نووسینی: شەریف فەلاح
کوردستانی ئێران کە پێک هاتووە لە چوار پارێزگای ئیلام، کرماشان، کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژاوا، نەتەوەی کوردی تێدا دەژی کە بە زمانی کوردی و بە زاراوە و دیالێکتە جۆراوجۆرەکانی قسە دەکەن. بە درێژایی مێژوو ئەم نەتەوەیە لە مافە فەرهەنگی و سیاسییەکانی بێبەش بووە و لە لایەن حکوومەتەکانی زاڵ بەسەر ئێرانەوە بە فەرمی ئیزنی خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی پێ نەدراوە کە ئەمە یەکێکە لە گرفت و ئاستەنگە فەرهەنگی و سیاسییەکانی نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێران.
زمانی دایک وەک یەکەمین دیاری و توێشە کە هەر لە سەرەتای منداڵییەوە لە دایک و باب و لە داوێنی بنەماڵەوە لە ڕێگەی داب و نەریت، هەڵسوکەوت، خواردن و گۆ کردن، ئاخاوتن و... هتد، بۆ منداڵ دەگوازرێتەوە، هەوێن و جەوهەری پەروەردە و قاڵب گرتنی فکر و جیهانبینیی تاکە. پەروەردە بە زمانی دایک و خوێندن و نووسین بەو زمانە یەکێک لە سەرەکیترین و ئاساییترین مافە سرووشتییەکانی هەر مرۆڤێکە.
زمان وەک کۆڵەکە و شادەمار و ڕۆحی نەتەوە لە پڕۆسەی فەرهەنگسازیدا دەورێکی ئێجگار گرینگ دەگێڕێت، لە ڕێگەی زمانەوە مرۆڤ سەرەتا پێناسە و شوناسی فەرهەنگی و نەتەوەیی تاک وەردەگرێت و لە سنوورێکی بەربڵاوتر و لە کۆمەڵگەدا شوناسێکی دیکەی کۆمەڵایەتی و فەرهەنگیشی پێ دەبەخشێت.
ئەوەی لەم وتارەدا دەمەوێت هەڵوێستەی لەسەر بکەم، وەڵامدانەوە بە چەند پرسیارێکی گشتییە لەمەڕ زمان و ئەدەبی کوردی لە دوو پارێزگای کوردنشین لە کوردستانی ئێران، ئەویش کرماشان و ئیلامە. مەبەست لە هەڵبژادرنی ناوچە و جوگرافیایەکی تایبەت بۆ تاوتوێی ئەم بابەتە ئەوەیە کە دوو پارێزگای دیکەی کوردنشینی ئێران (کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژاوا) ڕەوش و بارودۆخی فەرهەنگی و زمانییان بە نیسبەت ئیلام و کرماشان جیاوازە.
ئاخۆ پرسی خوێندن و نووسین بە زمانی کوردی لە کوردستانی ئێران لە هەر چوار پارێزگاکە وەک یەکن؟ ئاخۆ زاراوە جیاجیاکانی زمانی کوردی شانبەشانی یەک گەشەیان کردووە؟ هۆکاری لاوازی و نەبوونی دەرفەت و دەرەتانە فەرهەنگی و ئەدەبییەکان لە کرماشان و ئیلام چین؟
قۆناغە جۆاروجۆرە فەرهەنگی و ئەدەبییەکان لە کرماشان و ئیلام لە کەیەوە دەستیان پێ کردووە و ئێستا لە چ دۆخێکدان؟ ئەم پرسیارانە و چەندین پرسیاری دیکەی پەیوەندیدار بەم پرسە لەم وتارەدا دەخەینە بەرباس و تاوتوێیان دەکەین.
ئەگەر لە ڕوانگەی مێژووییەوە لەم بابەتە بڕوانین، بەجوانی بۆمان دەردەکەوێت کە لە هەڵکەوتەی جوگرافیایی دوو پارێزگای کرماشان و ئیلامدا هەر لە چاخەکانی کۆنی مێژووەوە زاراوەی کۆنی گۆران (هەورامی)، لەکی، فەیلی، لوڕی، کەلهوڕی، ئیلامی کۆن لەناو پێکهاتەی هۆز، تایفە و عەشیرە جیاجیاکاندا زمانی ئاخاوتنی جەماوەری کوردی ئەو دەڤەرانە بووە و کۆنترین دەق و بەڵگەی نووسراوی کوردی بە زاراوەی گۆران دۆزراوەتەوە کە دەربڕی بوونی ژیار و شارستانییەتێکی کۆن و دێرینە لەو ناوچانە.
گەلێک بەڵگە، دەستنووس، بەیاز و دەقی حیماسی، چیرۆک و ئەفسانە و ئوستوورە لە کرماشان و ئیلام سەریان هەڵداوە کە نیشانەی دەوڵەمەندی و بەهێزیی زاراوە جۆراوجۆرەکانی ئەو ناوچەیە. ئەدەبیاتی دەوڵەمەند و پڕ ناوەرۆکی زارەکی، فۆلکلۆر و پەند و قسەی پێشینیان کە چەند ساڵێکە لەسەر دەستی نووسەر و لێکۆڵەرانی ئەم بوارە کۆ کراونەتەوە و ئێستا لەبەردەستدان، دەربڕی بوونی پاشخان و خەزێنەیەکی ئێجگار دەوڵەمەند و پڕناوەرۆکی کولتوور و ئەدەبی نەتەوەییە لەو ناوچانە.
جیا لە کورد بوون و پێکهاتە و تایبەتمەندییە هاوبەشە نەتەوەییەکان، لە لایەن حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانەوە کار بۆ ئەوە کراوە کرماشان و ئیلام لە ناوچەکانی دیکەی کوردستانی ئێران جیا بکەنەوە کە دەتوانین لە چەند خاڵدا ئاماژەیان پێ بکەین کە بریتین لە:
1 بوونی مەزهەب، ئایین و ئایینزای جیاواز.
2 گرتنەبەری سیاسەتی هەڵاواردن و دابڕان و بەرینتر و زەق کردنەوەی جیاوازییە فەرهەنگی و ئایینییەکان لەگەڵ ناوچەکانی دیکە لە لایەن سیستمی دەسەڵاتەوە.
3 هەوڵدان بۆ گۆڕینی دێمۆگرافیای سیاسیی و فەرهەنگی و ئاسیمیلاسیۆنی زمانی و فەرهەنگی.
4 لە خشتە بردنی زمانی کوردی و قەدەغە کردن و نامۆ و ناشیرین نواندن و گاڵتە کردن بە زاراوەکان.
5 هەڵاواردنی مەزهەبی، ئایینی و پێشگیری لە بەڕێوەبردنی بۆنە و ڕێوڕەسمە مەزهەبییەکان و پەرەدان بە ناکۆکی و ئاژاوە لەنێوان مەزهەب و ئایینە جیاوازەکاندا.
6 دنە و هاندانی کوردی ناوچەکانی دیکە بۆ بە گژدا چوونی کوردی کرماشان و ئیلام و جێخستنی جۆرێک تێڕوانینی چەواشەی وەک (زڕە کورد) و (کوردی ڕەسەن و ناڕەسەن).
7 ڕەواندنەوەی دەرەتان و دەرفەتە فەرهەنگی و ئەدەبییەکان لە کرماشان و ئیلام و دوور خستنەوەیان لە چەقی ڕەوتە زمانی و ئەدەبییەکانی کوردستانی ئێران.
8 زاڵ کردنی کولتووری غەیرە کورد لە هەموو ئاستەکان و سەپاندنی بەسەر جەماوەر و هێنانی هێزی ئابووری و ئیداریی ناخۆجێیی لەباتی خەڵکی خۆجێیی.
9 پەرەدان بە ناکۆکییە تایفەیی و عەشیرەییەکان لە ڕاستای لاواز کردنی هەستی نەتەوەیی و بە هێند نەگرتنی بەها و بایەخە نەتەوەییەکان لە لای خەڵک و سەرقاڵ کردنیان بە پرسی لاوەکییەوە.
10 داتاشینی تۆمەتی جیایخواز، ئاژاوەگێڕ و هەروەها هێژمۆنیی زاڵی تێڕوانینی نیزامی ئەمنییەتی بۆ ناوچەکانی کرماشان و ئیلام.
ئەو دە خاڵە و زۆر هۆکاری دیکەش، دۆخێکی وایان خولقاندووە کە هەم لە سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتی و هەم لە سەرەدەمی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا لە دوو پارێزگای مێژوویی و کەونارای کرماشان و ئیلام، دوو دەڤەری دەوڵەمەند و بەپێز لە باری مێژوو، زمان فەرهەنگ و ئەدەب و کولتووری کۆمەڵایەتی، پەراوێز بخرێن و لە ڕەهەندی مێژووی سیاسی و فەرهەنگی کوردستانی ئێراندا بۆ چەند قۆناغێک لەبیر بکرێن و لەباتی کولتوور و زمانی ڕەسەنی خۆماڵی و گرێدان بە ناوچەکانی دیکە، کولتووری غەیرە کورد و جیهانبینییەکی دیکە زاڵ بووە و لە چوارچێوەی نووسین و داهێنان و بەرهەمهێنانی زمانی و ئەدەبیدا کەمڕەنگ بیت و خەون و خولیا و ئاواتە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانیان بە زمانی فارسی بهێننە سەر کاغەز.
ناکرێت ئەم پرسە وا لێک بدرێتەوە کە دوو پارێزگای کرماشان و ئیلام کە بەپێی ئامارە فەرمییەکان دوو لەسەر سێی حەشیمەتی کوردی کوردستانی ئێران پێک دەهێنن، بەدەرن لە نووسەر، ئەدیب، داهێنەر و لێکۆڵەر، بەڵکوو بە پێچەوانەوە کەسانی پسپۆڕ، لێکۆڵەر، داهێنەر، کارامە و هەڵکەوتە لە دوو پارێزگای ئیلام و کرماشان و شار و شارۆچکەکانی دەوروبەری لە چاو پارێزگاکانی کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژاوا گەلێک زۆرن. نووسەران و داهێنەرانی کرماشان لەژێر هێژمۆنیی ئەو کەش و دۆخە زاڵەی کە هەبووە و لەبەر ئەو هۆکارانەی کە باسمان کرد نەیانتوانیوە بە زمانی دایکیی خۆیان واتە گۆران، کەلهوڕی، لەکی، لوڕی، باجەڵان، گەهوارەیی و فەیلی خۆ دەربخەن و بە ناچاری پەنایان بردۆتە بەر زمانی فارسی و وزە و توانا هزرییەکانیان لە پانتایی ئەو زمانەدا دەرخستووە و خەم و ئازارەکانی نیشتمانیان باس کردووە و ویستوویانە لەو ڕۆچنەیەوە سیما، ئەندێشە و فکری کورد بخەنە ڕوو کە هەوێن و جەوهەری زۆرێک لە نووسراوەکانیشیان کوردین.
بێگومان ئایین و مەزهەب لە کوردستان یەک لەو پرسانە بووە کە ڕۆڵ و کاریگەرییەکی زۆری لەسەر فکر و ئەندێشە و بەرهەمی (نوخبە)کانی کورد هەبووە، ئایینەکانی زەردەشت و یارسان لەبەر ئەوەی جەماوەر و لایەنگرێکی زۆریان لە هەورامان، کرماشان و ئیلام هەبووە و ئێستاش هەیە، بوونەتە ڕەوت و ڕێچکەیەکی ئەدەبی و گەلێک شاعێر و ئەدیبی ناودار هەڵکەوتوون کە لە قاڵبی ئەدەبی میللی مەزهەبیدا زۆر شاکاریان بە زاراوەکانی گۆرانی کۆن، لەکی، فەیلی و کەلهوڕی لێ بەجێماوە کە دەتوانین ئاماژە بە کەلام و دەفتەرەکانی یارسان و کەسانێکی وەک: بابا سەرهەنگی دەوان، سەی یاقووب ماهیدەشتی، پەرێشان دینەوەری لە سەدەی چوارەمی زایینی، باباتاهیری هەمەدانی لە سەدەی دەیەمی زایینی بە زاراوەی لەکی، مستەفا بێسارانی لە سەدەی شازدەیەمی زایینی بە زاراوەی هەورامی، محەمەد کەنوولەیی لە سەدەی هەڤدەی زایینی، خانای قوبادی لە نیوەی دووەمی سەدەی هەڤدەیەمی زایینی، سەرهەنگ ئەڵماس خان و میرزا شەرەف دینەوەری لە ناوەڕاستی سەدەی هەژدەیەمی زایینی، شەیدا هەورامی لە کۆتایی سەدەی هەڤدەیەم و هەروەها محەمەد وەلی کرماشانی لە سەرەتای سەدەی بیستەم، وەلی محەمەد ئومێدی، غوڵامڕەزا ئەرکەوازی و...هتد، بکەین.
زۆرێک لە لێکۆڵەر و توێژەرانی بیاڤی زمان و ئەدەبی کوردی لەو باوەڕەدان کە گەلێک دەق، حیکایەت و چیرۆکی حیماسی و ئەدەبی زارەکی لە کرماشان و شارەکانی دەوروبەری خولقاون و بەپێی بەڵگەی سەلمێنراو کە ئێستا لەبەردەستدان (شانامەی کوردی) بە ناوەرۆکی جیاواز لە شانامەی فارسی بە زاراوەی گۆران و بە چەند گێڕانەوەی جیاواز ئێستا لەبەردەستدایە و لە زۆر باردا شان لە شانی شانامەی فیردەوسی دەدات.
یان لە بەرهەمەکانی دیکە دەکرێت ئاماژە بە (ڕۆسەم و زەنوون) شاکاری بەنرخی ئەڵماس خان کەنوولەیی بکەین. هەروەها دوو هۆنەری شاکار خولقێنی ناوچەی ئەیوان (شاکە و خان مەنسوور) جۆر و شێوازێکی ترە لە ئەدەبی میللیی کوردی کە دەگمەن و بێ وێنەن.
یان (برزوونامە) وەک دەقی حیماسیی کوردی بەڵگەیەکی گرینگە لە بوونی ڕەهەند و ڕەوتێکی بەرین لە ئەدەبی حیماسی و میللیی لە کرماشان و ئەو دەق و چیرۆکە میللی و مێژووییانە بە چەشنێک ڕۆچوونەتە قووڵایی ژیان و کولتووری خەڵکی ناوچە جیاجیاکانی ئیلام و کرماشان کە بوونەتە بەشێکی جیا نەکراوە لە پێکهاتە و شوناسی فەرهەنگی و نەتەوەییان. ئەو کەسانەی کە لەم بارەوە گەلێک بەرهەمیان خولقاندووە بریتین لە: (سەی ساڵح و سەی یاقووب ماهیدەشتی، میرزا ئەڵماس خان کەنوولەیی، تەقی خان ئازاد، ترکەمیر، مەلا نەجەف، کەیخوسرەو، پەروارە) کە بەرهەمگەلێکی وەک: برزوونامە، زوحاک و کاوەی ئاسنگەر، ڕۆسەم و زەنوون، ڕۆستەم و زۆراو و شیرین و فەرهاد بەشێکی بەرچاوان لە ئەدەبی حیماسیی دەوڵەمەند و بەپێزی کوردی، لە بواری هۆرە چڕین و ئاواز و گۆرانییە میللی و فۆلکلۆریکەکان، کرماشان و ئیلام مەڵبەندی سەرهەڵدان و ڕاچەنینن کە بەناوبانگترین هۆرەچڕی ئەو ناوچەیە عەلی نەزەرە.
نووسین و داهێنان بە زمانی کوردی لە کرماشان و ئیلام لە ڕابردوودا بە هۆی بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی هیچکات بە شێوەی ڕەوت و گرووپ و بەرنامە داڕێژراو نەبووە، بەڵکوو لە چوارچێوەی کاری تاکەکەسی و بە هەست کردن بە خزمەتی زمان و ئەدەب و لە پێناو هەست و دڵسۆزیدا بووە، بەڵام کاریگەریی خۆشیان لەسەر جەماوەر بەجێهێشتووە.
ئەدەبی هاوچەرخ لە کرماشان و ئیلام:
لە ساڵانی 1330ی هەتاوی بەرەو ئەملا لەسەر دەستی کەسانێکی تر و نەوەیەکی تر شەپۆل و ڕەهەندێکی دیکە لە نووسین و داهێنانی ئەدەبی و بەتایبەت ژانری شێعر لە کرماشان و ئیلام سەر هەڵدەدەن و دەبنە ئاوێنەی باڵانوێنی کۆمەڵ و لەباری فەرهەنگییەوە پێشانگەیەتیی ئەو قۆناغە دەگرنە ئەستۆ.
لەم قۆناغەدا ئیدی فەرهەنگی ئەدەبی نویسیاری، چاپ و بڵاو کردنەوەی بەرهەمە ئەدەبی و هونەرییەکان، شانبەشانی ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی ئەودەمی ئێران و کوردستان بەئاسانی جێگیر دەبن و جێگای خۆیان لە ژیانی خەڵکدا بەئاسانی دەکەنەوە و هەر ڕۆژە بەربڵاوتر دەبن.
ئەوەی گرینگە و دەبێت هەڵوێستەی لەسەر بکرێت و هۆکارەکانی ڕوون بکرێنەوە، ئەوەیە، هەرچەند بزووتنەوە سیاسییە نەتەوەییەکانی ئیلام و کرماشان بە هۆی بارودۆخی سیاسیی ناوخۆیی و ناوچەییەوە نەیانتوانیوە وەک پێویست بە شۆڕش و ڕاپەڕینە سەرکییەکانی ناوچەکانی دیکەی کوردستانەوە گرێ بدرێن، بەڵام دەبێت دان بەو ڕاستییەدا بنرێ کە هەوێن و بناغەی فکری نەتەوەیی، ئاگایی و شوناسی نەتەوەیی لە کرماشان و ئیلام شۆڕشی فەرهەنگی و ئەدەبی بووە و لەسەر کۆڵەکەیەکی قورس و قایمی فەرهەنگی دەواری ئاسۆی نەتەوە بنیات نراوە کە بەدوور بووە لە توندوتیژی و شەڕ و شێوازی خەباتی چەکداری و بەرەنگاریخوازانە.
لەو قۆناغەدا شێعر وەک گوتاری زاڵی کۆمەڵگەی کوردی و یەکەم تریبوونی هاواری ڕاچەنینی ژان و برک و ئازارە کۆمەڵایەتی و ئینسانییەکان، دێتە مەیدانەوە و بە ڕەهەندێکی کۆمەڵایەتی، سرووشتی، کرێکاری و تێکەڵ بە بیری چەپ بەجوانی خۆی دەردەخات.
بەرچاوترین و کاریگەرترین شاعیرانی ئەو قۆناغە سەرەتا شامی کرماشانی و دواتریش (پەرتەو کرماشانی و ئەحمەد عەزیزی و کەرەمڕەزا کەرمی)ن کە بە زاراوەی شیرینی گۆران و کەلهوڕی دڕ بە تاریکی دەدەن و پێناسە و سیمایەکی دیکە بە شێعری کوردیی جنووبی کوردستانی ئێران دەبەخشن کە هەتاهەتایە ڕۆڵ و کاریگەرییان دەمێنێتەوە. شانبەشانی ئەم ڕەوتە لە ئەدەبیاتی کوردی لە کرماشان و ئیلام، بە هۆی بارودۆخی تایبەتیی سیاسی و ناوچەیی کۆمەڵێک نووسەر، شاعیر، چیرۆکنووس و ڕۆمانووس سەر هەڵدەدەن و لەژێر کاریگەریی هێژمۆنیی بیری چەپ، زوڵم و ستەمی قۆناغی دەرەبەگایەتی و فیۆدالیزم و فکر و تێڕوانینی زاڵی ناوچەیی، شێواز و ڕێچکەیەکی ئەدەبی بە ناوی (ئەدەبیاتی داستانیی ناوچەیی) بنیات دەنێن، بەڵام هەموویان بە زمانی فارسی دەنووسن.
لە پەخشان و مێژوونووسیدا کەسێکی وەک ڕەشید یاسمی، لە بواری شێعردا کەسایەتییەکی ئەدەبی و سیاسیی وەک (ئەبولقاسم لاهووتی)، کە تەنانەت بە یەکێک لە ڕچشکێنانی ڕەوتی نوێی شێعری فارسی دێتە ئەژمار، بەڵام بە هۆی تێکەڵ بوون بە جەریانە سیاسییەکان وەک پێویست بەردەوام نەبووە و لە ڕەوتەکە لای داوە.
لە بواری ئەدەبیاتی داستانیدا چیرۆک و ڕۆماننووسگەلێکی وەک: عەلی شیرازپوور ناسراو بە (شین پەرتەو)، عەلی محەمەد ئەفغانی، مەهشید ئەمیرشاهی، عەلی ئەشرەف دەرویشیان، مەنسوور یاقووتی و لاری کرماشانی حزوورێکی چالاک و ئەکتیڤیان لە ڕەوتی بنیاتنانی ئەدەبیاتی داستانیی سەرانسەریی ئێراندا هەبووە و لە نەوەی یەکەم و دووەمی چیرۆکنووسانی ئێراندا دێنە ئەژمار.
بەڕای خاوەن ڕا و شارەزایانی ئەدەبیاتی داستانیی ئێران، کرماشان لەناو شارەکانی ڕۆژاوای ئێراندا لە بواری فەرهەنگ و ئەدەبەوە لانی کەم لە کاتی لەدایک بوونی ڕۆمانی (شوهر آهو خانم) لە نووسینی عەلی محەمەد ئەفغانی کە بە یەکێک لە شاکارە ئەدەبییەکان ئێران دێتە ئەژمار، لە هەمووان دەوڵەمەندتر و چالاکترە.
لەناو ئەو نووسەرانەدا کە ناومان هێنان عەلی ئەشرەف دەرویشان و مەنسوور یاقووتی لە هەمووان بەرچاوتر و حزووری چالاکتریان هەبووە و بەناوبانگترن، ئەو کەسانە لە دوو ڕەهەندەوە کەوتوونەتە بەر ڕەخنە و بیروڕای جیاواز لەمەڕ ناوەرۆک، شێواز و جیهانبینیانەوە، یەکەم لە لایەن کۆمەڵگەی کوردستانەوە ئەو ڕەخنەیەیان بەتوندی ڕووبەڕوو کراوەتەوە کە بۆچی ئەو هەمووە بەرهەم و شاکارانەیان بە زمانی کوردی نەنووسیوە، چونکە ئەو بەرهەمانە بەپێی پێوەرە زمانی و ئەدەبییەکان هەرچەندە ناوەرۆک و جەوهەری زۆربەیان کوردین و خەم و ئازارەکانی کۆمەڵگەی کوردستانیان ورووژاندووە، لەبەر ئەوەی کە بە زمانی فارسی نووسراون، ناچنە خانەی (ئەدبیاتی کوردی)یەوە.
ڕەخنەیەکی دیکە کە ڕووبەڕووی نووسەرانی کوردی فارسی نووسی کرماشان بووەتەوە، گشتییە و هەم لە لایەن بەردەنگانی فارس و کورد و ڕەخنەگرانەوە ڕووبەڕوویان بووەتەوە، ئەویش پەیوەندیی بە شێوازی نووسین، گرتنەبەری ڕێچکەی ڕیالیزمی سۆسیالیستی، گوزارشت ئاسا، سیاسی و چریکی بوونی ئەدەبیاتی نووسین، هاوشێوەیی و هەروەها زاڵ بوونی فکری چەپ، چینی کرێکار و گرینگی دان بە ئەدەبیاتی گوند و دوورکەوتنەوە لە کولتوور و ئەدەبی شار، خۆ دوور خستنەوە لە گرێ و خەون و خولیاکانی تاک و گرینگیدان بە خەمە گشتییەکان و فیدا کردنی هونەر و لایەنی ئەدەبییەت لە بەرانبەر ناوەرۆکدا.
جیا لە هەموو ئەو ڕەخنە و گازندانەی کە ڕووبەڕووی ئەو جۆرە لە ئەدەبیاتی داستانیی نووسەرانی کوردی کرماشان بووەتەوە، پێکهاتە و جەوهەری ئەو ئەدەبە خەم و دەردەکانی ئینسانی کوردن و هاواری ڕاچەنینی نەداری، زوڵم و ستەمی چینی چەوساوەی کۆمەڵە کە لەژێر تەوژمی سیستم و کۆمەڵگەی فیۆدالیزم و نابەرابەریدا چەوساوەتەوە کە دەکرێت وەک بەشێک لە ئەدەبیاتی بەرگری و ڕاپەڕینخوازانە لە قەڵمی بدەین.
قۆناغی (پیوار) (غیاب)ی ئەدەبی کوردی لە ئیلام و کرماشان:
لە دەیەی 50 بەرەو ئەملا هەتا سەرەتای دەیەی 70 کە جۆرێک لە کرانەوەی سیاسی و فەرهەنگی لە ئێران و کوردستان دەڕەخسێ، لە کرماشان و ئیلام جیا لە کاری دەگمەن و تاکوتەرا و ناوبەناو، جموجووڵێکی ئەدەبی و فەرهەنگیی ئەوتۆ بە زمانی کوردی بەدی ناکرێت، واتە20 ساڵ بە جۆرێک بێدەنگی و پەراوێز خران و بەدوور بوون لە جەریانە فکری و ڕۆشنبیرییەکان باڵ بەسەر ئەو دەڤەرانەدا دەکێشێت و ئەمەش بووەتە هۆی دواکەوتن و تەریک کەوتنەوەی ئەو ناوچانە و تێکەڵ نەبوون لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی کوردستان وەک: پارێزگاکانی کوردستان و ئازەربایجانی ڕۆژاوا و جۆرێک لە نامۆیی، دوڕدۆنگی و لێک تێنەگەیشتنی ڕووکەش لەنێوان ڕۆشنبیراندا بێتە ئاراوە کە دام و دەزگا ئیتلاعاتی، ئەمنییەتی و فەرهەنگییەکانی دەسەڵاتیش پەرەیان بەم ڕەوتە داوە و بە قازانجی خۆیان کەڵکیان لێ وەرگرتووە کە بە زەرەری زمان و ئەدەبی کوردی شکاوەتەوە. ئەم لێک تێنەگەیشتنە لە ئاستی ئاخاوتنی ئاخێوەرانی ئاساییشدا بەجوانی خۆی دەرخستووە.
نەبوونی پەیوەندیی فەرهەنگیی قووڵ و لە گشت گرینگتر زمانی پێوەر (یەکگرتووی)ی نووسین کە گرینگترین هۆکار و پردی پەیوەندیی کولتوور و زاراوە جیاجیاکانی هەر زمانێکە، یارمەتیی بە لێڵی و شپرزەیی و بێ ئاسۆیی زمان و ئەدەبی کوردی لە کرماشان و ئیلام کردووە کە هەڵبەت لە بنەڕەتدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەو تێڕوانین و سیاسەتە قەدەغە و هەڵاواردنە سیستماتیکەی کە حکوومەت لە هەمبەر زمان و فەرهەنگی کوردیدا گرتوویەتە پێش.
قۆناغی سەرهەڵدانی ئەدەبی مۆدێڕنی کوردی (دەیەی 70ی هەتاوی):
هەر وەک پێشتریش باسمان کرد سەرەتای دەیەی 70ی هەتاوی قۆناغێکی گرینگ و گەلێک هەستیارە لە مێژووی زمان و ئەدەبی هاوچەرخی کوردی بەگشتی لە کوردستانی ئێران و بەتایبەتیی لە کرماشان و ئیلام.
لەم قۆناغەدا کە هاوکاتە لەگەڵ شەپۆلی بیری فەلسەفی و ئەندێشە و جیهانبینیی مۆدێڕن، ئەم قۆناغەی ئەدەبی کوردی لە کرماشان و ئیلام لەژێر سێبەری زاڵی فکر و قۆتابخانە مۆدێڕن و پێکهاتەشکێنەکانی ئەدەبی فارسی کە لە ڕێگەی وەرگێڕانی دەقی بیانییەوە هاتوون، خۆی دەردەخات و لە لایەک دەیەوێت بە تێڕوانین و ئاڕاستەیەکی نوێ پێناسەی کۆمەڵگە و ژیان و مرۆڤ بکات و لە لایەکی دیکەشەوە لەناو بازنەی نەریت، ئەدەب و زمانی کلاسیک و خۆماڵی و ناوچەییدا دەخولێتەوە. لەم قۆناغەدا نەوەیەک دەبێتە ڕچەشکێن و جڵەوی کاروانی داهێنانی ئەدەبی دەگرێتە دەست کە دوو خولیای سەرەکیی هەیە و هاوکات دەیەوێت بە دوو زمانی جیاواز خەم و ئازار و کەتوارەکانی دەڤەرێکی گرینگ لە کۆمەڵگەی کوردی لە دووتوێی ئەدەبدا بخاتە ڕوو.
نەوەی داهێنەری ئەدەبی مۆدێڕنی کوردی لە کرماشان و ئیلام ئەزموونی شۆڕشی گەلانی ئێرانی هەیە و نەوەیەکی خوێندەوارن و زۆرێکیان خاوەنی بڕوانامەی زانکۆ و خوێندنی باڵان و کەسانێکی جیدی و کونجکۆڵن و بە تێڕوانینێکی زانستی و ئاکادیمیانەوە لە پرسی نووسین و ئەدەبی دەڕوانن و بەرپرسیارییەتیی ئەدەبی لە لایەن گرینگترین خەونە.
نەوەی نوێ هاوکات لەگەڵ گرتنەبەری شێوازی نووسینی نوێ و خۆ گونجاندن لەگەڵ ئەدەبی مۆدێڕن و پۆست مۆدێڕن، لە لایەکی دیکەشەوە خولیای ئەزموون نەکردنی قۆناغەکانی پێش خۆی و تێپەڕین لێیان لەباری زەمانییەوە، بووەتە کەڵکەڵەی و دەیەوێت هاوسەنگییەک لەنێوان ئەم دوو فکر و خولیایەدا درووست بکات. بۆیە (چالاکانی ئەدەبی و ڕەخنەگرانی شێعر و ئەدەبی هاوچەرخی ئیلام و کرماشان لەو باوەڕەدان کە ئەدەبی کوردی لەو دەڤەرانە لە قۆناغی پۆست مۆدێڕندا لەدایک بووە)، بۆیە ئەرکێکی مێژوویی دەکەوێتە سەرشانی، لە لایەک دەبێت قەرەبووی20 ساڵ نەبوونی حزوور و دواکەوتن لە ڕەوتی گشتیی ئەدەبی کوردی بکاتەوە، لە لایەکی دیکەشەوە کەڵکەڵەی داهێنان و حزووری چالاک لەناو کۆمەڵگەی ئەدەبیی کوردستان و ئێران بەشێک لە هزری داگیر کردووە.
بەرهەمی ئەم نەوەیە کە خاوەنی وەها تێڕوانینێکە، ئێستا گوتاری زاڵی ئەدەبیی کرماشان و ئیلامە و بەرەبەرە خەریکە ڕێچکە، پێناسە و فۆرمی تایبەت بە خۆی دەستەبەر دەکات. ئەم نەوەیە کە زۆربەیان زمانی کوردی، واتە زاراوەکانی (گۆران، کەلهوڕی، لەکی، فەیلی و بن زاراوەکانی دیکە) دەزانن و بەرهەمی پێ دەخولقێنن، هاوکات بە شێوەی زانستی لە زمان و ئەدەبی فارسی دەزانن و زۆربەیان لەناو کۆمەڵگەی ئەدەبیی فارسیشدا حزووری چالاکییان هەیە و هێندێکیان خاوەن دەنگ و سەنگی تایبەت بە خۆیانن.
بەشێکی زۆری نووسەر و ئەدیبانی کرماشان و ئیلام و شار و شارۆچکەکانی دەوروبەری بە هۆی جۆراوجۆر نیشتەجێی تاران و شارە فارس نشینەکانی دیکەی ئێران بوون و بە هۆی دوور بوون لە جوگرافیای شوێنی لەدایک بوونیان و زاڵ بوونی گوتاری زمان و ئەدەبی فارسی بەسەر ژیان و نووسینیاندا، بەرهەمە فارسییەکانیان لە کوردی زیاترە، کە دەتوانین ئاماژە بە کەسانێکی وەک: ڕەشید یاسمی، دوکتور محەمەد عەلی سوڵتانی، عەبدولجەبار کاکایی، محەمەد ڕەزا کەلهوڕ، فەریبا کەلهوڕ، جەلیل سەفەر بەیگی، دوکتور میرجەلالەدین کەزازی، فەریاد شیری، فەرهاد حەیدەری گۆران و...هتد، بکەین.
لە بواری شێعری کوردیدا لەناو نەوەی نوێی نووسەرانی کرماشان دەتوانین ئاماژە بەم کەسانە بکەین کە ئەمڕۆ لە مەیدانی ئەدەبیدا کە کەسانێکی وەک: فەرشید یووسفی، کەرەم ڕەزا کەرەمی، محەمەد شەکەری، ئەحمەد عەزیزی، ئەحمەد جەلالی گۆران، سولێمان داوەند، ئەمانوڵڵا خان ڕەشیدی، وەلی ڕەزایی، عەلی ئەسغەر زەعفەرانی، کەیوومەرس عەباسی قەسری، عەبدوڵڵا مورادی (دلڕیش مایەشتی)، میرزا یووسف تاڵاندیشی دەبینرێن کە لە نووسەران و چالاکانی ئەدەبیی دەیەکانی 50 و 60ی هەتاوین و چالاکانی دەیەی 70 بەرەو ئەملا بریتین لە: جەلیل ئاهەنگەرنژاد، عەلی ئۆڵفەتی، فەریاد شیری، سەعید عبادەتیان، عەلیڕەزا خانی، عەلیڕەزا جەمشیدی، عەباس جەلیلیان، شێردڵ ئیلپوور، ئەردەشیر کەشاوەرز، کوورش هەمەخانی، سەلاحەدین قەرەتەپە، ئیرج قوبادی، بێهرووز ئیبراهیمی، ڕەزا مەوزوونی، پەرویز بەنەفشی، ڕەزا یەعقووبی، ئەمین گەجەری، مەهوەش سولێمان پوور، پەریوەش مەلەکشاهیان، عەلی محەمەد محەمەدی، میهرداد محەمەدی، ئەمروڵڵا عەزیمی، مەنووچێهر کەمەری، عەزیزی، ئازەرپەیک، فەتاحیان، جەلیلی یەکان، شیرزادی، تەقی ڕەشیدی، یەدوڵڵا لوڕنژاد، سەید محەمەد پەروەر و....هتد، لە پارێزگای ئیلام و شار و شارۆچکەکانی دەوروبەری کەسانێکی وەک: زاهیر سارایی، ناهید محەمەدی، کامران ڕەحیمی، عەبدولجەبار کاکایی، مستەفا بەیگی، ئیرج خالسی، ئیسلام ئەنساری فەر، سەید محەمەد درەخشەندە، عەلی شەهبازی، حەبیبوڵڵا بەخشوودە، دوکتور عەلی سەهامی و....هتد.
لەسەر دەستی نەوەی نوێ شەپۆلێکی بەرین لە شێعر، چیرۆک، و بەتایبەت نووسینەوە و ساغکردنەوە و کۆ کردنەوەی ئەدەبی فۆلکلۆر و زارەکی بە زاراوە جۆراوجۆرەکانی زمانی کوردی و فەرهەنگ نووسی لە هەرێمەکانی کرماشان و ئیلام سەری هەڵداوە و دەتوانین وەکوو قۆناغی زێڕین لە بووژانەوەی زمانی ئەدەبی نویسیاری ناودێری بکەین، لەناو ژانرە ئەدەبییەکان وەکوو نەریتی باوی گشت کۆمەڵگەی کوردی، ژانری شێعر گوتاری زاڵە و ڕێژەی دەقی نووسراو و چاپ کراوی شێعر لە ژانرەکانی دیکەی وەک چیرۆک، پەخشان، ڕەخنە و لێکۆڵینەوە زیاترە و هەر بەم بۆنەشەوە ئەو شەپۆلە نوێخوازیی و گەشەسەندنە زیاتر بە سیما و قەڵافەتی ژانری شێعرەوە دیارە و بیروڕا جیاوازەکان زیاتر خۆیان لە قەرەی شێعر داوە و شاعیرانی ئەو دەڤەرە خەریکن بە ڕوانینێکی دیکە و بەرینتر لە ڕەهەند و فکری ناوچەیی لەناو کایە زمانی و ئەدەبییەکاندا جێگای خۆیان دەکەنەوە.
هەر وەک لە شار و شارۆچەکەکانی دیکەی کوردستانی ئێران ئەنجوومەنە ئەدەبی و فەرهەنگییەکان لە ڕەوتە شێعری و ئەدەبییەکاندا ڕۆڵیان هەبووە، لە کرماشانیش ئەو دیاردەیە هەبووە و لە پلەی یەکەمدا ئەنجوومەنی ئەدەبیی (سروە) لە ئیسلام ئابادی ڕۆژاوا و دواتر ئەنجوومەنی ئەدەبیی (قەڵەم) لە گیلان غەرب و پاشان ناوەندە فەرهەنگییەکانی شارەکانی ئیلام و کرماشان و بەتایبەت لەناو زانکۆکان ڕۆڵی بەرچاویان لە گۆڕانکاری و شەپۆلی نوێخوازیی (ئەدەبی مۆدێڕنی کورد باشووری کوردستانی ئێران)دا هەیە و بۆ یەکەم جار بەیاننامەی شێعری مۆدێڕنی کوردیی کرماشانی (کەلهوڕی) لە ئەنجوومەنی ئەدەبیی سروە سەریهەڵدا و ناوچەکانی دیکەی گرتەوە. بەڵام بە هۆی نەبوونی ڕەخنەی ئەدەبیی چالاک و بنیاتنەر کە لەسەر بنەمای ئەدەبییەت و لایەنی هونەریی دەق بەرهەمەکان هەڵسەنگێنێ، هەتا ئێستا لایەنە بەهێز و لاوازەکانی (ئەدەبی کورد باشووری کوردستانی ئێران) دەرنەکەوتوون و ئەمەش بۆشایییەکی مەزنە لەناو بازنەی کۆمەڵگەی ئەدەبیی کرماشان و ئیلامدا.
گرفت و کێشەیەکی دیکە کە بەرۆکی نووسەران و ئەدیبانی کوردی ئیلام و کرماشانی گرتووە، مەسەلەی ڕێنووس و ئەلفبێی نووسینە کە هەتا ئێستا نەیانتوانیوە لە شێوە ڕێنووسینی باوی زاراوەی سۆرانی کەڵک وەربگرن و ئەو هەمووە بەرهەمە ئەدەبییە کە ساڵانە چاپ و بڵاو دەبنەوە، زۆربەیان لەگەڵ گرفتی ڕێنووس بەرەوڕوون. ئەمەش دوو هۆی هەیە، یەکەم بەپێی فۆنۆتیک، ڕیتم، واک و شێوازی گۆ کردنی هێندێ پیت و دەنگ لە زاراوە جۆروجۆرەکانی ئەو دەڤەرە پێویستە هێندێ نیشانەیان بۆ دابنرێ کە لەگەڵ ڕێنووسی سۆرانیدا ناگونجێن و دووەمیش دەگەڕێتەوە بۆ ئاشنا نەبوونی نووسەرانی کوردی ئیلام و کرماشان لەگەڵ ڕێنووسی باوی کوردی کە ئەم پرسە هەم بۆ خوێنەر و بەردەنگی ئەو ناوچانە و هەم شارەکانی دیکەی کوردستان گرفتی ساز کردووە.
لەم وتارەدا هەوڵ درا جیا لە خستنەڕووی گۆشەیەکی کەم لە ڕەوشی فەرهەنگ، زمان و ئەدەبی کوردی و قۆناغە جیاجیانی لە کرماشان و ئیلام، هاوکات هۆکارە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ناوچەییەکانیش کە هەم لە گەشە کردن و هەم لە لاواز کردنی زمان و ئەدەبدا دەوریان گێڕاوە، بخرێنە بەرباس.
ئەم وتارە زیاتر ڕەهەندی مێژوویی، سەرەتای سەرهەڵدان و قۆناغ بەندی و هێندێ سیماکان و بەشێک لە خاڵە بەهێز و لاوازەکانی خستە ڕووو. بەردەوامیی هەر ڕەوت و شەپۆلێکی ئەدەبی و فەرهەنگی لە هەر کۆمەڵگەیەکدا بەستراوەتەوە بۆ کۆمەڵێک هۆکار، دەرەتان و فاکتەری گرینگ کە بەڕای من لە کرماشان و ئیلام ئەو دەرەتان و هۆکارانە یان بوونیان نییە، یان ئەگەریش هەبن هێندە لاواز و بەرتەسکن کە نەیانتوانیوە ئەو شەپۆلە بەرینە فەرهەنگی و ئەدەبییەی کە لە ئاستی تاک و (نوخبە)کاندا سەریهەڵداوە بکەنە ڕەوت و شەپۆلێکی بەرین هەتا بتەنێتەوە و کاریگەریی لەسەر گشت کۆمەڵگەی کوردستانی ئێران هەبێت و پێناسە و مۆرکی تایبەت بە خۆی پێ بدرێت کە ئەو پێویستی و هۆکارانە بریتین لە:
نەبوونی ناوەندێکی جیدیی فەرهەنگی و ئەدەبی و ئەنجوومەن و سەنتەریکی بەردەوام کە نووسەر و ئەدیبان لە دەورووی خۆی کۆ بکاتەوە و بە بەرنامە و پڕۆژەوە کار بکات.
نەبوونی ڕۆژنامەگەریی چالاکی ئەدەبی و گۆڤاری تایبەت و پسپۆڕانەی ئەدەبیات.
گرفتی چاپ و بڵاو کردنەوە و کێشەی ماڵی و بێدەرەتانیی نووسەران.
نەبوونی یەکڕیزی لەناو کۆمەڵەی ئەدیب و نووسەران کە هۆکارە لاوەکییەکان کەڵکیان لەو بۆشایییە وەرگرتووە و مانا و واتایەکی تریان بە بیروڕا جیاوازە ئەدەبییەکان بەخشیوە.
جیاوازی و بەرفرەهیی زاراوە و بن زاراوە و ئایین و ئایینزاکان، کە لە زۆرێک لە کۆمەڵگەکان نیشانەی دەوڵەمەندی و شارستانییەتن، بەڵام بە هۆی دنەی دەسەڵاتدارانی حکوومەتی ئێران زۆر جار لەو دەڤەرانە بوونەتە هۆی کێشە و ناکۆکی.
سەرەڕای بوونی ئەو هەموو کێشە و ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕووی داهێنەر، شاعیر و چالاکانی فەرهەنگیی دوو پارێزگای ئیلام و کرماشان بوونەتەوە، لە کەش و دۆخێکدا کە ڕۆژنامە و گۆڤار و نامیلەکە و ڕاگەیەنی سەربەخۆ نیە و سانسۆر و سەرکوت و زەبر و زەنگ سەراپای کۆمەڵگەی تەنیوە، لە دۆخێکدا کە نووسەر و قەڵەم بەدەستان ڕاوەدوو دەنرێن و حوکمی زیندان و بێبەش بوون لە نووسینیان بەسەردا دەسەپێ، نووسین و داهێنان بە زمانی کوردی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە هەموو قۆناغەکان زیاتر بووە و کۆمەڵێک کتێبی جۆراوجۆر لە هەموو ژانرە ئەدەبییەکان چاپ کراون و ئەم ڕەوتە هەر بەدەوامە و لە فەزای ئینتێرنێت و مەجازیدا چالاکییەکان بەرچاوتر خۆ دەنوێنن و کاروانی داهێنانی زمان و ئەدەبی کوردی لە کرماشان و ئیلام خەریکە ببێتە پردی پەیوەندیی نێوان بەشە جیاجیکانی کوردستان.
سەرچاوەکان:
1 گۆڤاری زرێبار، فایلی تایبەت بە ئیلام و کرماشان.
2 فەرهەنگی باشوور، عەباس جەلیلیان.
3 وتووێژی نووسەر لەگەڵ عەلی ئۆڵفەتی و فەریاد شیری دوو شاعێری هاوچەرخی کرماشان.
4 وتاری (شاعیرانی عەشق و ڕەنج و بەڕوو) لە نووسینی جەلیل ئاهەنگەرنژاد.
5 ماڵپەڕی بەلووت (فەرهەنگ و هونەری ڕۆژاوای ئێران).
6 وتووێژی محەمەد باقر پیری لەگەڵ عەلی ئەشرەف دەرویشیان نووسەر و ڕۆماننووسی گەورەی کرماشان، لە وەرگێڕانی نووسەری ئەم دێڕانە ژمارە 113ی گۆڤاری ڕامان.
سەرچاوە؛ بەرگی دووەمی پڕۆژەی ئەدەبی (ڕۆچنەیەک بۆ ئەدەبی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان) شیعر (لەژێر چاپدایە)