بۆبەڕێزان:
- سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان
- سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان
- سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان
- وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە
- وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوەکان
- تەواوی دانیشتوانی شەنگال و دەوروبەری
وەک هەموان دەزانین ئەمڕۆ ڕێکەوتی 12-11-2015 ئۆپراسیۆنی ڕزگارکردنی قەزای شەنگال و دەوروبەری، لە چنگی ڕەشی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی "داعش" دەستی پێکرد، زانیارییەکانیش ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە، کە تائێستا هێزی پێشمەرگەی کوردستان و شەڕڤانان، بەپشتیوانی هێزی ئاسمانی هاوپەیمانی، بەرێژەیەکی بەرچاوسەرکەوتنیان بەدەست هێناوەو نزیکن لە ڕزگارکردنی تەواوەتی شەنگال و دەوروبەری، ئەمەش یەکێکە لە ئامانجە گرنگ و پیرۆزەکانی جەنگی دژی داعش و لەناخەوە هەموان دڵخۆش دەکات.
هەروەک دەشزانین داعش لە سەرەتای مانگی 8-2014وە کە قەزای شەنگال و دەوروبەری داگیرکردوە، چەندین تاوانی وەک "تاوانی جینۆساید، تاوانی مرۆیی، تاوانی جەنگ"ی ئەنجامداوە، سەرەڕای ئەوەی تا ئێستا کۆمەڵێک بەڵگەی گرنگی تاوانەکانی داعش لەبەردەستن، بەڵام هێشتا لەسەرەتاین و دڵنیاین لەوەی لەناو قەزای شنگال و دەوروبەری، بەهەزاران بەڵگەنامەی تایبەت بە تاوانەکانی داعش بوونیان هەیەو تەنیا ئەو بەڵگەنامانەش دەتوانن تاوانەکانی داعشمان بە تەواوی بۆ ساغ بکەنەوە.
بۆیە ئێمە لەدەزگای لێکۆڵینەوە بۆ جینۆسایدو ئەنفال، بانگەوازی هەموولایەک دەکەین، بەتایبەت هێزی پێشمەرگەی داعش بەزێن و دانیشتوانی ناوچەکە، هەر بەڵگەنامەیەک "نوسراو، بیستراو، بینراو، کەل و پەلی جۆراوجۆر، شوێنی گۆڕی بەکۆمەڵ، ئاسەوارەکانی تاوانەکان، زانیاری هەموجۆر، جل و بەرگی قوربانیەکان، ناسنامەو وێنەی قوربانیەکان، ناوو شوێنی نیشتەجێبونی تاوانبارو تاوانکارەکانی داعش و ناسنامەکانیان، کاسێتی دەنگی، کاسێتی ڤیدۆیی" و هتد وەک بیلبیلەی چاویان بپارێزن و ڕێگری بکەن لە فەوتان و لەناوچونیان، چونکە ئەو بەڵگەنامەو کەرەستەو زەخیرانەیە سبەینێ و داهاتوو، دەبنە ناسنامەی ڕاستەقینەی تاوانەکە.
هەروەک ئەرکی پلەیەکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان، سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، هەردوو وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان و وەزارەتی پێشمەرگەیە، بە پێی پلان و بەرنامەی پێش وەخت، ئەم ئەرکە مێژوویی و نەتەوەییە بخەنە ئەستۆی خۆیان و ئاگادارنامەی پێویستی لەبارەوە بگەیەننە بەرەکانی جەنگ و ئەوانەشی دوای ڕزگارکردنی هەرناوچەیەک وەک دانیشتوانی ناوچەکە دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.
بەرەو ڕزگارکردنی تەواوەتی شەنگال و دەوروبەری.. بەرەو پاراستنی ئاسەوارەکانی تاوانەکانی داعش، لەپێناو ناساندنیان وەک "تاوانی جەنگ، تاوانی مرۆیی، تاوانی جەنگ" لەسەرئاستی ناوخۆو هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی.
دەزگای لێکۆڵێنەوە بۆ جینۆسایدو ئەنفال
12-11-2015 کوردستان، هەولێر