دو تا سێ ساڵ لەو گەورەتر بوە. هەروەکو پێشتریش ئاماژەم بۆ کرد، محەمەدی شاپەسەندی لە (پایزی ساڵی 1920)دا لەدایکبوە.(بەڵگەی دیکەش لەو بارەیەوە زۆرن بەڵام لێرەدا هەر ئەوەندە بە پێویست دەزانم).
لە ل (245)دا کورتەیەکی ژیاننامەی "هێمن"ی نوسیوه و باسی ڕۆڵی "مەلا ئەحمەدی فەوزی"ی لە پەروەردەکردنی (هێمن)دا کردوە. پاشان لەدرێژەی ئەو باسەدا، لە ل(280)و لەپەراوێزی ژمارە (24)دا نوسیویەتی:"لەبارەی مەلا ئەحمەدی حاجی عەلی هەڵەبجەییەوە علاالدین سجادی هەر ئەوەندەی نووسیووە، کە له سابڵاغ دانیشتوەو ل ەدەوروبەری ساڵی 1923دا مردوە". سەیر ئەوەیە هیچ لەوەی نەکۆڵیوەتەوە کە ئەو ساڵە تا چ ڕادەیەک دروستە! باشە ئەگەر وا دابنێین کەئەو ساڵە ڕاستە، کەواتە دەبێت هێمن بە "دو ساڵيی" لای ئەو خوێندبێتی!
سەبارەت بە ژیان و شیعرەکانی مەلا ئەحمەدی فەوزی هەندێک زانیارییم لای خۆم تۆمار کردوه و لەچەند وتار و لێکۆڵینەوەمدا کورتەیەکیم بڵاوکردوەتەوە. (22) لێرەدا پوختەیەکی دەخەمە بەرچاو :
مەلا ئەحمەدی فەوزی ساڵی 1875 لەگوندی عەبابەیلێی نزیک هەڵەبجە لەدایکبوە. لەسەردەمی حکومەتی شێخ مەحمود دا یەکێک بوە له منەوەرەکانی ئەودەمی سلێمانی. پاش لەناو چونی حکومەتەکەی شێخ مەحمود، وەک زۆر تێکۆشەری دیکەی ئەودەمە، سلێمانی بەجێبێڵێت و لەناوچەی موکریان، لەگوندی حاجی کەند دەگیرسێتەوە. لەوێ بە پەروەرده و فێرکردنی منداڵان و مێرمنداڵانی ئەو دەڤەرەوە خەریک دەبێت. قازی محەمەد، هێمن، حەسەنی قزڵجی و گەلێک ڕوناکبیرو تێکۆشەری دیکەی نەتەوەکەمان شاگردی ئەو بون.
هێمن لەبیرەوەرییەکانیدا، لە سەرەتای دیوانی "تاریک و ڕوون" دا نوسیویەتی: "فەوزی بەبڕِوای من یەکێکە لەگەورە پیاوانی مێژووی کوردستان، کەداخەکەم شوێنەوارەکانی فەوتان و خۆشی لەبیرچۆتەوە. ئەو لاوە کوردانەی لەسەردەمی پاتشایەتی ڕەزاخانی پەهلەویدا... ئازایانە کوردایەتیان دەکرد،یا ڕاستەوخۆ شاگردی فەوزی بون یا شاگردی شاگردەکانی ئەو. بەتایبەتی پێشەوا قازی موحەمەدی شەهید شانازی بەوەوە دەکرد که شاگردی فەوزی بووە. مەلا ئەحمەدی فەوزی یا مەلای سولیمانی کێ بوو؟ چکارە بوو؟ بۆ پەڕِیوەی مەڵبەندی ئێمە ببوو؟ نازانم... دەیان گوت خەڵکی شاری سولیمانی یه و لەکوردستانی عیراقەوە لەگەڵ شێخەلیسلامی گەورەدا... هاتۆتە موکریان. پاش مردنی شێخەلیسلام ژنەکەی ئەوی مارەکردبۆوه و کچێکی لێ هەبو... بۆ خۆی لەساڵی 1943-1322 دا لەگوندی حاجیکەند مرد و له خانەقای شێخی بورهان نێژراوە".(23) (جێی سەرنجە کە له "تاریک و ڕوون"دا ساڵە زاینییەکە بەدروستیی نوسراوە. بەڵام ئەوە هەڵەی چاپە کە ساڵە هەتاوییەکە بوەتە 1922، ڕاستییەکەی "1322"ە).
لە ل(267-369) و چەند لاپەڕِەی دیکەشدا هەندێک زانیاریی کورتی دەربارەی سەید محەمەدی حەمیدی نوسیوە، بەڵام هیچی دەربارەی بیۆگرافیی ئەو نەنوسیوە، کە لەکاتێکدا سەید محەمەدی حەمیدی یەکێک لەناسراوترین نوسەران و ڕوناکبیرانی سەردەمی کۆماری کوردستان و سەرنوسەری گۆڤاری کوردستان و ڕۆژنامەی کوردستان بوە. دەبوا لەم کتێبەدا تا ڕادەی پێویست دەربارەی ژیاننامەی بنوسرایە.
من لای خۆمەوە بەنامه و ئیمایل و فاکس، پەیوەندیم بەچەند کەسەوە کردوه و هەندێک زانیاریم سەبارەت بەبیۆگرافیی سەید محەمەدی حەمیدی لای خۆم یاداشت کردوە. هەروەها ئەحمەدی شەریفی لەوتارێکی بەنرخیدا کورتەیەکی ژیاننامەی ئەوەی نوسیوەتەوە.(24) وا لێرەدا تیشکێک دەخەمە سەر ژیانی: سەید محەمەد کوڕِی عوبەیدوڵڵا، کوڕِی سەید فەیزوڵڵا، کوڕِی سەید شوکوروڵڵای پارسانیا، ساڵی 1903 لەگوندی داشالوجەی سەقز لەدایکبوە. لەبەر ئەوەی مرۆڤێکی ڕوناکبیر و پاک و دڵسۆز بوە لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا کراوەتە سەرنوسەری گۆڤاری کوردستان و ڕۆژنامەی کوردستان. پاش کۆمار توشی مەینەتی و دەربەدری بوە. ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی 27-04-1979 لە شاری سنە کۆچی دوایی کردوه و له گۆڕِستانی شێخ محەمەدی باقری غیاس نێژراوە. سەید محەمەدی حەمیدی یەکێکە لە هەزاران ڕوناکبیر و تێکۆشەری گومناوی نەتەوەکەمان.
لە ل(42)دا ناوی "سدیق ئەنجیری ئازەر"ی هێناوه و لە ل(61)، لەپەراوێزی ژمارە (38)دا نوسیویەتی: "ئەم ڕووناکبیرە له ساڵی 1968 دا تیرۆر کرا". پاشان لە ل(62)دا بەپێی سەرچاوەیەکی دیکە نوسیویەتی:" هێدی پێی وایە لەساڵی 1966دا لە مامەڕووت لە کوردستانی باشوور لە ئەنجامی سەرەڕۆیی ئەحمەد تۆفیق دا تێدا چوە". لە ل(99)شدا نوسیویەتی: "سەدیق ئەنجیری ئازەر یەکێک بوو له تێکۆشەرەکانی سەردەمی کۆمارو پاشتریش وەکو مامۆستای قوتابخانە، دوور خراوەتەوە بۆ تاران و لەوێ پەرەی بە خوێندن داوەو بووەتە مامۆستای زانستگا... پاش ڕووخانی کۆمار ئاوارەی کوردستانی باشوور بوو، دوای ئەوەی ماوەیەکی زۆر له گەڵ حیزبی(تودە)ی مارکسیدا کاری کرد". لێرەدا چەند هەڵەی زەق بەرچاودەکەون:
1- بەپێی هەندێک زانیاریی گەیشتومەتە ئەو باوەڕەی کە سدیق ئەنجیری ئازەر لەسەرەتای مانگی مای 1966دا بەبرِیاری ئەحمەد توفیق "عەبدوڵڵای ئیسحاقی"و بەدەستی سەید حەسەن (برازای ئەحمەد تۆفیق) تیرۆرکراوە. چەند کەسی دیکەش دەستیان لەوکارە تیرۆریستییەدا هەبوە کە هەندێکیان مردون و ئەوانی دیکەش لە ژیاندان!
2- سدیق ئەنجیری ئازەر "مامۆستای زانستگا" نەبوە، بەڵکو کارمەند "فەرمانبەر" بوە لە وەزارەتی فەرهەنگ!
3- سدیق ئەنجیری ئازەر پاش ڕوخانی کۆماری کوردستان نەهاتوەتە باشوری کوردستان، بەڵکو دوای ڕوخانی کۆمار خۆی گەیاندوەتە تاران و لە گوندی (گلندوک) کە دەکەوێتە نزیک تارانەوە، بوەتە مامۆستا و بەوجۆرە خۆی گوم کردوه و لەگرتن و زیندان ڕزگاریبوە. ئیدی هەر لەتاران ژیاوە هەتاکو ساڵی 1964. لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 1964دا لەسەر داوا و پێشنیاری "سلێمانی معینی" بۆ بەشداریی لە دوەمین کۆنگرەی حیزبی دیموکراتی کوردستان، لە تارانەوە هاتوەتە ناوچەی قەڵادزێ و دواتر نەیتوانیوە بگەرِێتەوه و ویستویەتی درێژە بە تێکۆشانی خۆی بدات. سەرەنجام ئەحمەد تۆفیق سەرنوگمی کردوە.(25)
4- "حیزبی (تودە)ی مارکسی" هەڵەیە، "حیزبی تودەی ئێران" ڕاستە.
لە ل(231)دا کورتەیەکی ژیاننامەی"حەقیقی" شاعیری نوسیوە، لەوێدا ساڵی لەدایکبون و مردنی ئەوی بەم جۆرە نوسیوە: (1902 ـ 1995ز). ڕاستییەکەی حەقیقی لە 28-10-1375 ( 18-01-1997 )دا کۆچی دوایی کردوە، نەک 1995.
لە ل(234)دا کورتەیەکی ژیاننامەی "سەید کامیلی ئیمامی" شاعیری نوسیوە، بەڵام نەیزانیوە کەی کۆچیدواییکردوە و لە جێی مێژوەکە نیشانەی پرسیاری داناوە. سەید کامیلی ئیمامی له ڕۆژی 27-08-1989 دا کۆچی دوایی کردوە.
لە ل(250)دا کورتەیەکی دەربارەی ژیاننامەی خالید ئاغای حسامی نوسیوە. لەوێدا نوسیویەتی: "هێدی 1927 ـ ؟ ز". دەبینین لە جێی ساڵی(مردنی) نیشانەی پرسیاری داناوە! کە لە حاڵێکدا خالید ئاغای حسامی ئێستا لە شاری هەولێر دەژی، تەنانەت نوسەری ئەم کتێبەش ئەوەی زانیوە و لە ل(252)دا نوسیویەتی: "تا ئەمڕۆیش لە ژیاندا ماوەو لە شیعر نووسینیش بەردەوامە". مادام خالید ئاغای حسامی هەتاکو ئێستا لەژیاندایە، دەبوا تەنها ئاماژەی بۆ مێژوی لەدایکبونی بکردایە و نەدەبوا نیشانەی پرسیار لەجێی مێژوی مردنی دابنێت!(26)
لە ل(170)دا نوسیویەتی: "ڕۆژنامەی کوهستان یەکەمین ژمارەی لە دوو شەممە 7ی ئاداری 1944دا دەرچووە". لێرەدا چەند ڕونکردنەوەیەک بە پێویست دەزانم: یەکەم ـ یەکەمین ژمارەی (نامەی کوهستان)، ڕۆژی دو شەممە 7ی اسفند 1323 بەرامبەر بە(26ی فێبروەری 1945) دەرکراوە، نەک 7ی ئاداری 1944!!
دوەم ـ جێی سەرنجە لە چەند لاپەڕەدا، لە پەراوێزەکاندا مێژوی هەندێک ژمارەی (نامەی کوهستان)ی بەهەڵە نوسیوە، بۆ نمونە لە ل (219)دا لە پەراوێزی ژمارە (21)دا نوسیویەتی: "کوهستان، ژ (2)، 14ی شوباتی 1944". باشە ئەگەر "یەکەمین" ژمارەی (نامەی کوهستان) لە 7ی ئاداری 1944دا دەرکرابێت، (وەک لەم کتێبەدا نوسراوە)، چۆن "دوەمین" ژمارەی لە 14ی شوباتی 1944 دا دەرکراوە! خۆ بەرەودواوە نەڕۆیشتوە! لە ل (220)یشدا لە پەراوێزی ژمارە (30) (هەروەها لە ل (221) پەراوێزی ژمارە (47)دا نوسیویەتی: "کوهستان، ژ 45، 15ی کانونی دووەمی 1945"! هەر لە ل (221) لە پەراوێزی (53)دا نوسیویەتی: "کوهستان، ژ 48، 16ی شوباتی 1945"! (هەروەها چەند هەڵەی دیکەی لەم جۆرەم لای خۆم دەسنیشان کردوە).
لە ل (259) و (260)دا چەند دێڕێکی دەربارەی دڵشادی ڕەسوڵی نوسیوە، بێ ئەوەی توانیبێتی گۆشەیەک لە بیۆگرافیی ئەو ڕونبکاتەوە. لەوێدا لە زمانی (د. عیزەدین مستەفا ڕەسوڵ)ەوە نوسیویەتی: "... لە شۆڕشی ئەیلوولدا دەستی لەگەڵ ڕژێمی بەغدا تێکەڵ کردو بە دەستی شۆڕش لە 1965دا کوژرا". سەیر ئەوەیە کە دوان لەو سەرچاوانەی نوسەری ئەم کتێبە سودی لێ وەرگرتون، هەندێک زانیارییان سەبارەت بە ژیانی دڵشادی ڕەسوڵی تێدایە، بەڵام چونکە بە وردیی نەیخوێندونەتەوە، ئاگای لەوە نەبوە! یەکێکیان کتێبی (چێشتی مجێور)ی هەژارە، کە نوسەری ئەم کتێبە لە ل (296)دا "وەک یەکێک لە سەرچاوەکان" ئاماژەی بۆکردوە. هەژار لەو کتێبەیدا، لە ل (448)دا کورتەیەکی دەربارەی دڵشادی ڕەسوڵی نوسیوه و باسی دواساڵەکانی ژیانی ئەوی کردوە. ئەوی دیکەیان کتێبی "نگاهی بە تاریخ مەهاباد"، نوسینی: (سەید محەمەدی سەمەدی)یه، کە لە ل (54) و چەندین لاپەڕەی دیکەدا وەک سەرچاوە سودی لێوەرگرتوە. سەید محەمەدی سەمەدی لەو کتێبەیدا لە ل (174 ـ 177)دا لە زمانی عەبدولڕەحمانی ڕەسوڵی(برای دڵشادی ڕەسوڵی)یەوە، کورتەیەکی ژیاننامەی دڵشادی ڕەسوڵی نوسیوەتەوە و تا ڕادەیەک ناساندویەتی. سەید محەمەدی سەمەدی لەو کتێبەیدا، لە ل (177)دا نوسیویەتی: "دلشاد در حدود سال 1347 شمسی بە دست افراد بارزانی کشتە شد". ساڵی 1347ی هەتاوی دەکاتە 1968.(27)
لە ل (109) و (263)دا نوسیویەتی: "حەسەنی قزڵجی لە 1985دا شەهید بوە". وەکو من لە ژیاننامەی "حەسەنی قزڵجی"م کۆڵیوەتەوە، گەیشتومەتە ئەو باوەڕەی کە لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 1984دا شەهیدکراوە.
هەرچەند من نیازم نییە هیچ دەربارەی لایەنی زمانەوانیی و ڕێنوس و خاڵبەندیی ئەو کتێبە بنوسم، بەڵکو ئەوە جێدەهێڵم بۆ کەسانی پسپۆری ئەو بوارانە، بەڵام لە دوا سەرنجمدا چەند تێبینییەکی زۆر کورت دەخەمە بەرچاو:
1. لە چەند لاپەڕەدا وشەی (سەرانی) بۆ ڕابەرەکانی کۆماری کوردستان بەکارهێناوە. بۆ نمونە لە ل(49)دا ناوی سەرباسەکەی بەم جۆرە نوسیوە:"دادگایی و لە سێدارەدانی سەرانی حکومەت". لای هەمومان ڕۆشنە کە لە زمانی سیاسیی و ڕۆشنبیریمان دا وشەی(سەران) وشەیەکی نێگەتیڤە و بۆ بەرەی دوژمنان و ناحەزان بەکاری دەهێنین. ئەگەر نوسەری ئەم کتێبە پێی وایە کە ڕابەرەکانی کۆماری کوردستان له بەرەی گەلدا بون و دژی داگیرکەرانی کورد و کوردستان بون، دەبوا وشەی وەک: (ڕابەرانی، سەرکردەکانی، بەرپرسەکانی...) بەکاربهێنایە نەک (سەرانی)!
2. چ "هێمن" و چ "هەژار"یش لە کتێب و شیعر و بەرهەمەکانیان دا کاتێک ناوی خۆیان نوسیوە، تەنها "هێمن" و "هەژار"یان نوسیوە. کەچی لەم کتێبەدا، لە دەیان لاپەڕەدا"هێمن موکریانی" و "هەژار موکریانی" نوسراوە. لە حاڵێکدا هەردوکیان، بەر لە هەرچی، خۆیان بە"کوردستانی" زانیوە نەک "موکریانی"!
3. هەروەها لە دەیان لاپەڕەدا دەستەواژەی: "کوردستانی ڕۆژهەڵات، کوردستانی باشوور، کوردستانی باکوور..."ی بەکار هێنراوە. ئەگەر نوسەری ئەم کتێبە پێی وایە کە دەستەواژەی "کوردستانی ئێران، کوردستانی عیراق، کوردستانی تورکیا..." دان نانه بە پارچەپارچەیی کوردستان و دەستەواژەیەکن کە بە قازانجی داگیرکەرانن بۆیە لە لێکۆڵینەوەکەیدا (کەمتر) بەکاری هێناون! ئەوا دەبوا بیزانیایە کە دەستەواژەی "کوردستانی ڕۆژهەڵات، کوردستانی باشوور، کوردستانی باکوور..."یش دان نانێکی تەواوە بە پارچەپارچەیی کوردستاندا! بۆ کەسێک کە کوردستان بە یەک وڵات بزانێت، باشترین و دروستترین دەستەواژە بۆ ئاماژەکردن بۆ بەشە جیاجیاکانی ئەوەیە کە بنوسێت: "باشوری کوردستان، باکوری کوردستان، ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕۆژئاوای کوردستان"، واتە کوردستان یەک وڵاتە و بەشێکی کەوتوەتە باشورەوە، بەشێکی دیکەی کەوتوەتە باکورەوە...هتد.
جیا لەم هەڵانەی کە لێرەدا ئاماژەم بۆ کردون و ڕاستم کردونەتەوە، چەندین هەڵەی دیکەی نێو ئەو کتێبەم لای خۆم دەستنیشانکردوە. هەروەها زۆر باس و لێکدانەوەی نوسەرەکەی مایەی لێدوان و شیکردنەوەی زیاترن، بەڵام بەپێویستی نازانم لێرەدا لەوە زیاتر درێژە بەم باسە بدەم. مەبەستی سەرەکیشیم لە ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵانە ئەوەیە کە ئەو چەشنە هەڵه و کەموکوڕیِیانە بەسەرماندا تێنەپەڕِێت و چیدیکە ئەو زانیارییە ناڕِاست و نادروستانە لێره و لەوی "چەند بارە" نەکرێنەوە و هەرچی زیاتر هەوڵ بدەین مێژوی نەتەوەکەمان بەبێ هەڵە و بەڕِاستی و دروستیی بنوسنیەوە.
پەراوێزەکان:
1-William Eagleton، Jr.، The Kurdish Republic of 1946، Oxford University Press، London، 1963
2-Archie Roosevelt، Jr.، The Kurdish Republic of Mahabad، The Middle East Journal، Volume1، July 1947، nmuber3.
(3) ولیم ایگلتن الابن، جمهوریە مهاباد 1946، ت: جرجیس فتح اللە، دار الطلیعە، بیروت، 1970. (دەزگای ئاراس لە شاری هەولێر، لە ساڵی 2000دا سەرلەنوێ چاپیکردوەتەوە).
(4) بۆ نمونە لە ژمارە 3 و 4 ی گۆڤاری (Kurdistan Times)دا بە دو بەش، دەقاودەق بڵاوکراوەتەوە. (تێبینی: ژمارە 3 ی ئەم گۆڤارە لە دێسێمبەری 1993 و ژمارە 4 یش لە نۆڤێمبەری 1995 دا دەرکراوە).
(5) لە ژمارەکانی سەرەتای"گۆڤاری کوردستان" و "ڕۆژنامەی کوردستان"ی سەردەمی کۆماری کوردستاندا، ناوەکانیان بە "کوردوستان" نوسراوە. کە نوسینی ئەو (و)ە لەباری ڕێزمانی و زمانەوانییەوه هەڵەیە، هەروەک چۆن نابێت بنوسین: (پاکوستان، عەرەبوستان، هیندوستان...). جێی سەرنجە کە نوسەری ئەم کتێبە کاتێک لەو گۆڤار و ڕۆژنامەیەی کۆڵیوەتەوە، دیقەتی ئەو (واو)ەی نەداوه و لە ڕوی (ڕێزمانی)یەوە ڕونکردنەوەیەکی لەبارەیەوە نەنوسیوە!
(وەکو خۆم دیقەتم داوە لە ژمارە یەکی ڕۆژنامەی کوردستان هەتاکو ژمارە 9ی ناوەکەی بە (کوردوستان) نوسراوە، بەڵام لە ژمارە (10) بە دواوە بە (کوردستان) نوسراوە).
(6) William Eagleton Jr، The Kurdish Republic of 1946، P.10I.
(7) جوتیار تۆفیق، چەند گۆڤار و ڕۆژنامەیەکی بێسەرو شوێن، ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ژمارە 1599، پێنجشەممە 23-04-1998 ، ل10.
(8) محەمەد فەریق حەسەن، محەمەدی شاپەسەندی شۆڕِەسواری بواری چاپخانه و ڕۆژنامەگەری، ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ژ484، 10-09-1993 .
(9) سید محمد صمدی، نگاهی بە تاریخ مهاباد، مهاباد، انتشارات ڕهرو، 1373، ص551.
(10) عەلی کەریمی، ژیان و بەسەرهاتی عەبدولڕەحمانی زەبیحی "مامۆستا عولەما"، سوید، 1999.
(11) سەبارەت بە کۆمەڵەی ژ. ک. لێکۆڵینەوەیەکم نوسیوە، کاتی خۆی کورتەیەکیم لە ڕۆژنامەی (کوردستانی نوێ)دا بڵاوکردەوه (جوتیار تۆفیق، تیشکێک بۆسەر کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان، کوردستانی نوێ، ژمارە 1401، دوشەممە 07-04-1997، لاپەڕِه 6 و 11)، پاشتر لە گۆڤاری (گزینگ)دا سەرلەنوێ بە هەندێک زانیاریی دیکەوە بڵاوم کردەوە. (بڕِوانە: جوتیار، چەند ڕونکردنەوەیەک دەربارەی کۆمەڵەی ژ. ک.، گۆڤاری گزینگ، ژمارە 31، بەهاری 2001، 36- 39).
هەروها بڕِوانە: ئەو لێکۆڵینەوەیەم کە دەربارەی (حیزبی ئازادیخوازی کوردستان)ە و کورتەیەکیم لە هەفتەنامەی ئاڵای ئازادی، ژمارە 198 (03-12-1995) و ژمارە 199 (10-12-1995) دا بڵاو کردوەتەوە.
(12) ڕد علی کراس السید أرشی ڕوزفلت، بقلم: زەبیحی، جریدە خەبات، العدد 192، الجمعە 18 مارت 1960، ص3.
هەروەها بڕِوانە: (جوتیار حاجی تۆفیق، وەڵامی زەبیحی بۆ نامیلەکەکەی ئارشێ ڕۆزڤێڵت و چەند ڕونکردنەوەیەک، گۆڤاری ئایندە، ژمارە 40، ساڵی 2003، ل145-149). (شایانی باسە کە ئەو وتارەی عەبدولڕەحمانی زەبیحی، نوسەرو لێکۆڵەر سدیق ساڵح لە عەرەبییەوە کردویەتی بە کوردی و لە گۆڤارەکەدا ناوی لەبیرکراوە، لەوێدا من تەنها ڕونکردنەوه و پەراوێزەکانم نوسیوه - جوتیار).
(13) Archie Roosevelt، Jr.، The kurdish Republic of Mahabad، P 250
(14) جریدە خەبات، العدد 192، الجمعە 18 مارت 1960، ص3.
(15) William Eagleton Jr، The Kurdish Republic of 1946، P.133.
(16) دەربارەی حوسێن فروهەر، بڕِوانە: (جوتیار تۆفیق، حسین فروهەر تێکۆشەرێکی گومناو، کوردستانی نوێ، 19-04-1998 ). هەروەها(جوتیار حاجی تۆفیق، حسێن فروهەر تێکۆشەرێکی گومناو، گۆڤاری ئاڤاشین، ژمارە 12، ساڵی 2000، ل136-141). (ئەم گۆڤارە بەپیتی لاتینی لە ستۆکهۆڵم دەردەکرا).
(17)عەزيز زەندی کە بە عەزيز ئەڵمانيش ناسراوە، ڕوناکبيرێکی هەڵکەوتوی مەڵبەندی موکریان بوە. ساڵی 1898 لە گوندی قالوێی زەندان، کە دەکەوێتە نزیک شاری مەهابادەوە، لەدایک بوە. لە ساڵانی 1925 ـ 1928دا لەگەڵ چەند میسیۆنێرێکدا چوەتە ئەوروپا و ماوەیەک خوێندویەتی، پاشان گەڕاوەتەوە کوردستان و بەکاری سیاسییەوە خەریک بوە. لەبەر ئەوەی لە یاسادا شارەزا بوە، پێیان گوتوە دوکتۆرعەزیز زەندی. زمانی ئینگلیزی و ئەڵمانی و فارسی و تورکی زانیوە. ساڵی 1926 هەڵبژاردەیەکی لە ئایەتەکانی ئینجیل کردوە بە کوردی و ساڵی 1945 چاپ کراوە و بڵاو کراتەوە.
عەزيز زەندی خۆی بە نوێخواز و پێشکەوتنخواز زانیوە، بۆیە گەلێک جار لەگەڵ ڕوناکبیران و سیاسەتمەدارانی موکریاندا کەوتوەتە وتوێژی توندەوە. لە سەردەمی کۆماری دیموکراتی کوردستان 1946 دا ماوەیەک لە تەورێز بوە، پاشان چوەتە تاران و بوەتە دادوەر. ڕۆژی 16-07-1972 دا لە تاران کۆچی دوایی کردوە.
(18) غەنی بلوریان، ئاڵەکۆک - بەسەرهاتەکانی سیاسی ژیانم، ستۆکهۆڵم، 1997، ل35.
هەروەها بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی شانۆیی "دایکی نیشتمان" بڕِوانە:
"برایمی فەرشی، کورتەیەک لەسەر شانۆی دایکی نیشتیمان، گۆڤاری گزینگ، ژمارە7، بەهاری 1995، ل23-28".
(19) بۆ زانیاری زیاتر دەربارەی شانۆگەریی (لە ڕێی نیشتماندا) بڕِوانە:
1ـ مستەفا ساڵح کەریم، شانۆنامەی لە ڕێی نیشتمان دا، گۆڤاری ڕەنگین، ژمارە 27، ئاپریلی ساڵی 1990، ل 38 ـ 39.
2ـ یاسین قادر بەرزنجی، ڕۆژنامەی عیراق، ژمارە 1306، 09-06-1980.
(د. فەرهاد پیرباڵ، مێژوی شانۆ له ئەدەبیاتی کوردیدا لەکۆنەوە تا 1957، هەولێر، 2001، ل 87).
(20) ڕۆژی شەممە 29-01-2005 کاتژمێر 4ی پاشنیوەڕۆ ـ بەکاتی سوید ـ لە ستۆکهۆڵمەوە تەلەفۆنم بۆ سلێمانی کرد و لەگەڵ محەمەدی شاپەسەندیدا قسەمکرد و سەبارەت بە هەندێک لایەنی ژیانیی پرسیارم لێکرد. لە نێو قسەوباسدا جارێکی دیکە لەبارەی مێژوی لەدایکبونیەوە پرسیارمکرد و هەمان وەڵامی چەند ساڵ لەمەوپێشی دامەوە و دڵنیایکردم کە لە پاییزی 1920دا لەدایکبوە و ئەو مێژوە ڕاست و دروستە. (لەم ساڵانەی دواییدا محەمەدی شاپەسەندی بە هاوکاریی چەند دۆستێک، بەشی زۆری بیرەروەرییەکانی خۆی نوسیوەتەوە. ئاواتەخوازم هەتاکو خۆی لە ژیاندایە ئەو بیرەوەرییانە بڵاوبکرێنەوه و کەلێنێک لە مێژوی هاوچەرخی نەتەوەکەمان پڕبکاتەوە).
(21) حەسەنی قزڵجی لە گۆڤاری "هەڵاڵە"دا ئاماژەی بۆ ئەوە کردوە کە هەژار شیعری لەگۆڤاری "ئاوات"دا بڵاوکردوەتەوە، برِوانە:
ح. قزڵجی، شاعری ملیی و بەناوبانگی کورد هەژار، گۆڤاری هەڵاڵە، ژمارە 3، بانەمەڕِی 1325، ل18.
هەروەها هێمن لە (تاریک و ڕوون)، ل 21 دا نوسیویەتی: "کۆمەڵە گۆواری ئاواتیشی چاپ کرد و من لەویشدا نووسیم".
(22) دەربارەی مەلا ئەحمەدی فەوزی بڕِوانە:
1- جوتیار حاجی تۆفیق، حەسەنی قزڵجی دڵێکە لەلێدان ناکەوێت، ڕۆژنامەی ڕێگای کوردستان، ژمارە 239، 19-02-1997، پەراوێزی 3.
2- جوتیار حاجی تۆفیق، کورتەیەک لەژیان و بەرهەمەکانی حەسەنی قزڵجی، گۆڤاری ئاڤاشین، ژمارە 13، ساڵی 2000، ل 82-92، پەراوێزی 4. (ئەم گۆڤارە بەپیتی لاتینی لەستۆکهۆڵم دەردەچو).
(23) هێمن، تاریک و ڕوون، لەبڵاوکراوەکانی بنکەی پێشەوا، 1974، ل 11.
(24) بڕِوانە: ئەحمەدی شەریفی، سەید مەحەمەدی حەمیدی سەرنوسەری ڕۆژنامه و گۆڤاری کوردستان، گۆڤاری هاوار، ژمارە 15، ڕێبەندانی 2004، ل 17-21.
(25) شایانی باسە محەمەدی خزری ساڵی 2003 لە وڵاتی سوید کتێبێکی بە ناوی "لاپەڕەیەک لە تێکۆشان و جوڵانەوەی ساڵەکانی 1963 ـ 1968ی حیزبی دیموکراتی کوردستان" بڵاو کردەوە کە بەشی زۆری دەربارەی ژیان و تێکۆشانی "سدیقی ئەنجیری ئازەر"ه و تیایدا ڕۆشنایی خستوەتە سەر دوا ساڵەکانی ژیانی و چۆنێتیی سەرنگومکردنی. (بەداخەوە ئەو کتێبە هەڵەی چاپی زۆرە، ئەگینا باسەکانی بەنرخ و گرنگن و ڕاستگۆیانە نوسراون).
(26) خالید ئاغای حسامی لەسەردەمی کۆماردا بە نازناوی "شێواو" و پاشتر بە نازناوی "هێدی"یەوە شیعرەکانی خۆی بڵاوکردوەتەوە.
(27) کورتەیەکی ژیاننامەی "دڵشادی ڕەسوڵی"م لای خۆم نوسیوەتەوە و لە دەرفەتێکدا بڵاویدەکەمەوە. هەروەها محەمەدی شاپەسەندی وێنەیەکی زۆر بەنرخی ئەوی داومەتێ کە کاتی خۆی دڵشادی ڕەسوڵی وەک هاوڕێیەکی نزیکی بۆ یادگاریی پێشکەشی کردوە.
تێبینی!
لەم لێکۆڵینەوەیەمدا هەر ڕستە و پەرەگرافێکم له کتێبی (ڕۆژنامەنوسیی کوردی سەردەمی کۆماری دێمۆکراتی کوردستان 1942-1947) وەرگرتبێت، وەکو خۆی نوسیمەتەوە و بە هیچ جۆرێک دەستکاریم نەکردوە.
جوتیارحاجی تۆفیق
ستۆکهۆڵم / مارتی 2005
Email:jwtiar67@hotmail.com