بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
هاووڵاتیانی خۆشەویستی کوردستان
خۆڕاگریی گەلەکەمان و دلێری و قارەمانێتی پێشمەرگەکانمان لە هەموو قۆناغ و ڕۆژە سەختەکاندا بووەتە هۆی ئەوەی گەلی کوردستان هەمیشە بە سەربەرزی بمێنێتەوە، دوای ئەو کارەسات و ئەو شەڕە زاڵمانەی لە لایەنە تیرۆریستانی دوژمنی ئەخلاق و مرۆڤایەتی بەسەر گەلی کوردستاندا سەپێندرا هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە خوێن و گیانفیدایی خۆی ئەفسانەی داعشی شکاند و بووە هۆی سەرسامیی جیهان، لە سایەی قوربانیدانی پێشمەرگە ئێستا هەموو مرۆڤایەتی بەچاوی ڕێز و ستاییشەوە سەیری گەلی کوردستان دەکات.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوو پێشمەرگە لە چەندین داستانی بێوێنەدا دوایین هەوڵی تیرۆریستانیان بۆ پەڵاماردانی خاکی کوردستان تێک شکاند و زیانێکی زۆر گەوەرەیان لە دوژمن دا. لە شەڕێکی بیست و چوار سەعاتیدا داعش هەوڵیدا بە فراوانترین شێوە و بە باشترین هێز و چەک و تەقەمەنی و ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو پەلاماری پێشمەرگە بدات.
ئەو هێرشەی تیرۆریستان بە گەورەترین هێرشیان هەژمار دەکرێت و ماوەی یەک مانگ خۆیان بۆ ئامادە کردبوو بەڵام پێشمەرگە قارەمانانە لەسەرجەم میحوەرەکان داعشیان تێکشکاند. دەستخۆشییان لێ دەکەم و بەرخودان و ئازایەتیان مایەی شانازین، هەروەها سوپاسی گەلی خۆڕاگری کوردستان دەکەم کە پشتیوانی پێشمەرگەن و ڕۆڵەی ئەوها ئازا و چاونەترس و نیشتیمانپەروەرەیان پێگەیاندووە بۆ بەرگریکردن لە خاک و نیشتیمان. سوپاسی پشتگیری و پاڵپشتیی ئاسمانیی هێزی هاوپەیمانانیش دەکەم کە لە شەڕەکاندا پشتیوانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بوون.
تیرۆریستان ویستیان لە ڕۆژی ئاڵای کوردستاندا پەلاماری کوردستان بدەن و ئاڵای کوردستان لە سەر لانەی شێران دابگرن بەڵام خەیاڵی تیرۆریستان و دوژمنان خاوە و ئاڵاکەمان لەسایەی خودای گەورە و قارەمانێتی پێشمەرگە و هیمەتی گەلەکەمان هەرگیز نەوی نابێ و بە بەرزی دەمێنێتەوە.
زۆر خەمبارم بە لەدەستدانی پۆڵێک پێشمەرگەی قارەمان، شەهیدبوونیان خەسارەتێکی گەورە بوو بۆ هەموومان، هەر پێشمەرگەیەک کە گیانی پاکی دەبەخشێ و شەهید دەبێ برینێک دەخاتە دڵی من، بەڵام باوەڕێکی تەواوم هەیە کە خوێنی پاکی شەهیدە سەربەرزەکانمان گەلی کوردستان بەرەو ڕۆژی سەرکەوتن دەبات، هەروەها پابەندبوونمان بەرانبەر خاک و نیشتیمان و دواڕۆژی گەلی کوردستان زیاتر دەکات. گیانی شەهیدەکانمان هەوێنی سەربەرزی و سەرکەوتنی گەلی کوردستانە. مەردایەتی و فیداکاریی ئەو ئازیزانە هەموومان مکوڕتر دەکات کە دەستبەرداری دۆزی ڕەوای گەلەکەمان نەبین و ئێرادەی گەلی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمن و گەییشتن بە سەرکەوتنی یەکجارەکی بەهێزتر دەکات.
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدان و هیوای چاکبوونەوە بۆ برینداران دەخوازم.
مسعود بارزانی
19-12-2015