کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان (ژ.ک) لە 25 ی گەلاوێژی ساڵی 1942ز لە باغێکی نیزیک شاری مەهاباد لە لایەن کۆمەڵێک لە ڕووناکبیرانی کوردەوە دامەزرا.
ئەو کۆمەڵەیە کە دوای حیزبی ئازادیی کوردستان پێک هاتبوو، ڕێکخراوێکی نهێنیی میللی - مەزهەبی بوو کە ئامانجی سەرەکیی کوردستانێکی سەربەخۆ بوو.
ژ. ک زۆر زوو توانی پانتایی بدا بە خەباتەکەی هەم لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەم باشووری کوردستان. قازی محەممەد لە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە نەبوو، بەڵام دوای ماوەیەک دەبێتەوە ئەندامی کۆمەلە ودواتریش لەگەل ئەوەی کە ڕێبەری کۆمەڵە نەبووە، بەڵام کەسی هەرە بەدەسەڵات و لە هەمان کات دا هەرە زانای نیو کۆمەڵە بووە. بۆیە دواتر جلەوی ڕێبەری کردنی ڕێکخراوەکە دەگرێتە دەست.
بەهۆی گۆڕانکاریی دوایی شەڕی دووهەمی جیهانی و شکستی فاشیزم، لاوازیی دەوڵەتی ناوەندیی ئێران، پێشەوا قازی محەممەد بە زانایی خۆی دۆخەکە هەڵدەسەنگێنێ و هەست بەوە دەکا کە کورد پێویستی بە ڕێکخراوێکی دێمۆکراتیکی سەردەمی تر هەیە.
بۆیە بیر لە گۆڕینی ناو و قەوارەی ژ. ک بە حیزبی دێمۆکراتی کوردستان دەکاتەوە و بەرنامەیەکی هەشت مادەیی بۆ ئەو حیزبە ئامادە دەکەن.
لە 25 ی گەلاوێژی 1324 لە کۆبوونەوەیەکی بەرینی ژ. ک دا کە بەرهەمی باس و خواسێکی زۆر بوو، کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد دەگۆڕن بە حیزبی دێمۆکراتی کوردستان.
ڕۆژنامەی کوردستان کە هەتا ئێستاش بەردەوامە وەک بیری حیزب دیاری دەکەن، لۆگۆیەکی تایبەت بۆ حیزب دیاری دەکەن و کار بۆ یەکەم کۆنگرە ی حیزب و لە هەمان کات دا ئامادەکاری بۆ ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان دەست پێدەکەن.
یەکەم کۆنگرەی حیزب لە پاییزی هەمان ساڵ(1945) دا لە شاری مەهاباد دەگیرێ و ڕێبەری تازە هەلدەبژێردرێ. ئەو ڕێبەریەش قازی محەممەد وەک پێشەوای حیزب هەڵدەبژیرن.
بەرهەمی بیر وبڕیارەکانی کۆنگرەی یەکەمی حیزب وەک یەکەمین ڕێکخراوی مۆدێڕنی کورد، دەبێتەوە کار بۆ ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان کە لە 2 ی ڕێبەرندانی هەمانساڵ دا هاتە نێو مێژووی نەتەوەی کوردەوە.
کۆنگرەی یەکەمی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان لە نێوەڕاستی پائیزی 1324 (1945) مەهاباد.
یەکەم پێشەوای حیزب قازی محەممەد.
بڕیای سەرەکی کۆنگرە : کار بۆ ئامادەکردنی زەمینەی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستان.