بیبلیۆگرافیای ڕۆژنامەنوسیی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان
هەندێک لە گۆڤار و ڕۆژنامە و بڵاوکراوەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان:
ئامادەکردنی: جوتیار حاجی تۆفیق
() گۆڤاری کوردستان میشنێری: لە ساڵی 1910 دا میسیۆنێکی مەسیحی لۆتەری بە زمانی ئینگلیزیی دەریکردوە و بەشی هەرە زۆری وتارەکانی تایبەت بوون بە شاری مەهاباد و ناوچەی موکریان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لە گەلێک ژمارەیدا وێنەی مەهاباد و خەڵکی مەهاباد بڵاوکراونەتەوە. هەتاکو ساڵی 1928 بەردەوام بووە. (دوکتۆر ئەمیری حەسەنپور بە هەوڵ و کۆششی خۆی گەلێک ژمارەی ئەم گۆڤارەی دەستخستوە و لێکۆڵینەوەیەکیشی دەربارە نوسیوە).
بڕوانە:
Amir Hassanpour، Kurdistan Missionary، svensk-Kurdisk Journal، nr. 8، 1987، 16-17.
() ڕۆژنامەی کوردستان: لە ساڵی 1913 دا عەبدولڕەزاق بەدرخان لە شاری خوی دەریکردوە. (لە هەندێک سەرچاوەدا ساڵی 1908 و لەهەندێکی دیکەدا 1912نوسراوە).
() گۆڤاری کوردستان: چەند میسیۆنێرێکی ئەڵمانی لە مانگی ئاپریلی 1914دا لە ورمێ دەریانکردوە.
(پرۆفیسۆر ڤ. ف. مینۆرسکی لە کتێبی کوردەکان دا نوسیویەتی: ژمارە یەکی ئەم گۆڤارەم هەیە و لە ئاپریلی 1914 دا دەرکراوە. بڕوانە: الپروفیسور، ڤ. ف. مینورسکی، الاکراد ملاحظات و انطباعات، ترجمە و علق علیە وقدم لە: الدکتور معروف خزندار، بغداد، 1968، ص 44).
() ڕۆژنامەی کورد: لەلایەن مەلا محەمەدی تورجانی (مەهاباد، 08-07-1895 بەغداد، 14-09-1959) له شاری ورمێ، لە سەردەمی بزوتنەوەکەی سمایل خانی شوکاکدا دەرکراوە. بەپێی هەندێک زانیاریی گەیشتومەتە ئەو باوەڕەی کە یەکەم ژمارەی له ڕۆژی پێنج شەممە 01-06-1922 (5ی شەوالی 1340 بەرامبەر بە 10ی خرداد 1301) و دووەم ژمارەی لە ڕۆژی پێنج شەممە 08-06-1922 (12ی شەوالی 1340 بەرامبەر بە 17ی خرداد 1301) دا دەرکراوە. مەلا محەمەدی تورجانی (پاشتر بە قزڵجی ناسراوە)، مەلا ئەحمەدی تورجانی زادە (برا بچوکی مەلا محەمەدی قزڵجی) و محەمەد جەمالەدین هەکاریی و چەند کەسی دیکە بەشدارییان لە دەرکردنیدا کردوە. تەنها چوار ژمارەی لێدەرکراوە.
تائێستا کڵێشەی (دوو) ژمارەی ئەم ڕۆژنامەیە بڵاوکراوەتەوە، بەڵام کۆپیی هەردووکیان ناشارەزایانه وەرگیراون و نازانرێت کام ژمارەن و کەی دەرکراون! یەکەمیان لە کتێبی (محمد تمدن، اوضاع ایران در جنگ اول جهان یا تاریخ ڕضائیە، تهران، 1350) و دووەمیان لە (گۆڤاری گرشەی کوردستان، ژمارە 9، 1360 (1980)، ل11).
(ساڵی 1987 لە زانکۆی بەغداد دەمخوێند و دووەم ساڵی خوێندنم بوو، ئەودەم بە شێنەیی کەوتمە کۆکردنەوەی زانیاریی دەربارەی ئەم ڕۆژنامەیە و سەرەنجام لێکۆڵینەوەیەکم دەربارەی نوسی، بەو بۆنەیەوە بە پێویستم زانی کە کورتەیەک دەربارەی بیۆگرافیی مەلا محەمەدی قزڵجی بنوسم و لەگەڵ لێکۆڵینەوەکەدا بڵاویبکەمەوە. ئیدی بە ڕێنوێنیی کاکە حەمەی مەلا کەریم و مەلا شوکور مستەفا توانیم ماڵە کۆنەکەی مەلا محەمەدی قزڵجی لە گەڕەکی (اعظمیە)ی شاری بەغداد بدۆزمەوە کە حەسەن (کوڕی مەلا محەمەدی قزڵجی) تێدا دەژیا. پاش چەندین جار هاتوچۆ و دەستی دەستی، هیچ جۆرە هاوکارییەکی نەکردم و بچوکترین سودم لەو کوڕەی نەبینی. پاشتر لێکۆڵینەوەکەم بۆ ڕۆژنامەی هاوکاری نارد، بەڵام لەبەر ئەوەی کە ئاماژەم بۆ چەند سەرچاوەیەکی فارسیی کردبوو بەرپرسانی ڕۆژنامەکە بەبیانوی ئەوەکە عیراق و ئێران لە جەنگدا بوون و بابەتی فارسیی لە ڕۆژنامەی کوردیدا جێی گومان بوو، بڵاویان نەکردبووەوە! دواتر وتارێکم دەربارەی بیۆگرافیی (مەلا محەمەدی قزڵجی) نوسی و لە پەراوێزی وتارەکەدا کورتەیەکم دەربارەی ڕۆژنامەی (کورد) نوسی و بە پۆستدا ناردم بۆ گۆڤاری کاروان. ماوەی چەند مانگ تێپەڕی و من بەتەمای ئەویش نەمام، کەچی لە ژمارە (66) دا بڵاویان کردبووەوە. بڕوانە: جوتیار تۆفیق، مەلا محەمەد قزڵجی، گۆڤاری کاروان، ژمارە 66، تەموزی 1988، ل 8 10).
() ڕۆژنامەی ئارارات: هفتەنامە اجتماعی و سیاسی، لە ساڵی 1308 (1929)؟ لە شاری سنە لە لایەن میرزا غلام علی هۆشمەند کرمانشاهی و بە هاوکاریی ناصر توانا دەرکراوە، 4؟ ژمارەی لێدەرکراوە. (دەربارەی بڕوانە: تاریخچە مطبوعات در کردستان، ادارە کل فرهنگ و ارشاد اسلامی کردستان، سنە، 1374)
() گۆڤاری نیشتمان: ئۆرگانی کۆمەڵەی ژ. ک. بووە، بە زمانی کوردی دەرچووە. یەکەم ژمارەی لە سەرەتای مانگی جولای 1943 دەرکراوە. ئەم گۆڤارە بە نهێنی لە تەورێز لە چاپخانەی خەلیفەگەری ئەرامینە، بە سەرپەرشتیی عەبدولڕەحمانی زەبیحی و هاریکاریی محەمەدی شاپەسەندی و مەحمودی وەلیزادە و چەند ئەندامێکی دیکەی کۆمەڵەی ژ. ک. دەرکراوە. سەرجەم (نۆ) ژمارەی لێدەرکراوە. ژمارە 7 و 8 و 9ی لە یەک بەرگدا لە بەهاری 1944دا دەرکراوە. هەموو ژمارەکانی دەستخراون و گەلێک لێکۆڵینەوەی دەربارە نوسراوە.
() گۆڤاری ئاوات: لە ئۆگوستی 1944دا لەلایەن محەمەدی شاپەسەندییەوە، پاش وەستانی گۆڤاری نیشتمان، تاقە یەک ژمارەی لێدەرکراوە. دەکرێت ئەم گۆڤارە بە یەکێک لە بڵاوکراوەکانی کۆمەڵەی ژ. ک. دابنرێت.
() دەنگی ڕاستی: لە ئۆکتۆبەری ساڵی 1944 دا لە سلێمانی، لە لایەن لقی (کۆمەڵەی ژ. ک. لە باشوری کوردستان)ەوە تەنها (دوو) ژمارەی لێدەرکراوە. (ئیبراهیم ئەحمەد کە لێپرسراوی لقی کۆمەڵەی ژ. ک. لە باشوری کوردستان بووه، بەهاوکاریی چەند ڕوناکبیرێکی دیکە دەریکردوە) (هەرچەند ئەم بڵاوکراوەیە لە سلێمانی و لەلایەن ڕوناکبیرانی ئەو شارەوە دەرکراوه، بەڵام چونکە پەیوەندیی بە کۆمەڵەی ژ. ک. وە هەیە لێرەدا ئاماژەم بۆ کردوە).
() ڕۆژنامەی (نامەی کوهستان): یەکەم ژمارەی لە ڕۆژی دوو شەممە 7ی اسفند 1323 (26-02-1945) دا دەرکراوە. ئەم ڕۆژنامەیە لە لایەن (دوکتۆر ئیسماعیلی ئەردەڵانی)یەوە لە تاران، بە فارسی دەرکراوە. هەتاکو مانگی ئاپریلی 1947 بەردەوام بووە و نزیکەی 85 ژمارەی لێدەرچووە.
() گۆڤاری هاواری کورد: لە ڕەزبەری 1324 (کۆتایی سێپتێمبەر سەرەتای ئۆکتۆبەری 1945)دا دەرکراوە.
() گۆڤاری ماد: لە مانگی دیسێمبەری 1945دا لەلایەن ئاغا ئازاد پورەوە لە تاران بە فارسی دەرکراوە. (دەربارەی بڕوانە: ڕۆژنامەی ROJA NU (ڕۆژا نو)، ژمارە 66، 14-01-1946، ل 4).
() گۆڤاری کوردستان: یەکەم ژمارەی لە ڕۆژی پێنج شەممە 06-12-1945دا لە مەهاباد دەرکراوە. سەرنوسەرەکەی سەید محەمەدی حەمیدی بووه. هەندێک کەس پێیان وایە کە 16 ژمارەی لێدەرکراوە. (محەمەد تۆفیق وردی نوسیویەتی: (18) ژمارەی بلاوکراوەتەوە و لە کانوونی یەکەمی 1946 دوای تیکچوونی کۆماری کوردستان پەکی کەوتوە. بڕوانە: محەمەد تۆفیق وردی، ڕۆژنامەگەری لە کوردستانا، گۆڤاری ڕووناکی النور، ژمارە 290، هەینی 03-10-1969، ل 43).
() ڕۆژنامەی کوردستان: یەکەم ژمارەی لە ڕۆژی پێنج شەممە 10-01-1946 دا لە مەهاباد دەرکراوە. سەید محەمەدی حەمیدی سەرنوسەری بووە. ئەوانەی کە لە نزیکەوە ئاگایان لێیە گوتویانە (114) ژمارەی لێدەرچووە. گومانی نییە کە دوا ژمارەی له ناوەڕاستی مانگی دیسێمبەری 1946دا دەرکراوە. (محەمەد تۆفیق وردی نوسیویەتی: (113) ژمارەی لی بلاوکراوەتەوە. بڕوانە: محەمەد تۆفیق وردی، ڕۆژنامەگەری لە کوردستانا، گۆڤاری ڕووناکی النور، ژمارە 290، هەینی 03-10-1969، ل 43).
() گۆڤاری هەڵاڵە: یەکەم ژمارەی لە ڕەشەمەی 1324 (کۆتایی فێبروەری سەرەتای مارتی 1946) دا لە بۆکان، لە لایەن حەسەنی قزڵجییەوە دەرکراوە. ژمارە 3ی لە بانەمەڕی 1325 (کۆتایی ئاپریل سەرەتای مای 1946)دا دەرچووە.
() گۆڤاری هاواری نیشتمان: یەکەم ژمارەی ڕۆژی پێنج شەممە 21-03-1946 لەلایەن سدیق ئەنجیری ئازەرەوە دەرکراوە. لەسەر بەرگی گۆڤارەکە نوسراوە: (بلاوکەرەوەی بیری ییکەتی جەوانانی دیموکرات).
عەلادین سجادی لە کتێبی (مێژووی ئەدەبی کوردی) دا ئاماژەی بۆ ئەوە کردوە کە (هاواری نیشتمان) یەک ژمارەی به شێوەی گۆڤار دەرچووە و پاشان وەکو ڕۆژنامە چەند ژمارەی دیکەی لێدەرکراوه. (بڕوانە: عەلادین سجادی، مێژووی ئەدەبی کوردی، چاپی دووەم، بەغداد، 1971، ل 616).
محەمەد تۆفیق وردی سەبارەت بە (هاواری نیشتمان) نوسیویەتی: ڕوژنامەیەکی هەفتەیی و بلاوکەرەوەی بیری لاوانی کوردستان بوو. لە لایەن (شەهید صدیق ئەنجیری) لە (سابلاخ مەهاباد) بلاوئەکرایەوە، دوای چەند ژمارەیەک ئەنجا بە وینەی گوڤار چاپ ئەکرا. (محمد توفیق وردی) سەرەک نووسەری بوو، هەر لە سالی (1946) دا پەکی کەوتوە. (بڕوانە: محەمەد تۆفیق وردی، ڕۆژنامەگەری لە کوردستانا، گۆڤاری ڕووناکی النور، ژمارە 290، هەینی 03-10-1969، ل 43).
(سەرلەبەیانیی ڕۆژی 18-10-2004 لە ستۆکهۆڵمەوە تەلەفۆنم بۆ لەندەن کرد و لەگەڵ عەبدولقادر دەباغی (مامه قالەی دەباغی) سەبارەت بە هەندێک باسی پەیوەند بە کۆمەڵەی ژ. ک. و گۆڤاری هاواری نیشتمان و سدیق ئەنجیری ئازەر وتوێژمان کرد، مامە قالە سەبارەت بە گۆڤاری هاواری نیشتمان گوتی: سدیقی ئەنجیری ئازەر ئەم گۆڤارەی بە پارەی خۆی و بە تیراژی 200 دانە چاپکرد. لەبەر ئەوەی لەو دەمەدا سدیق ئەنجیری ئازەر وەک دۆست و لایەنگری حیزبی تودەی ئێران ناسرابو، لەو گۆڤارەشیدا هەندێک بابەتی لەو جۆرەی بڵاوکردبوەوە، ئیدی خەڵک پێشوازیی لە گۆڤارەکە نەکرد و هەرچەند کەمیشی لێچاپکردبوو، بەڵام زۆربەی لای خۆی مایەوە و بۆی نەفرۆشرا. سدیقی ئەنجیری ئازەر بەر لەوەی گۆڤارەکە چاپبکات بە قازی محەمەدی گوتبو نیازم هەیە گۆڤارێکی لەو جۆرە و بەو ناوەرۆکە دەربکەم. قازیش گوتبوی: باشە، هیچ مانیعێک نییە، بەڵام دەبێت تۆ بڕوات بە دیموکراتیی هەبێت و ئەگەر ڕەخنە لە ناوەرۆکی گۆڤارەکەت گیرا نیگەران نەبیت و ڕەخنەی خەڵک قبوڵ بکەیت...).
() گۆڤاری گڕوگاڵی منداڵانی کورد: یەکەم ژمارەی له ڕۆژی یەک شەممە 21-04-1946 دا دەرکراوە. ژمارە 3ی لە پوشپەڕی 1325 (کۆتایی جون سەرەتای جولای)دا دەرچووە.
() بڵاوکراوەی (ئاگر Agir): مەهاباد، 1946؟ (وای بۆ دەچم ئەم بڵاوکراوەیە ناوی (ئاگری) بوو بێت و له ماوەی حوکمڕانیی کۆماردا دەرکرابێت. شایانی باسە ساڵی 1998 لە وتارێکی کورتدا سەرنجی ڕوناکبیران و لێکۆڵەرانی کوردم بۆ ناوی ئەو بڵاوکراوەیە ڕاکێشاوە. بڕوانە: جوتیار تۆفیق، چەند گۆڤار و ڕۆژنامەیەکی بێسەرو شوێن، ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ژمارە 1599، پێنجشەممە 23-04-1998، ل10).
() گۆڤاری زانست: لە ژمارە 61ی ڕۆژنامەی کوردستاندا کە لە ڕۆژی شەممە 1ی پوشپەڕی 1325 (22-06-1946)دا دەرکراوه، لە لاپەڕە (2)دا ئاگادارییەک لە لایەن دڵشادی ڕەسوڵییەوە بڵاوکراوەتەوە و تیایدا ڕایگەیاندوە کە نیازی ئەوەی هەیە گۆڤارێکی مانگانە بەناوی زانست Zansistەوە دەربکات، جا بەو بۆنەیەوە داوای هاوکاریی لە نوسەران کردوه کە بە بابەتی ئەدەبی، زانستی، کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی بۆ گۆڤارەکە بنێرن. دەقی ئەو ئاگادارییە بەم جۆرەیە:
بۆ زانین
زانست
Zansist
گوواری زانست گوواریکی زانستی، کومەلایەتی، تربیتی ئەدەبیە لە مانگی پووشپەری سالی 1325 وە مانگی ژمارەییک وەدەردەکەوی. لە نوسەرانی بەرزی کوردستان تکا دەکەین مقالاتی ادبی زانستی کومەلایەتی تربیتی بە نشانی (وزارەت فەرهەنگ دەفتەری گوواری زانست) بومان بنیرن تا لە گوواری زانست دا دەرج بکری.
مدیری مسئول و خاوەنی امتیاز
دلشاد ڕسولی
ئەگەر بێت و پاش ئەم ئاگادارییه، ئەم گۆڤارە دەرکرابێت، ئەوا پێویستە ناوەکەی لە ڕیزی ناوی گۆڤار و ڕۆژنامەکانی کۆماری کوردستاندا بنوسرێت.
() بڵاوکراوەی دەنگی کورد: 1946؟ (دوکتۆر عوبەیدوڵڵای ئەیوبیان لە چەند جێیەکدا ناوی ئەم بڵاوکراوەیەی بردوه. لەو بڕوایەدام کە زانیاریی زیاتری دەربارەی هەیە).
() ڕۆژنامەی کوردستان: یەکەم ژمارەی لە 06-12-1947دا لە باکۆ دەرکراوە. دوکتۆر عەلی گەلاوێژ و دوکتۆر عەزیز شەمزینی و دوکتۆر ڕەحیمی قازی دەریانکردوە. هەر ژمارەیەکی ئەم ڕۆژنامەیە بریتی بووە لە (یەک لاپەڕە) لە چوار لاپەڕەی ڕۆژنامەی (ئازەربایجان) ی ئۆرگانی فیرقەی دیموکراتی ئازەربایجان. نوسەرەکانی بریتی بوون لە: دوکتۆر عەلی گەلاوێژ و دوکتۆر عەزیز شەمزینی و دوکتۆر ڕەحیمی قازی کەریمی ئەیوبی، مستەفا شەڵماشی و چەند کەسی دیکە. ژمارە 229 ی لە 11-02-1950 و ژمارە 877 ی لە 12-09-1956 دا دەرچوون. هەتاکو هاوینی ساڵی 1960 بەردەوام بووە و (1337) ژمارەی لێدەرکراوە. (بڕوانە: دوکتۆر کەمال مەزهەر ئەحمەد، تێگەیشتنی ڕاستی و شوێنی لە ڕۆژنامەنوسی کوردیدا، بەغداد، 1978، ل223) (هەروەها بڕوانە: کەریمی حسامی، پێداچوونەوە، بەرگی دووەم، سوید ستۆکهۆڵم، 1997، ل 101 103).
() بڵاوکراوەی ڕاوێژ: 1948؟، سنه.
() گۆڤاری نیشتمان (ژمارە 10): لە مانگی جولای ساڵی 1948دا لەلایەن عەبدولڕەحمانی زەبیحی و محەمەدی شاپەسەندییەوە، لە گوندی سیتەک (نزیک شاری سلێمانی) بە هاوکاریی شێخ لەتیفی حەفید دەرکراوە. لە ژێر ناوی گۆڤارەکەدا نوسیویانە: (ئۆرگانی نەهزەتی مقاوەمەتی کۆمەڵەی ژ. ک.). وەکو من لێکمداوەتەوە ئەم ژمارەیەی نیشتمان هیچ پەیوەندییەکی بابەتییانەی بە گۆڤاری نیشتمان (ئۆرگانی کۆمەڵەی ژ. ک.) ەوە نییە. بەم ژمارەیەی نیشتمان نە کۆمەڵەی ژ. ک. زیندوبوەتەوە و نە توانراویشە درێژە بە دەرکردنەوەی گۆڤاری نیشتمان بدرێتەوە. جێی سەرنجە کە لەم گۆڤارەدا هێرش کراوەته سەر پارتی دیموکراتی کورد عیراق. هەمزە عەبدوڵڵا سکرتێری (پارتی دیموکراتی کورد عیراق) لە گۆڤاری (مرۆڤ)، ژمارە 2، ساڵی یەکەم، دیسێمبەری 1948 دا وتارێکی توندی لە دژی ئەم (ژمارەیەی گۆڤاری نیشتمان) نوسیوە و تیایدا گوتویەتی: گۆڤاری نیشتمان لە دەورەی دووهەمیدا بووەتە زمانحاڵی دەستەیەک ئاژاوەچی.
محەمەدی شاپەسەندی لە چەند وتاردا زانیاریی کورت و گرنگی دەربارەی ئەم ژمارەیەی نیشتمان و ئەو هەلومەرجەی کە تیای دەرکراوە خستوەتە ڕو. بۆ نمونە بڕوانە: محەمەدی شاپەسەندی، لە پەراوێزی ژیان و بەسەرهاتی زەبیحی نهێنییەکانی چاپی ژمارە (10) ی نیشتمان، گۆڤاری ڕۆژنامەنووسان، ژمارە 1، بەهاری 2002، ل 121 125. هەروەها بڕوانە: محەمەدی شاپەسەندی، لە پەراوێزی ژیان و بەسەرهاتی عەبدولڕەحمانی زەبیحی (مامۆستا عولەما)، گۆڤاری هاوار، ژمارە 12، بانەمەڕی 2002، ل 36 39.
محەمەد تۆفیق وردی ساڵی 1969 لە گۆڤاری (ڕووناکی) دا دەربارەی ئەم ژمارەیەی نیشتمان نوسیویەتی: ژمارە (10)ی دوای تیکچونی کوماری مەهاباد لەلایەن نهضتی مقاومەتی کومەلەی ژ. ک سالی (1948) دەرچووە. (بڕوانە: محەمەد تۆفیق وردی، ڕۆژنامەگەری لە کوردستانا، گۆڤاری ڕووناکی النور، ژمارە 290، هەینی 03-10-1969، ل 43).
جێی سەرنجە غەفوری میرزا کەریم لە چەند بەشی بیرەوەرییەکانیدا ئاماژەی بۆ ئەم ژمارەیەی نیشتمان کردوە و هەندێک وردە زانیاریی دەربارەی تۆمارکردوە. هەروەها نوسیویەتی گوایا وتارێکی دەربارەی لەسێداردانی (فەهد) تێدا بووە! ئەمە زۆر دورە لە ڕاستییەوە، چونکە ئەم گۆڤارە لە مانگی جولای 1948دا دەرکراوە، فەهدیش له 14ی فێبروەریی 1949دا لەسێدارە دراوە!! (بڕوانە: غەفوری میرزا کەریم، سەرەتاڵی لە کڵافەی مێژووی پڕ هەڵبەز و دابەزی ژیانم، سلێمانی، 1998، ل 95).
() بڵاوکراوەی ڕێگا: لە مانگی خەزەڵوەری 1327 (کۆتایی ئۆکتۆبەر سەرەتای نۆڤێمبەری 1948) لە گوندی سیتەک (نزیک شاری سلێمانی) لەلایەن حەسەنی قزڵجی و غەنی بلوریان و بە هاوکاریی شێخ لەتیفی حەفید دەرکراوە. تاقە یەک ژمارەی لێدەرکراوە. لە ژێر ناوی ئەم بڵاوکراوەیەدا نوسراوە: (اورگانی کومەلەی ژیانی کورد)، بەڵام هیچ پەیوەندییەکی بابەتیانەی لەگەڵ کۆمەڵەی ژ. ک. دا نییە! جێی سەرنجە کە هەندێک کەس ویستویانە بەپێی ناوی ئەم بڵاوکراوەیە ناوی کۆمەڵەی ژ. ک. ساغبکەنەوە! لێکدانەوە و ساغکردنەوەی ناوی کۆمەڵەی ژ. ک. بەپێی ئەم بڵاوکراوەیە، لە بێئاگایی بەولاوە هیچی دیکە نییە!! کەسێک کە کەمترین شارەزایی دەربارەی کۆمەڵەی ژ. ک. هەبێت، ئەوەی لەلا ڕۆشنە کە بە دامەزراندنی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە 16-08-1945 دا کۆمەڵەی ژ. ک. کۆتایی هات. جیا لەوە غەنی بلوریان زۆر بە ڕۆشنی ئەوەی باسکردوە کە کاتی دەرکردنی (ڕێگا) بۆ ئەوەی کە حکومەتی ئێران نەکەوێتەوە گرتنی کەسانی تێکۆشەری نێو حیزبی دیموکراتی کوردستان، هاتون ناوێکی وەهمیی وەک (کومەلەی ژیانی کورد) یان لەسەر داناوه. ئەگینا ئەوان مەبەستیان زیندوکردنەوەی حیزبی دیموکراتی کوردستان بووه.
دەربارەی ئەم بڵاوکراوەیە وتارێکم نوسیوە و بیروڕای خۆمم دەربارە دەربڕیوە، بڕوانە: جوتیار تۆفیق، چەند سەرنجێک دەربارەی بڵاوکراوەی ڕێگا، ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ژمارە 1582، پێنج شەممە 26-03-1998، ل 10 11.
کۆپیی یەکەم لاپەڕەی بڵاوکراوەی (ڕێگا) لەگەڵ هەندێک زانیارییدا لەم دوو کتێبەدا بڵاوکراوەتەوه:
1 کەریمی حسامی، پێداچوونەوە، بەرگی دووەم، سوید ستۆکهۆڵم، 1997، ل 338.
2 غەنی بلوریان، ئاڵەکۆک، سوید ستۆکهۆڵم، 1997، ل 375.
(جێی سەرنجە کەریمی حسامی له کتێبی (گەشتێک بە نێو بیرەوەرییەکاندا) لە ل 115 116 دا نوسیویەتی: ژمارەی یەکەمی گۆڤاری ڕێگا کە لە لایەن کاک حەسەنی قزڵجی و کاک غەنی بلوریانەوە دەرچوە و تاقە ژمارەی لە لای منە و کاک حامیدی گەوهەری بە ئەمانەت لێی وەرگرتبووم و بەبێ پرس و ئیجازەی من لە ئاڵکۆک دا کڵێشەی کردوە و بڵاوی کردۆتەوە هەروەها لە ل 185 یشدا نوسیویەتی: کاک حامیدی گەوهەری (لە ئامادەکردنی کتێبی ئاڵەکۆک دا جوتیار) داب و نەریتی چاپەمەنیشی لەبەر چاو نەگرتوە. گۆڤاری ڕێگا ی بە ئەمانەت لە من وەرگرتوە، بێ ئەوەی پرس بە من بکا لە ئاڵکۆک دا چاپی کردوە. کاک حامید ئەگەر تۆزقاڵێک لەگەڵ داب و شێوازی چاپەمەنی شارەزا بایە و ئوسوڵی هاوکاریی نێوان نووسەر و ناسیارانی ڕەچاو کردبایە، دەبوایە پرس بە من بکا و ئەودەم چاپی کردبایە. بڕوانە: کەریمی حسامی، گەشتێک بە نێو بیرەوەرییەکاندا، سوید ستۆکهۆڵم، 1997، ل 116 و 185).
() صدی کردستان: محەمەد کەریم معتمد وەزیری لە سنە؟ دەریکردوه.
() ڕۆژنامەی زاگروس: لە سەر ڕۆژنامەکە نوسراوە (صاحب امتیاز و مدیر مسئول: ناصر آزد پور). ژمارە 8ی ساڵی یەکەمی لە ڕۆژی دوو شەممە 08-10-1951 (15 مهر 1330) دا دەرکراوە. ئەم ڕۆژنامەیە بە فارسی بووە و لە تاران دەرکراوە.
() ڕۆژنامەی خۆرنشین: لە سەر ڕۆژنامەکە نوسراوە (مدیر و صاحب امتیاز: عبدالحمید معرفت)، (مدیر داخلی: دکتر وکیل کردستانی). ه زمانی (فارسی و کوردی) لە تاران دەریانکردوه. یەکەم ژمارەی لە ڕۆژی شەممە 11-08-1951 دا دەرکراوە. عەبدولحەمید مەعریفەت و دوکتۆر وەکیلی کوردستانی و دوکتۆر محەمەدی موکری و گەلێک شاعیر و نوسەری دیکە بەرهەمیان تیادا بڵاوکردوەتەوە. ژمارە 18ی لە ڕۆژی چوار شەممه 12-11-1952 دا دەرکراوە. وادیارە ژمارەی دیکەشی لێدەرکرابێت.
() گۆڤاری (بغستان): ساڵی 1952 لەلایەن ئیدارەی ڕادیۆی ئێرانەوە بە سەرپەرشتیی دوکتۆر محەمەدی موکری بە کوردی و فارسی دەرکراوە.
() ڕۆژنامەی سنندج: ئەحمەد خانی کەمانگەر (ناسراو بە سالار ئەرشەد) لە شاری سنە دەریکردوە. (ئەحمەد خانی کەمانگەر ساڵی 1983 کۆچیدواییکردوە).
() ڕۆژنامەی آریز: ڕۆژنامەی ئاریز لە لایەن ناسر ئازاد پور و میر موسا موشیری لە ساڵی 1953؟ لە شاری سنە بە فارسیی دەرکراوه.(دەربارەی بڕوانە: برهان ایازی، ائینە سنندج، 1371، چاپ و صحافی پیام، ص 798).
() ڕۆژنامەی ندی غرب: عەبدولحوسێن مونیعی ساڵی 1953 لە شاری سنە، به زمانی فارسی دەریکردوە. پاش کودەتای وەستاوە. پاش چەند ساڵ سەرلەنوێ و وەک ڕۆژنامەیەکی هەفتانە دەست بە دەرکردنی کراوەتەوە. ئەم جارەیان هەتاکو ساڵی 1977 بەردەوام بووە. وێڕای وتار و بابەتی ئەدەبی و ڕۆشنبیری، لاپەڕەکانی زیاتر بە ئاگادری و (اعلان)ی دامودەزگاکانی حکومەت و هەواڵ پڕکراوەتەوە. (دەربارەی بڕوانە: برهان ایازی، ائینە سنندج، 1371، چاپ و صحافی پیام، ص 798).
() ڕۆژنامەی کردان (کوردان کوردەکان): ساڵی 1953؟ تەیموری ئەفشاری لە تاران بە فارسی دەریکردوە.
() ڕۆژنامەی کوردستان: ئۆرگانی حیزبی دیموکراتی کوردستان، دەورەی دووەم، یەکەمین ژمارەی لە ڕۆژی یەک شەممە 5ی بانەمەڕی 1333 (25-04-1954) لە تەورێز لە چاپخانەیەکی نهێنیی فیرقەی دیموکراتی ئازەربایجان دەرکراوە. غەنی بلوریان، سدیقی ئەنجیری ئازەر، عەبدولڕەحمانی قاسملو، عەزیزی یوسفی و قادری یوسفی دەریان کردوە. ژمارە 4؟ی لە 06-06-1954 (16-03-1333)دا دەرکراوە. تەنها پێنج ژمارەی لێدەرکراوە، ژمارە پێنجی بەر لەوەی بڵاوبکرێتەوە، لە لایەن دەوڵەتی ئێرانەوە لە چاپخانەکەی فیرقەی دیموکراتی ئازەربایجاندا دەستیبەسەردا گیراوە.
() ڕۆژنامەی کوردستان: خاوەنی ئیمتیاز و مدیری لێپرسراو: عەبدولحەمید بەدیعولزەمانی (ناسراو بە مهی فرهی) و سەرنوسەری: دوکتۆر محەمەد سدیقی مفتی زادە بووە، لە تاران بە کوردی و فارسیی دەریانکردوە. یەکەم ژمارەی لە 29-04-1959 دا دەرکراوە. هەتاکو مانگی 05-07-1962 بەردەوام بووە. عەبدولحەمید بەدیعولزەمانی، دوکتۆر محەمەد سدیقی مفتی زاده، عەبدولڕەحمان مفتی زادە، شوکروڵڵای بابان، عابد سیراجەدینی، خەسرەو شێخ کانلویی میلانی، ئیحسان نوری پاشا و هێمن و چەند شاعیر و نوسەری دیکە بەرهەمیان تیادا بڵاوکردوەتەوە. ژمارە 197ی ئەم ڕۆژنامەیە کە لە ڕۆژی چوارشەممە 27-02-1963 (8ی اسفند 1341) دا دەرکراوە، تایبەت بووە بۆ یادی یەکەم ساڵەی کۆچیدوایی (گۆران). لەو ژمارەیەدا گەلێک وتار و بابەتی جۆراوجۆر بڵاوکراونەتەوە کە بەشی زۆریان تایبەت بوون بۆ یادی گۆران.
دوکتۆر محەمەد سدیقی مفتی زادە کوڕی مەلا عەبدوڵڵای مفتییە، ساڵی 1912 لە گوندی دشە لە ناوچەی جوانڕۆ لەدایبووە. لێکۆڵەر و ڕۆژنامەنوس، شارەزای زمان و مێژو و ئەدەبی کوردی بووە. سەردەمێک لە زانکۆی تاران مامۆستای زمان و ئەدەبی کوردیی بووە. ڕۆژی دوو شەممە 27-11-1984 لە تاران کۆچیدوایی کردوە و ڕۆژی دواتر لە گۆڕستانی وەیسولقەرەنی شاری کرماشان نێژراوە.
(ساڵی 1985 لە بەغداد، لە کتێبخانەی کۆڕی زانیاریی زۆربەی ژمارەکانی ئەم ڕۆژنامەیەم دیوە و سەرنج و تێبینیم لەسەر وتار و بابەتەکان و ناوی نوسەرەکانی نوسیوە).
() ڕۆژنامەی کوردستان: حیزبی دیموکراتی کوردستان، ڕەشەمەی 1339، نهێنی، ڕۆنیۆ، یەک ژ. (ڕ کوردستان، ژ 40، بەفرانباری 1354، ل 3).
() بڵاوکراوەی دیسان بارزانی: عەبدوڵڵای ئیسحاقی (ئەحمەد تۆفیق) وەک بڵاوکراوەی حیزبی دیموکراتی کوردستان دەریکردوە. یەکەم ژمارەی لە فێبروەریی 1962 و ژمارە 6ی لە 29-03-1962 دا دەرچووە. بە پێی هەندێک زانیاریی هەشت ژمارەی لێدەرکراوە.
() ڕۆژنامەی کوردستان: لە پراگ لە لایەن دوکتۆر عەبدولڕەحمان قاسملو، دەرکراوە. یەکەمین ژمارەی لە مانگی فێبروەریی 1965 و ژمارە 26ی لە سێپتێمبەری 1970 دا دەرکراوە.
() بڵاوکراوەی ڕۆژ: کۆمیتەی ئینقیلابیی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی دەریکردوە، سلێمانی موعینی سەرپەرشتییکردوە و خۆیشی زۆری بابەتەکانی نوسیوە. لە ژێر ناوی بڵاوکراوەکەدا نوسراوە: (ئۆرگانی لکی 3 ی حزبی دیموکراتی کوردستان). یەکەم ژمارەی لە ئۆکتۆبەری 1966 و دووەم ژمارەی لە نۆڤێمبەری 1966 و سێهەم ژمارەی لە جێنیوەری 1967 دا دەرکراوە. (کۆپیی یەکەم لاپەڕەی بڵاوکراوەی (ڕۆژ) لە کتێبی (پێداچوونەوە، نوسینی: کەریمی حسامی، بەرگی دووەم، ل 328) دا بڵاوکراوەتەوە.
() بڵاوکراوەی تیشک: کۆمیتەی ئینقیلابیی حیزبی دیموکراتی کوردستان لە 1967 دا دەریانکردوە. سێ ژمارەی لێدەرکراوە. (عبدللە حسن زادە، نیو سەدە تێکۆشان، بەرگی یەکەم. ل 44 و 45).
() ڕۆژنامەی ڕێگای یەکێتی: ئەم ڕۆژنامەیە لە شاری بەغداد لە لایەن عەبدولڕەحمانی زەبیحی و محەمەدی شاپەسەندی و چەند ڕوناکبیری دیکەی کورد و فارس و ئازەرەوە دەردەکرا. مانگی یەک ژمارەی لێدەرچووە. یەکەم ژمارەی لە ئاپریلی 1971 و ژمارە (31) کە وا دیارە دوا ژمارەی بووبێت لە نۆڤێمبەری 1973 دەرچووە. لە ژێر ناوی ڕۆژنامەکەدا دەنوسرا: (یەکیەتی تێکۆشان سەرکەوتن). (دەربارەی بڕوانە: د. کەمال مەزهەر ئەحمەد، تێگەیشتنی ڕاستی و شوێنی لە ڕۆژنامەنووسی کوردیدا، لە چاپکراوەکانی کۆڕی زانیاری کورد، بەغداد، 1978، ل 228).
() گۆڤاری ئەستێرە: لە شاری سنە بە کوردی دەرکراوە. ژمارە 6ی لە 22-05-1979 دا دەرکراوە. (خۆم سێ ژمارەی ئەم گۆڤارەم هەبوو).
() گۆڤاری تێکۆشەر: یەکەم ژمارەی لە جۆزەردانی 1351 دا دەرکراوە. لەم دەورەیەدا (20) ژمارەی لێدەرکراوە. دەورەی دووەم یەکەم ژمارەی لە خاکەلیوەی 1361 دا دەرکراوە. تا ئێستا بەردەوامە و گۆڤارێکی وەرزییە.
() ڕۆژنامەی هیوا: ئەم ڕۆژنامەیە لە شاری سنە بە زمانی کوردی و فارسی دەرکراوە. دووەم ژمارەی ڕۆژی شەممە 19-05-1979 (29ی اردیبهشت 1358) دەرچووە. لە ژێر ناوی ڕۆژنامەکەدا نوسراوە: هیوا دەنگی گەلی کوردە.
() گۆڤاری گڕوگاڵ: کرماشان، موحسین شاسواری دەریکردوە. 1979؟، محسن شاسواری، دوو ژمارەی لێدەرچووە، یەکەم ژمارەی بە کوردی و دووەم ژمارەی بە کوردی و فارسی بووە. (سەرچاوە؛ دەستنوسێکی ئەحمەدی شەریفی).
() بڵاوکراوەی ڕاستی: 1978 1979 لە تاران لەلایەن دەستەیەک لە ڕوناکبیرانی کوردەوە دەرچووە. حەسەنی قزڵجی سەرپەرشتییکردوە. (سەرچاوە؛ دەستنوسێکی ئەحمەدی شەریفی).
() گۆڤاری پێشەوا: کۆمیتەی شارستانی مەهابادی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، ژمارە 3ی لە خەزەڵوەری 1358 (ئۆکتۆبەر نۆڤێمبەر 1979) و ژ 24ی لە بانەمەڕ جۆزەردانی 1362 (بەهاری 1983) دا دەرکراوە. 26 ژمارەی لێدەرچووە.
() گۆڤاری شۆڕش: لە ژێر ناوی گۆڤارەکەدا دەنوسرا: (ارگان سازمان انقلابی زحمتکشان کردستان ایران کومەلە). یەکەم ژمارەی لە مانگی نۆڤێمبەری 1979 (آبان ماه 1358) و دووەم ژمارەی لە فێبروەری 1980 دا دەرچووە. سێ ژمارەی لێدەرکراوە. ئەم گۆڤارە بە فارسی دەرچووە. (لەم ساڵانەی دواییدا پاش ئەوەی کە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بوونە چەند باڵێکەوە، لە مانگی (ئۆکتۆبەری 2000)ەوە کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دەستی بە دەرکردنەوەی ئەم گۆڤارە کردوەتەوە. لەسەر گۆڤارەکە دەنوسرێت (دەورەی دووەم) و زنجیرەی ژمارەکانی لە ژمارە یەکەوە دەستیپێکردوەتەوە. هەتاکو مانگی جولای ساڵی 2005 ژمارەکانی گەیشتووەتە (48) ژمارە).
() گۆڤاری پێشڕەو: ئۆرگانی تیۆری و سیاسیی (کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران)، بە فارسی و کوردی دەردەکرا. یەکەم ژمارەی لە ڕۆژی دوو شەممە 22-06-1981 (1ی تیر 1360) و دووەم ژمارەی لە ڕۆژی شەممە 01-08-1981 (10ی مرداد 1360) دا دەرچووە. (پاش ئەوەی کە حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بوونە چەند باڵێکەوە، ئێستا باڵێکیان بەناوی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران (کۆمەڵە) بەردەوامە لە دەرکردنی گۆڤاری پێشڕەو چ بە فارسی و چ بە کوردی. هەتاکو مانگی سێپتێمبەری 2005 (پێشڕەو)ی کوردی ژمارەکانی گەیشتووەته 211، هەروەها لەم دەورەیەدا دوو ژمارەشی بە فارسی لێدەرچووە).
() گۆڤاری پێشەنگ:
() گۆڤاری جیهان: یەکێتی کۆمۆنیستەکانی ئێران (سەربەداران) بە فارسی دەریدەکرد. لە هەندێک ژمارەیدا وتار و شیعری کوردیش بڵاودەکرانەوە.
() گۆڤاری دەنگی ژنانی کوردستان: تەشکیلاتی ژنانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لقی مەهاباد دوو ژمارەی لێدەرکردوە، ژمارە 2ی لە ڕێبەندانی 1358 (جێنیوەری فێبروەری 1980) دا دەرچووە.
() گۆڤاری هاواری نیشتمان: حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەریکردوە، ژمارە 3ی لە ڕەشەمەی 1358 (فێبروەری مارس 1980) دا دەرچووە.
() گۆڤاری دەنگی کورد: کۆمیتەی تارانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، بە نهێنی لە تاران چاپدەکرا. ژمارە1 بەهاری 1979 و ژمارە 4 ئۆگوستی 1979 دەرچووە.
() گۆڤاری شەهید: کۆمیتەی شارستانی بانەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، ساڵانی 1979 1981 دەرچووە.
() گۆڤاری زانیاریی پێشمەرگە: کۆمیتەی شارستانی سنەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، 1358. 4 ژمارەی لێدەرکراوە.
() گۆڤاری گەلاوێژ: مەهاباد، یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەریکردوە.
() گۆڤاری دەنگی لاوان: مەهاباد، یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستانی ئێران، ساڵی 1980 دەرکراوە.
() گۆڤاری نەکەرۆز: کۆمیتەی شارستانی سەقزی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، نزیکی 10 ژمارەی لێدەرکراوە. 1981 1982.
() گۆڤاری کێلە شین: کۆمیتەی شارستانی شنۆی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، ژ1 زستانی 1360، 10 ژمارەی لێدەرکراوە. یەکەم ژمارەی بە ناوی (ڕەندۆڵ) دەرکرا و دواتر ناوەکەی بووە کێلە شین.
() گۆڤاری یەکێتی: کۆمیتەی شارستانی نەغەدەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، سەرەتای 1981، 10 ژمارەی لێدەرکراوە.
() گۆڤاری ڕوانگەی لاوان: بانە، لاوانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، 1981.
() گۆڤاری هەواڵنامەی پڵینگ: کۆمیتەی شارستانی پیرانشاری حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، 6ژ، 1982 1983.
() گۆڤاری ئارارات: حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران، 4 ژمارەی لێدەرکراوە.
() گۆڤاری تەرەغە: کۆمیتەی شارستانی بۆکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران
() ڕێگای گەل: ئۆرگانی شاخەی کوردستانی سازمانی فیدائی، ساڵانی 1981 1983 سەرەتا له شاری سنه و پاشان لە شاخ دەرکراوە.
() ڕۆژنامەی مەردم: ئۆرگانی ناوەندیی حیزبی تودەی ئێران بوو، بە کوردی لە تاران دەدەکرا. ئەو وتار و بابەتە سیاسییانەی کە لە ڕۆژنامەی (نامەی مەردم)ی ئۆرگانی حیزبی تودەی ئێران (بە فارسی) دەنوسران، دەکرانە کوردی و لەوێدا بلاودەکرانەوە. هەروەها وردە هەواڵ و هەندێک بابەتی ئەدەبییشی تیادا بڵاودەکرایەوە. یەکەم ژمارەی ڕۆژی سێ شەممە 23-10-1979 دەر کراوە. ژمارە 21ی لە ڕۆژی یەک شەممە 08-06-1980 دا دەرکراوە. لە سەر ژمارەکانی سەرەتای تەنها (مەردم) نوسراوە، بەڵام لە ژمارەکانی دواییدا ناوەکەی بووەتە (نامەی مەردم). سەرجەم (61) ژمارەی لێدەرچووە. حەسەنی قزڵجی و حەسەنی ماوەرانی و چەند شەعیر و نووسەرێکی دیکە تیایاندا نووسیوە. حەسەنی قزڵجی بەشی زۆری کارەکانی ئەنجام داوە.