وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، هەرچەندە قەیرانی دارایی ڕووی کردۆتە هەرێمی کوردستان، بەڵام لەگەڵ بوونی ئەم قەیرانە توانراوە بۆ ئەم ساڵ بڕی 32 ملیار دینار دابینبکرێت بۆ کەرتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو.
عەبدولستار مەجید، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە مەراسیمی یەکەمین ڤێستیڤاڵی هەنار، ڕایگەیاند: "هەرچەندە قەیرانی دارایی بەرۆکی حکومەتی هەرێمی گرتووە، بەڵام توانیومانە تاڕادەیەکی باش خزمەتی ئەم کەرتە بکەین و حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە داواکاری و جێبەجێ کردنی داواکاری هاوڵاتیانەوە هەیە".
وتیشی: "لەگەڵ بوونی ئه و قەیرانە داراییەی کە ڕووی کردۆتە هەرێمی کوردستان توانراوە بڕی 32 ملیار دینار بۆ کەرتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو دابین بکرێت کە خۆی لە پاڵپشتی کردنی جوتیاران و بەرهەمە ناوخۆییەکان دەبینێتەوه و لەم بڕە پاریەشدا بڕی 12 ملیار دینار بۆ بنەتۆوی گەنم دیاریکراوە، یەک ملیارو 800 ملیۆن دینار بۆ بەرهەمی پەتاتە کە ئەم ساڵ بەرهەمی پەتاتە چووە ئاستێکی زۆر باشەوه و ماوەی دووساڵە هەرێم پەتاتە هەناردەی دەرەوە دەکات، هەروەها توانراوە هەر ئەم ساڵ سێوی بەرواری هەناردەی دەرەوەی هەرێم بکرێت".
وەزیری کشتوکاڵ ڕاشیگەیاند: "هەر له و 32 ملیار دینارە، توانراوە بڕی 2 ملیار دینار بۆ قڕکەرەکان دابین بکرێت و 3 ملیار بۆ دەرمان و فاکسین دابینکراوه و 6 ملیار بۆ ئالیک و یەک ملیارو نیو بۆ پاڵپشتی گەنمەشامی و چوار ملیار دینار بۆ بواری پەلەوەری و یەک ملیارو نیویش بۆ گواستنەوەی هەنارو ترێ و سێو دابینکراوە".
- 04-11-2015