ئەمڕۆ ڕۆژێکی مێژوویی گرنگە بۆ گەلی کورد لەسەرتاسەر دونیا، بە ئازادکردنی شەنگال لەدەستی تیرۆرستانی داعش. بەو بۆنەیەوە، بەناوی خۆم و پەرلەمانی کوردستانەوە، پیرۆزباییەکی گەرم ئاراستەی خوشک و برایانی کوردی ئێزیدی دەکەین، هیوادارین ئەم سەرکەوتنە کەمێک لە برینیان ساڕێژ بکات. هەروەها سوپاسی بێ پایانی قارەمانێتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و شەڕڤانان و گەریلا دەکەم، کە شانبەشانی یەکتر توانییان ئەم سەرکەوتنە تۆمار بکەن، جێگەی خۆیەتی لێرەدا قارەمانێتی پێشمەرگە ئێزییدیەکان و شەرڤانان بەرز بنرخێنین کە لە ساتەوەختی کەوتن و داگیرکردنی شەنگالدا، لە چیای شەنگال قارەمانانە بەرگرییان لە پیرۆزییەکانی گەلەکەمان و هاوڵاتی ئێزیدی کوردی ناوچەکە کرد.
ئازادکردنی شەنگال بۆ هەمو گەلی کوردستان لە هەرچوارپارچەی کوردستان، چرکەساتێکی مێژوویی گرنگە، چونکە شەنگال بووەتە سیمبولێکی دیکەی مەزلومیەتی گەلەکەمان و جینۆساید کردنی، شەنگال بویە هێمای بەرەنگاربونەوەی دڕندەیی گروپی تاریکبینی داعش، کە لەکاتی داگیرکردنیدا سەدان منداڵ و ژن و کچی بێتاوانی ئێزیدیان ڕفاند.
ڕزگارکردنی شەنگال، پەیامێکی گرنگی تێدایە بۆ هەموان، کە ئەویش هاوکاری و تەبایی نێوان لایەنەکانی هەر چوار پارچەی کوردستان، دەتوانێت پارێزگاریی لە شوناسی نەتەوەیی و مانەوەی میللەتەکەمان بکات و، ببێتە مایەی سەرکەوتن لە بەرامبەر دوژمناندا. هەر بۆیە ئێستا و لە بەرامبەر ڕووداوەکانی ناوچەکەدا پێویستمان بە تەبایی نێوان لایەنە جیاوازەکانی هەر چوارپارچەی کوردستان هەیە.
لەم ڕۆژەدا بە پێویستی دەزانین، سوپاسی هێزی هاوپەیمانان بکەین، کە پشتیوانێکی سەرەکی بوون بۆ ڕزگارکردنی شەنگال. ئەرکی حکومەتی هەرێم و عێراق و کۆمەڵگەی نیودەوڵەتیشە دوای ئازادکردنی ئەم شارە، هەڵمەتی ئاوەدانکردنەوەو بونیادنانی دەستپێبکەن و برینی ئێزیدییەکان و هاوڵاتیانی شەنگال بە ئاوەدانی شارەکە ساڕێژ بکەن.
نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدانی گەلەکەمان، بەتایبەت شەهیدانی ڕێگای بەرەنگاربونەوەی تیرۆرستان.
د.یوسف محەمەد سادق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
13-11-2015