بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بۆ چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە ڕۆژانە تا کاتژمێر شەش-ی ئێوارە چارەسەر بۆ هاوڵاتیان دەکەین و لە دوای کاتژمێر شەش-ەوە چارەسەر بۆ هاوڵاتیانی دەرەوە دەکەین دەشڵێت، ئەمساڵ نزیکەی 1000 توشبوومان چارەسەرکردووە.
د.میران محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لەمیانی بەشداری کردنی لە کۆنفراسی چارەسەرکردنی شێرپەنجە بە تیشک لە عیراق، ڕایگەیاند: "نەخۆشی شێرپەنجە یەکێکە لە نەخۆشیە ترسناکەکان بۆیە ئێمە هەستاوین بە کۆنفرانسێکی تەندروستی بۆ ئەوەی هیوایەک بۆ سبەی دروست بکەین".
وتیشی: "سەرەڕای هاتنی بە لێشاوی نزیکەی 1 ملیۆن و 800 هەزار ئاوارەی عەرەب بۆنێو خاکی کوردستان بەڵام ڕێژەی نەخۆشییەکە لە شاری سلێمانی بە بەراورد بە شارەکانی تری هەرێم کەمترە".
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی جەختیشی کردەوە: "چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە 90% لەلای خۆمان چارەسەری بۆ دەکرێت".
روونیشی کردەوە: "سەرەڕای قەیرانە داراییەکەی کوردستان، بەڵام (سەنتەری ژیانەوە) هیوای داوە بە خەڵک لەڕووی دابینکردنی دەرمان و پشکنینەوە ئێمەش بەڕێژەی 2/3 هەر بەردەوامین لە ڕێگری کردن لە نەخۆشییەکە ".
- 12-12-2015