بەناوەی خوای بەخشندەی میهرەبان
راگەیەندراوێک لە مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
لەسەر ڕووداوەکانی دوزخورماتوو.
هاوڵاتیانی خۆشەویست
حزب و لایەنە سیاسیەکان
بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە ماوەی دوو ڕۆژە خەڵکی شاری دوزخورماتوو ڕووبەروی تەنگژەیەکی سەخت و ئالۆز بونەتەوەو بوەتە مایەی بریندارکرن و گیان لەدەست دانی چەندین هاولاتی سڤیل و سوتاندنی مزگەوت و شوێنی کەسابەت و ماڵی هاوڵاتیان.
ئێمە لەیەکگرتووی ئیسلامی کوردستان نیگەرانی و دڵتەنگی خۆمان بۆ ئەو دۆخە نالەبارەی دوزخورماتوو ڕادەگەیەنین و پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەس و کاری قوربانیانی ڕوداوەکەی ئەم دواییەی دوزخورماتوو دەکەین و دوعای خێرو شیفای بەپەلە بۆ بریندارەکان لەخودای بەدەسەلات دەخوازین.
داواکارین لە هاوڵاتیان و سەرجەم لایەنەکانی ناو دوزخورماتوو بەگیانی برایەتی و ڕۆحی پێکەوە ژیانەوە ڕووبەروی هەر هەوڵێک ببنەوە کە ئاسایشی کۆمەڵایەتی و سەرو ماڵی هاوڵاتیان دەخاتە مەترسیەوە.
داوەکارین لەلایەنە پەیوەندیدارەکانی سیاسی و سەربازی و ئیداری لە هەرێم و بەغدا بەزوترین کات لە ڕێی گفتوگۆوە چارەسەرێک بۆ ئەو دۆخە بدۆزنەوەو بەهێورکردنەوەی خێرای دۆخەکەو چارەسەری کێشەکە، هەروەها دەخوازین هەردوو ئیدارەی پارێزگای کەرکووک و صلاح الدین کۆبونەوەی هاوبەش بکەن بۆ گیرانەوەی متمانەو ڕۆحی پێکەوە ژیان بۆ ناوچەکە و قەرەبوکردنەوەی هاونیشتمانیان.
ئێمە لە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ئامادەین بۆ هەر هەوڵێک کە ئاشتی و تەبایی و پێکەوەژیان بگەرێتەوە بۆ ناوچەکە.
جارێکی ترئیدانەی هەر هەوڵ و جوڵەیەک دەکەین کە تیرۆر بەرهەم دەهێنێت و هاوڵاتیان دەتۆقێنێت و ئاسایشی کۆمەڵایەتیمان لەناو دەبات.
مەکتەبی سیاسی
یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان
15-11-2015