نووسینی: مامۆستا فەهمی کاکەیی
زمان ئامرازێکە بۆ دەربڕین و لێکگەیشتن، هەر بۆیە زمان هەڵگر و گەیێنەری فەرهەنگ(کولتوور)ـە. لەم گوتارەدا کە باس لە زمانی ئاخافتن و زمانی نووسين دەکەین مەبەستمان زمانی یەکگرتوو نییە، چونکە باسەکە تایبەت نییە بەو لایەنەوە، بەڵکوو مەبەستمان جۆری ئەو زمانەیە کە لە ئاخافتن یان لە نووسیندا بەکار دەهێنرێت. هەروەک فەرهەنگی خوێندەوارەکان و فەرهەنگی نەخوێندەوارەکان لێک جوودان زمانی ئەو دوو توێژەش لێک جودان. هەروەک فەرهەنگی شارییەک و هی گوندییەک لێک جودان زمانیشیان جودایه، تەنانەت زمانی گەنجان و زمانی بەساڵداچووان لێک جودان، ئەمە لایەنێکی زمانی ئاخافتنه لە ژیانی ڕۆژانەدا، بەڵام لەسەر ئاستی نووسین و بڵاوکردنەوە و هۆیەکانی گەیاندن دەتوانین بڵێین زمانی ڕادیۆ و تەلەفیزیۆن و سینەما، زمانی کۆڕوکۆبوونەوە ئەگەر چی لەسەر کاغەزیش نووسرابن بەو مەبەستە نووسراون کە بگوترێن هەر بۆیە بە زمانی ئاخافتن درژمێردرین، بەڵام هەرچی زمانی ڕۆژنامە و گۆڤار و کتێب و ئینتەرنێت و هتد..بەو مەبەستە نووسراون که بخوێنرێنەوە بۆیە بە زمانی نووسین له قەڵەم دەدرێن.
ئەگەر بمانەوێت زمانی ئاخافتن (ئەوەی لە میدیای گوترادو یان کۆڕ و سیمیناراندا بەکار دهێنرێت) شی بکەینەوە دەبینین کە زمانی سینەماو و زمانی تەلەفیزیۆن و زمانی ڕادیۆ هەریەک تایبەتمەندیی خۆیان هەیه، زمانی ڕادیۆ و تەلەفیزیۆن ئەگەر چی لەیەکەوە نزیکن بەڵام جیاوازیی ئەوەیان هەیە کە لە ڕادیۆدا بە پێچەوانەی تەلەفیزیۆن هەستی بینین بەشداری ناکات، بۆیە پێویستە لەسەر نووسەران و ئامادەکەرانی ئەو بابەتانەی بۆ ڕادیۆن ئەم تایبەتمەندییە ڕچاو بکەن، واتە هەمیشە ئەوەیان لەبەر چاو بێت کە بۆ بیسەر قسە دەکەن نەک بۆ بینەر، سادەتر بڵێین بو کوێر قسە دەکەن نەک بۆ چاوساغ. هەروەها زمانی کۆڕێکی ڕۆشنبیری کە لە تەلەفیزیۆنەوە بڵاو دەکرێتەوە پێویستە جیاوازیی هەبێت لەگەل زمانی هەمان کۆڕ کە لە هۆڵێکدا پێشکەش دەکرێت.
بۆ ئەوەی نووسەر بابەتێکی پڕمانا و سوودبەخش و سەرنجڕاکێش بنووسێت یان ئامادە بکات پێویستە لە بەراییدا ئەم پرسیارانە لە خۆی بکات:
بۆچی دەنووسم (ئامانج لە نووسیەنەکەم)
چی دەنووسم (جۆری ئەو بابەتەی لەسەری دەنووسم)
بۆ کێی دەنووسم (خوێنەرەکانم کێن)
چۆنی بنووسم (چۆن سەرنجی خوێنەر ڕاکێشم)
کەی و لە کوێ بڵاوی بکەمەوە (ڕۆژنامە، گۆڤار، ئینتەرنێت)
ئەگەر وشەی نووسین بکەینە ئاخافتن و خوێنەر بکەینە گوێگر هەنگین ئەو خاڵانەی سەرەوە بۆ کۆڕی زیندوو یان بۆ پەخشکراویش ڕاستن، بەڵام پیویستە نووسەر ئەوەی لەبەر چاو بێت کە لە کۆڕی زیندوودا کەسانێک ئامادە دەبن بە وەیست و حەزی خۆیان هاتوون و بابەتەکەیان بە لاوە مەبەستە و تەنانەت ئەوەش گرنگە کە لەسەر کورسی دانیشتوون، هەرچی کۆڕی پەخشکراوە (بۆ نموونە ئەوەی لە تەلەفیزیۆنەوە پەخش دەکرێت) دەچێتە ماڵی خەڵکەوە لە جیاتیی ئەوەی ئەو خەڵکە خۆیان بێن ئامادە بن، هەموو ئەندامانی خێزان دەیبینن بە چاوپۆشین لەوەی ئایا هەموویان حەزیان لێیە یان نا. ئەگەر زمانی کۆڕیکی پەخشکراو و چۆنیەتیی ئامادەکردن و پەخشکردنی سەرنجی کەسێکی پاڵکەوتوو ڕاکێشاو و وای لێ کرد هەڵسێت و دانیشیت و بە جوانی تەماشای بکات و گوێی لێ بگرێت ئەوە بێگومان مەبەستی خۆی پێکاوە، بەڵام ئەگەر وای لە کەسێک کرد کە بە خۆی ئارەزوومەندی گوێگرتنه لەو بابەتانە کەناڵی تەلەفیزیۆنەکە بگۆڕێت، ئەوە بێگومان کەماسی هەیە لە زمان یان ئامادەکردن یان پێشکەشکردنی بابەتەکە.
ئەوەی گومانی تیدا نەبێت ئەوەیە کە کۆڕێکی پەخشکراو بە بەراورد لەگەڵ کۆڕێکی زیندوو (لە هۆڵێکدا) پێویستە دوو زمانی جیاوازیان هەبیت، ڕەنگە مەترسیی بەجێهێشتنی هۆڵەکە لە لایەن ئامادەبووانەوە زۆر کەمتر بێت لە مەترسیی ئەوەی ئەگەر بینەر بابەتەکەی بەدڵ نەبوو کەناڵی تەلەفیزیۆنەکەی بگۆڕێت یان بە جارێ تەلەفیزیۆنەکەی دابخات، لێرەدا پێویستە لەسەر نووسەر تەنیا بیر لەوە نەکاتەوە کەسانێک کە بابەتەکەیان بەلاوە مەبەستە بەردەوام بن لەسەر بینین و گوێگرتن بەڵکوو ئەوانەی بابەتەکەیان بەلاوە مەبەست نییە ببنە ئاشنای و حەز و ئارەزوویان لە لا دروست بێت.
دەگەڕێمەوە سەر سیمیناری زیندوو، کە کۆڕگێر ناونیشان هەڵدەبژێرێت، پێویستە ڕەچاوی ئەوە بکات کە ناونیشانەکە سەرنجڕاکێش بێت بۆ ئەوەی ئامادەبووان زۆر بن، ڕەنگە هەندێک بڵێن ژمارە گرنگ نییە، بەڵکوو جۆری خەڵکەکە گرنگە، ئەمە بەلای منەوە وا نییە، کۆڕگێڕی زیرەک ئەوەیه کونجکاوی لە لای خەڵک دروست بکات و ڕایانکێشێت بۆ لای بابەتگەلێک پێشتر بەلایەنەوە مەبەست نەبووە، پاشانیش وا لە ئامادەبووان بکات هەموو هزری خۆیان بدەنە بابەتەکە و بە پەرۆشەوە گوێ لە کۆڕگێڕ بگرن و بیریان پەرت و بڵاو نەبێتەوه، بە کورتی و زۆر بە سادەیی پێویستە کۆڕگێر بازاڕ بۆ بابەتەکەی پەیدا بکات. لە هەمان کاتدا مەبەستم لە ناونیشانی سەرنجڕاکێش هەرگیز ئەوە نییە قەبە و زل، بە کەش و فش و بە پێچ و پەنا بێت و خەڵکی لێی بترسن، بەڵکوو هەتا دەکرێت سادە و ئارامبەخش و بێ گرێ و گۆڵ بێت و خەڵک لە خۆی کۆبکاتەوە.
مامۆستای پۆل لە پۆلەکەی خۆیدا دەزانێت بۆ کێ قسان دەکات، ئاستی زانین و تێگەیشتنی قوتابییەکانی لە لای ڕوونە، تەنانەت دەزانێت کام وشە بۆ قوتابییەکانی نوێیە و بۆیانی لێک دەداتەوە. قوتابییانی پۆلێک لە زۆر لایەنەوە نزیکەی لە یەک ئاستدان، هەر بۆیە مامۆستا دەزانێت بە کام زمان و بە چ شێوەیەک بابەتەکەی بۆ قوتابییان باس بکات، بەڵام ئەمە بۆ کۆڕگێڕ هەروا ئاسان نییە، لێرە کەسانێک دانێشتوون کە ئاستێ زانێن، ڕۆشنبیری، تەمەن، ئارەزوو، حەز، ديد و بۆچوون، تاقیکردنەوە و شارەزایی لە ژیاندا، تەمەن و ڕەگەزیان جودان، لێرەدا پێویستە کۆڕگێر زمانێکی ناوکۆی هاوبەش بدۆزێتەوە بۆ ئامادەبووانی کۆڕەکەی، ئەمەش کارێکی هەروا ئاسان نییە، دەبێ کۆڕگێر خاوەن تاقیکردنەوە و شارەزاییەکی باشی هەبێت لە ژیاندا و لە نزیکەوە لەگەڵ هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵ مامەڵەی کردبێت. تەنانەت ئەگەر کۆڕگێر لە بواری شانۆدا کاری کردبێت یان لە نزیکەوە پەیوەندیی بە شانۆوە هەبووبێت زۆر یارمەتیی دەدات بۆ ئەوەی سەرنجی ئامادەبوون بۆ لای خۆی ڕاکێشێت، چۆنییەتی دربڕین، بەرزکردنەوە و نزمکردنەوەی دەنگ، بەکارهێنانی دەست و سەر و هێما لە جیی خۆیدا ئەمانەش یارمەتی دەدەن بۆ ئەوەی کۆڕگێر باشتر بابەت و بۆچوونەکانی خۆی بگەیەنێتە ئامادەبووان.
تێبینی: ئەم بابەتە تازە نییە، پێشتریش بڵاوم کردۆتەوە، بەڵام هەست دەکەم گرنگە ناوبەناو سەرلەنوێ بڵاو بکرێتەوە، چونکە هەرچی سەرنج دەدەم مێدیای کوردی زۆر پێویستی بەم جۆرە گوتارانە هەیە.