ناوم محەمەد ئیسماعیل نژادە خەڵکی شاری بۆکانم ڕۆژی سێی پووشپەڕی ساڵی 1360ی کۆچی هەتاوی بەرانبەری 24 مانگی june ساڵی 1981 زایینی لە کوورەخانەیەکی شاری تەورێز لە دایک بووم. باوکم ناوی کەریمە و دایکم ناوی مەعسوومەیە.
باوکم خەڵکی ئاوایی شەرەفکەندی بۆکانە و لە خزمەت مامۆستایانی گەورەی ئایینی مەلایەتی تەواوکردووە و پاشان لە ئەزموونێکی زانستگای موتتەهەری تاران بە پلەی دوکتۆرا دەردەچێ و سی ساڵان وانەبێژی عەرەبی لە قوتابخانەکانی دواناوەندی شاری بۆکان دەبێت و ئێستا خانەنشینە و پەڕتووکفرۆشییەکی داناوە. دایکیشم خەڵکی ئاوایی جەمیانە و فێری خوێندن و نووسین نەبووە.
بۆخۆم لە 14 ساڵییەوە بەهۆی پەڕتووکخانەکەی باوکم و هۆگریم بە چوارێنەکانی خەییام و شیعرەکانی مامۆستا هەژارەوە فێری کوردی نووسین و خوێندنەوە بووم و دوای ئاشنایەتی لەگەڵ گۆڤاری سروە لێی ڕاهاتووم.
ساڵی 1378ک.ە (1999ز) دیپڵۆمی ڕیازیم هەر لە شاری بۆکان تەواوکردووە و لە زانستگای پیشەسازیی سەهەندی تەورێز، چوارساڵان مێتالۆرژی واتا کانزاناسیم خوێندووە. بۆ کار هاتوومەتە تاران و ئەوە 17 ساڵە لە تاران نیشتەجێم. دوای وەرگرتنی لیسانس لە زانستگای ئازادی مەرکەزی تاران بۆ بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی وەرگێڕام و دوو ساڵانیش دەرسەکانی ئەوم خوێندووە بەڵام لەبەر کێشە و گرفتی ژیان پایاننامەکەم وەرنەگرتووە.
لەگەڵ گۆڤارەکانی سروە و مەهاباد هاوکاریم بووە و لە زانستگای سەهەندیش یەکێک لە چالاکانی ئەنجوومەنی ئەدەبییە کوردییەکەی بووم.
تا ئێستا ئەو بەرهەمانەم چاپ کردووە:
1. یەکەم ئەوین و دوانیشتمان (شیعری نوێ) ، ساڵی 1386ک.ه، نەشری سیروان
2. منیش ڕادێم بە بێتۆیی (شیعری نوێ)
3. هەر بە کێشی چاوەکانت (غەزەل و چوارێنە) ، پاییزی 94، نەشری ئاراس (سنه)
4.مەودا (غەزەل و چوارێنە) ، بەهاری 96، نەشری زانکۆ
5.ساغکردنەوەی دیوانی حەریق، زستانی 1396، نەشری مانگ
5. حوکمی خاچ (کۆمەڵە چوارێنە) ، 1397، چاپەمەنیی خانی
6. بەدەست بایەکی نامۆوە (غەزەل) ، 1397، چاپەمەنی خانی.
7. ئاڕاستەی بەتاڵی ئاسمان، ساڵی 1401
[1]