کۆنگرەی نۆ (کۆنگرەی قاسملوو) لە 30 ی سەرماوەزی 1370(1991) گەلی بەدرانی بالەکایەتی.
هەر وەک باس کرا، لە دوای کۆنگرەی هەشت جیابوونەوەیەک لە ڕیزەکانی حیزب دا ڕوویدا. بەلام ئەوە تەنیا ڕووداوی گرینگی نێوان کۆنگرەی هەشت و نۆ نەبوو بۆ حیزب و بزووتنەوەی کورد و ناوچەکە و بگرە جیهانیش.
شەڕی هەشت ساڵەی ئێران و عێڕاق لە هاوینی ساڵی 1367 بە قەبوولی بڕیاری 598 ی ڕێکخراوی نەتەوە یەک گرتووەکان و بە نۆشینی جامێک ژەهر لەلایەن خومەینی یەوە، ڕاوەستا و پڕۆسەی دانوستان بەرەو دەست پێکردن دەچوو. ئیحتیمالی سات و سەودا لە سەر بزووتنەوەی کورد لەو دوو بەشەی کوردستان ڕۆژ لە گەل ڕۆژ زیاد دەبوو. هیندەی پێ نەچوو خومەینی بە هەمان جامی ژەهر لە 14ی جۆرزەردانی 1368 مرد کە جێگەرەکەی لە خۆی دیکتاتۆر تر و خوێن مژتر دیاری کرا. دوای چڵ ڕۆژ و لە 22 ی پووشپەڕی هەمانساڵ، ڕێبەری بلیمەتی حیزب و بزووتنەوەی کورد، دوکتۆر عەبدورەحمانی قاسملوو لە سەر میزی وتوێژی لە گەل بە ناو هەیئەتی کۆماری ئیسلامی، لە لایەن خودی هەیئەتەکەوە تێرۆر کرا. دوکتۆر سادقی شەڕەفکەدنی لە پاییزی هەمان ساڵی دا بە سکرتێری گشتی حیزب هەڵبژێردرایەوە و حیزب دوای شەهید بوونی کاک دوکتۆر قاسملوو بە ئیعترافی دۆست و دوژمن، گوڕ وتینێکی بێ وێنەی بە خۆیەوە گرت.
کۆنفڕانسێک کە ڕێبەری شەهید کاری بۆ کردبوو لە پاریس بەڕێوە چوو لە سەر بە نێو نەتەوەیی کردنی مەسەلەی کورد.
هەر هەمان ڕەوتی دێمۆکراتیزاسیۆن کە دوکتۆر قاسملوو زۆر پێشتر چاوەڕوانیی دەکرد، لە ئۆرووپای شەرقی دەستی پێکرد و ئاڵمان بەرەو یەک گرتن چوو، چێک و سڵۆواک دابەش بە دوو دەوڵەت بوون، چائۆسیسکۆی دیکتاتۆری ڕۆمانی لە گەل ژنەکەی ئیعدام کران و......
بەهاری ساڵی 1369 کۆمیتەی ناوەندیی حیزب لە بڕیارێک دا یەک لایەنە شەڕی لە گەل کۆمەڵە ڕاگرت، هەر چەند عەمەلەن شەڕ نەمابوو. لە 11ی گەلاوێژی 1369 سەددام هێرشی کردە سەر وڵاتی کویت و داگیری کرد. وڵاتانی عەرەبی و ڕۆژئاوای دە هەوڵی چارەسەری دا بوون کە سەددام بە کەلەشەقی خۆی ئەو وڵاتەی چۆل نەکرد ونیشانەی وەشاندنی زەبری نیزامی لە سەددام و دەر کردنی لە کویت دەردەکەوتن. گەمارۆیەکی ئابووریی توند خرایە سەر ڕێژیمی بەعس. لەو بەینە دا سەددام لە بریارێک دا واز هێنانی خۆی لە خاوەنداریەتی لە شط العرب عەمەلەن نیشانی دا کە موحتاجی ئێرانە. بۆیە ئەگەری موعاملە لە سەر کورد زۆرتر بوو، بۆیە کاک دوکتۆر شەڕەفکەدنی ناوی ئەو موعاملەیەی دانابوو، ڕۆژی ڕەش.
ئەوە بوو شەڕ لە 27 ی بەرانباری 69 بە دژی سەددام دەستی پێکرد و تا کۆتایی مانگی ڕێبەندان درێژەی هەبوو. سەددام شکستی خوارد و لەو فۆرسەتەش د ابەرەی کوردستانی توانیان ڕاپەرینی کوردستانی باشوور دەست پێ بکەن و بۆ ڕۆژی نەوۆرز کەرکووکیان ڕزگار کرد. دواتر کە دیسان سەددام خۆی سازمان دا وهیرشی کرد، ئەوجار ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بریارێک دا هێڵی 36 دەرەجەیان دیاری کرد و تا ڕادەیەک دڵنیایی هەبوو کە ئیدی ئەو موعاملەیە لە سەر کورد سەر نەگرێ.
ئەو ڕووداوانە بوون بە هۆی ئەوە کە حیزب کۆنگرەی نۆ لە کاتی خۆی دا نەگرێ. چوونکی ئەوکات زۆر یەک لەو ڕووداوانە جارێ ڕوون نەبوون و هەڵوێستی ڕوون هیندێک بە زەحمەت بوو.
بەڵام لە نێو خودی حیزب دا بەداخەوە بوونی دوو جیناحی لانی کەم بۆ بەدەنەی حیزب هەستی پێ دەکرا. هەر چەند دڵنیایی یەک هەبوو لەوەی کە کاک دوکتۆر شەڕەفکەندی بە لێزانی خۆی دەتوانێ بە سەر هەر دوو جیناح دا زاڵ بێ و یەک گرتووی حیزب بپارێزێ کە هەر واش دەرچوو.
ئەوەبوو گەیشتینە پائیزی ساڵی 1370، ئیدی وەزع هیندێک ڕوونتر بوو. بۆیە کار وباری ئامادەکاری بۆ کۆنگرە دەستی پێکرد. هەر چەند ئیدی ڕێژیم بە تەواوی دەستی خستبووە نێو باشووری کوردستان وماشێنی تێرۆری بە دژی ئەندامان و کادر وپێشمەرگەی حیزب خستبووە کار.
ئاکام و بڕیارەکانی کۆنگرەی نۆ :
زۆر ئاڵ و گۆڕ لە بەرنامە وئەساسنامەی حیزب دا کران وەک : زیاد کردنی بەندێک لە بەرنامە دا کە تایبەت بوو بە لاوان، لابردنی دروشمی خەباتی دژی ئیمپریالیستی
بەڵام دیارترینی ئەو ئاڵ و گۆرانە هێنانە کایەی دوو تێبینی بوو کە هەتا ئێستاش لە ئەساسنامەی حیزب د اهەر درێژەیان هەیە، ئەویش ئەوەیە کە : پاراستنی مافی کەمینە لە نێو ڕیبەری حیزب د ابە تایبەتی و دانی مافی ئەوەی بە کۆمیتەی ناوەندی کە بۆ کۆنگرە و کۆنفرانسەکانی حیزب، بتوانێ تا نیوەی ئەندامانی ئەسڵیی خۆی، لە کادر وئەندامی حیزب بە مافی دەنگدانەوە بەشداری کۆنگرە بکات.
ڕێبەرایەتی هەڵبژێرایەوە کاک دوکتۆر شەڕەفکەدنی بۆ جاری دووهەم و بەداخەوە ئاخیر جار وەک سکرتێری گشتیی حیزب هەڵبژێرایەوە