نووسینی: سیاوەش گۆدەرزی
ڕۆژنامەنووسی کوردی لە چیا
مێژووی 21 ساڵەی ڕۆژنامەنووسی سیاسی کوردی لە نێوان ساڵەکانی 1979 تاکوو 1999 لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا.
مێژووی ڕۆژنامەنووسی کوردی چ بە شێوەی ئاشکرا و چ بە شێوەی نهێنی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەکرێ بە چوار قۆناخ دابەش بکرێ.
قۆناخی یەکەم:
ئەو ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردیییانەی کە بەر لە دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە مەهاباد واتە بەر لە ساڵی 1945 بڵاو کراونەتەوە، لەو ماوەیەدا ئەوی کە وەک بەڵگە کەوتتبێتە دەست تەنیا دوو گۆڤارە، گۆڤاری "نیشتمان" لە نێوەڕاستی ساڵی 1942 لە تەورێز دەرچووە و دەکرێ وەک یەکێک لە یەکەم گۆڤارەکانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بێتە ژماردن، نیشتمان گۆڤارێکی سیاسی، ئەدەبی و کۆمەڵایەتی بووە و وەک باس دەکرێ بڵاوکەرەوەی بیری "کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد" (ژ.ک.) بووە و سەرجەم لەو ماوەیەدا 9 ژمارەی لێ بڵاو کراوەتەوە. ژمارەی دەیەمی ئەم گۆڤارە لە دوای کۆماری کوردستان لە لایەن "محەمەدی شاپەسەندی" لە ناوچەی سلێمانی بڵاو کرایەوە. "دیاری لاوان"، ئاگاداری یەکی تەواو لە سەر ئەم گۆڤارە لە دەستدا نییە، بەڵام بە گوێرەی قسەی کاک ئەنوەر سوڵتانی ژمارەی یەکەمی ئەم گۆڤارە لە گتێبخانەیەک لە بریتانیادا پارێزراوە.
قۆناخی دووهەم:
ئەو ڕۆژنامە و بڵاو کراوانەی کە بە دوای دامەزراندنی کۆماری کوردستان و حیزبی دیموکراتی کوردستان (حدکا) بڵاو کراونەتەوە. لە ماوەی بەرپا بوونی کۆماردا سەرجەم 6 گۆڤار و ڕۆژنامە بڵاو کراوەتەوە:
گۆڤاری "کوردستان" یەکەم ژمارەی لە 6ی دیسامبری 1945دا لە مەهاباد بڵاو کراوەتەوە و لە باری نێوەڕۆکەوە بڵاوکەرەوەی بیری حدکا بووە و سەرجەم 16 ژمارەی لێ دەرچووە. ڕۆژنامەی "کوردستان" ئورگانی کومیتەی ناوەندی حدکا بووە و یەکەم ژمارەی لە 10ی ژانویەی 1946 دا بڵاو کراوەتەوە و هەتا ڕۆخانی کۆماری کوردستان سەرجەم 113 ژمارەی لێ دەرچووە. ئەم ڕۆژنامەیە لە قۆناخەکانی دیکەدا بڵاو کردنەوەی درێژەی هەبووە و لە سەر یەک هەتا ئێستا نزیک بە 1734 ژمارەی لێ بڵاو کراوەتەوە. (نزیک بە 80 ژمارەیان بە هۆی کاک کەریم حسامی یەوە گەیشتوونەتە سوێد و ئێستا لە 2 سیدی CDدا لای حامید درودی پارێزاون) گۆڤاری "هەڵاڵە"، کومیتەی حدکا لە شاری بۆکان بڵاوی کردووەتەوە و لەو ماوەیەدا تەنیا 3 ژمارەی لێ دەرچووە. یەکەم ژمارەی ئەم گۆڤارە لە مارسی 1946دا بڵاو کراوەتەوە. دوو گۆڤاری دیکەی ئەم قۆناخە بریتین لە: گۆڤاری "ئارارات"، 1945، 3 ژمارە. گۆڤاری "هاواری نیشتمان" 1936، یەک ژمارە.
قۆناخی سێهەم:
ئەم قۆناخە بە دوای ڕۆخانی کۆماری کوردستان دا دەست پێدەکا و هەتا ڕۆخاندنی حکومەتی پاشایەتی لە ئێران دا واتە 1979 درێژەی دەبێ. لەم ماوە دوور و درێژەدا تەنیا 8 ڕۆژنامە و گۆڤار بڵاو کراوەتەوە کە بریتین لە ڕۆژنامەی "کوردستان" لە باکۆ، 1337 ژمارە. (ئەم ڕۆژنامەیە وەک پاشکۆی ئورگانی فیرقەی دیموکراتی ئازەربایجان لە یەک لاپەڕەدا بڵاو کراوەتەوە)، ڕۆژنامەی کوردستان لە تەورێز، 1945، 4 ژمارە، ڕۆژنامەی کوردستان لە ئوروپا، 1943، سەرجەم 36 ژمارە. ڕۆژنامەی کوردستان لە باشووری کوردستان (ئورگانی کومیتەی ناوەندی) 1349ی هەتاوی و هەتا ئێستاش هەر درێژەی هەیە. ڕۆژنامەی "رێگا" 1327ی هەتاوی لە لایەن د. وەکیلی کوردستانی بڵاو کراوەتەوە. "بغستان" فارسی و کوردی بووە، 1952 لە لایەن د. محەمەدی موکری یەوە بڵاو کراوەتەوە. ڕۆژنامەی "رۆژ" 1966 لە لایەن کاک سولێمانی موعینی یەوە بڵاو کراوەتەوە. "تیشک"، 3 ژمارە (بە قسەی کاک سەعید کوێستانی 2 ژمارە) 1966 لە لایەن کومیتەی ئینقلابی حدکاوە بڵاو کراوەتەوە. ڕۆژنامەی "کوردستان" 1959 لە تاران لە لایەن د. محەمەد سدیق مەفتی زادەوە بڵاو کراوەتەوە. گۆڤاری "تێکۆشەر" 1972 بڵاو کراوەی نێوخۆیی حدکا بووە و 20 ژمارەی لەو قۆناخەدا بڵاو کراوەتەوە و ئێستاش هەر درێژەی هەیە. (ژمارەی یەکەمی ئەم گۆڤارە لە لای من پارێزراوە).
قۆناخی چوارەم:
ئەم قۆناخە، ئەو ڕۆژنامە و گۆڤارانە وەخۆ دەگرێ کە بە دوای ڕۆخانی حکومەتی پاشایەتی لە ئێران دا لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا بڵاو کراوەنەتەوە. لە پاش هەڵگرسانەوەی شۆڕش لە کوردستان واتا لە ساڵی 1979 بەدواوە نزیک بە 29 گۆڤار و ڕۆژنامە لە چیا بە دوور لە دەستەڵاتداریەتی کۆماری ئیسلامی بڵاو کراونەتەوە کە باسی بنەڕەتی یە لەم وتارەدا و پاشان بە وردی دێمەوە سەری. هەر لەم ماوەیەش دا زۆر حەوتووانە و مانگانە بە زمانی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا بڵاو کراونەتەوە وەک: "گرشەی کوردستان"، 1981 لە تاران. "سروە" ورمێ، هەتا ئێستا زیاتر لە 145 ژمارە(لە ژمارە یەکەوە تاکوو ژمارە 100 لە لای حامید درودی دەست دەکەوێ). حەتوونامەی "ئاویەر"، 1998 هەتا ئێستا زیاتر لە 30 ژمارە. "تاڤگە" 1996 لە سنە. "میراجی"، "زرێبار" و "ئەندێشە" لە مەریوان. "زێویە" 1997 لە سەقز. "تروسکە" 1979 وەک ئورگانی کۆمەڵەی کوردەکانی دانیشتووی تاران بڵاو کراوەتەوە. هەر لەم ماوەیەشدا بە دەیان ڕۆژنامە و گۆڤاری کوردی لە لایەن کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دەرەوەی کوردستاندا بڵاو کراونەتەوە، وەک: گۆڤاری "ئاڵا" لە لایەن پارتی سەربەخۆی کوردستان. "سەردەمی نوێ" لە لایەن کەریم حسامی یەوە لە سوێد. "ئاوارە" لە لایەن کاک موستەفا شەڵماشی یەوە. "گزنگ" لە لایەن کاک سولێمان چیڕە. "بانگەواز" لە لایەن کوردە پەنابەرەکانی کەمپی ڕۆمادی. "چرۆ" هەر لە لایەن کوردە پەنابەرەکانی کەمپی ڕۆمادی لە عێراق و هەروەها گۆڤاری "کۆمار" لە سوێد.
رۆژنامەنووسی لە چیا یان ڕۆژنامەنووسی سیاسی کوردی
بێجگە لەو ڕۆژنامە و گۆڤارانەی کە لە لایەن حیزب و ڕێکخراوە سیاسی یە کوردی یەکانەوە لە ساڵی 1979 بەدواوە بڵاو کراوەنەتەوە چەند گۆڤار و ڕۆژنامەیەکیش لە لایەن کۆڕ و کۆمەڵی جۆراوجۆر و ڕۆژنامەنووسی ئازادەوە بڵاو کراونەتەوە. هەروەها دەیان ڕۆژنامەی دیواری لە بنکەکانی پێشمەرگەی "حدکا" لە دیوار دراون. ڕۆژنامە دیواریەکان ئەو ڕۆژنامانە بوون کە هەر جارێک ژمارەیەکیان لێ بڵاو کراوەتەوە و بە دیواری بنکەی پێشمەرگەکانەوە هەڵواسراوە و پێشمەرگەکان بە بۆرە خوێندوویانەتەوە. ناوی ژمارەیەک لەو ڕۆژنامە دیواریانە بریتین لە "زرێبار" 58 ژمارە. "شەفەق" 50 ژمارە. "چوارچرا" 50 ژمارە. "بەیان" 46 ژمارە. "بێستوون" 32 ژمارە. "خاڵەباد" 20 ژمارە. "گزنگ" 24 ژمارە. "گیاڕەنگ" 21 ژمارە. "نەکەرۆز" 21 ژمارە. "دەنگی ژنان" 6 ژمارە و "ئاگری " 2 ژمارە. هەروەها چەند ڕۆژنامەی دیواری دیکەش وەک: "گێلەشین"، "شینە"، "سیروان" و "هانا" هەر لە بنکەی پێشمەرگەکاندا بە دیوارەوە هەڵواسراون.
رۆژنامەی کوردستان
ئورگانی کومیتەی ناوەندی حدکایە و لەم قۆناخەدا هەتا ئێستا 270 ژمارەی لێ بڵاو کراوەتەوە، ئەم بڵاو کراوەیە گەرچی ناوی ڕۆژنامەی لەسەرە بەڵام مانگێ جارێک دەردەچێ، هەموو جارێکیش وتارەکانی بە فارسی وەردەگێڕدرێ و بە هەمان ناو "کوردستان" لە ڕۆژنامەیەکی دیکەدا بڵاو دەکرێتەوە، بڵاو کردنەوەی ئەم ڕۆژنامە هەر ئێستا بەردەوامە. (زۆربەی ژمارەکانی ئەم ڕۆژنامەیە لە لای نووسەری وتار دەست دەکەوێ.)
گۆڤاری "تێکۆشەر"
نامێلکەی نێوخۆی حدکایە و هەرچەند مانگ جارێک دەردەچێ، دەورەی دووهەمی ئەم گۆڤارە لە ئاوریلی 1982ەوە دەستی بە وەشان کردووە و هەر ئێستا بەردەوامە. (زۆربەی ژمارەکانی ئەم گۆڤارە لە لای نووسەری وتار پارێزراوە)
"پێشەوا" (1997)
لە نێوەڕاستی 1997 لە ناوچەی مەهاباد بڵاو کراوەتەوە، ڕێکخراوی حدکا لە مەهاباد دەری کردووە. سەرجەم 24 ژمارەی لێ بڵاو کراوەتەوە و لە ساڵی 1983، دەرکردنی ئەم بڵاوکراوەیە خۆبەخۆ ڕاوەستاوە. پێشەوا گۆڤارێکی مانگانە بووە.
گۆڤاری "دەنگی ژنانی کوردستان"(1979)
رێکخراوی ژنانی سەر بە حدکا لە مەهاباد دەری کردووە و تەنیا دوو ژمارەی لێ بڵاو کراوەتەوە.
گۆڤاری "هاواری نیشتمان"(1979)
ئەم گۆڤارە ئورگانی ڕێکخراوی لاوانی دیموکراتی کوردستان بووە و لە ساڵی 1979 یەکەم ژمارەی بڵاو کراوەتەوە، هەتا کۆتایی ساڵی 1979 سێ ژمارەی لێ دەرچووە و پاشان ڕاوەستاوە.
گۆڤاری "دەنگی کورد" (1979)
کومیتەی سەر بە حدکا لە تاران دەری کردووە. ئەم گۆڤارە بە نەهێنی بە کوردی و فارسی بڵاو کراوەتەوە، پاش پێنجەمین ژمارە لە بڵاو کردنەوە وەستاوە.
گۆڤاری "شەهید" (1979)
ئورگانی کومیتەی حدکا لە ناوچەی بانە بووە، لە نێوان ساڵەکانی 1979 و 1981 بڵاو کراوەتەوە. ئاگاداری یەکی ئەوتۆ لە سەر چۆنیەتی دەرچوونی ئەم گۆڤارە لە دەستدا نییە.
"زانیاری پێشمەرگە" (1979)
لە لایەن کومیتەی حدکا لە ناوچەی سنە دەرچووە. زۆربەی بابەتەکانی باری فیێرکردنیان هەبوو و لە نێوان ساڵەکانی 1979 و 1980 لە سەریەک 4 ژمارەی لێ بڵاو کراوەتەوە.
"گەلاوێژ" (1980)
لە لایەن ئورگانی یەکیەتی لاوانی دیموکراتی کوردستانەوە لە ناوچەی مەهاباد دەرچووە.
"دەنگی لاوان" (1980)
ئورگانی ڕێکخراوی یەکیەتی لاوانی دیموکراتی کوردستان بووە لە ناوچەی مەهاباد. ئەم گۆڤارە بە دوای ڕاوەستانی "گەلاوێژ" دا بڵاو کراوەتەوە، گۆڤارێکی مانگانە بووە و هەتا ساڵی 1982 بڵاو کراوەتەوە.
"رەخنە و ئامۆژگاری" (1982)
گۆڤارێکی ناوچەیی حیزبی بووە، بابەتەکانی زۆرتر باری فێر کردن و ڕێکخستنی هەبووە، کومیتەی حدکا لە ناوچەی سەردەشت دەری کردووە، 3 ژمارەی لێ بڵاو کراوەتەوە. (ئەم زنیاریەم لە لای کاک سەعید کوێستان وەدەست کەوتووە).
گۆڤاری "نەکەرۆز" (1980)
کومیتەی حدکا لە ناوچەی سەقز بڵاوی کردووەتەوە، هەتا ساڵی 1982 نزیکە 10 ژمارەی لێ بڵاو کراوەتەوە.
گۆڤاری "کێلەشین" (1981)
لە لایەن کومیتەی حدکا لە ناوچەی شنۆ دەرچووە، گۆڤارێکی مانگانە بووە نزیکە بە 10 ژمارەی لێ بڵاو کراوەتەوە.
گۆڤاری "یەکیەتی" (1981)
کومیتەی حدکا لە ناوچەی نەغەدە دەری کردووە، گۆڤارێکی مانگانە بووە و نزیک بە 10 ژمارەی لێ بڵاو کراوەتەوە. (نموونەیەکی ئەم گۆڤارە لای نووسەری بابەتەکە پارێزراوە)
"روانگەی لاوان" (1981)
ئورگانی یەکیەتی لاوانی دیموکرات لە ناوچەی بانە بووە. پاشان ئەم گۆڤارە لە لایەن بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکەیەوە داخراوە.
"گۆڤاری لاوان" (1981)
ئورگانی کومیتەی بەڕێوەبەری یەکیەتی لاوانی دیموکراتی کوردستان بووە. یەکەم ژمارەی لە ساڵی 1981 لە چیاکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دا بڵاو کراوەتەوە. لە پێشدا بە شێوەی مانگانە بووە و دوایی هەرچەند مانگ جارێک بڵاو کراوەتەوە، دەرکردنی هەتا ساڵی 1993 درێژەی هەبووە و سەرجەم 56 ژمارەی لێ بڵاو کراوەتەوە. (زۆربەی ژمارەکانی ئەم گۆڤارە لای نووسەری ئەم بابەتە دەست دەکەوێ).
"هەوڵنامەی پنڵینگ" (1981)
کومیتەی حدکا لە ناوچەی پیرانشار بڵاوی کردووەتەوە. هەواڵی شەڕی پێشمەرگە لەم گۆڤارەدا بە ئاگاداری خەڵک دەگەیشت، 4 ژمارەی لێ بڵاو کراوەتەوە. (ژمارەیەکی ئەم گۆڤارە لای من پارێزراوە.
"ئارارات"
لە لایەن کومیتەی حدکا لە ناوچەی ورمێ بڵاو دەکرایەوە، تەنیا 4 ژمارەی دەرچووە.
گۆڤاری "26ی سەرماوەز" (1984)
ئورگانی کومیسیۆنی پێشمەرگەی حدکا بووە، یەکەم ژمارەی لە پایزی 1984 دا بڵاو کراوەتەوە. کۆڤارێکی وەرزانە بوو، هەواڵ و ڕێنوێنی تایبەت بە پێشمەرگە و کادری بڵاو دەکردەوە. هەتا ساڵی 1987 دوازدە ژمارەی لێ بڵاو کراوەتەوە. (هەر 12 ژمارەی ئەم گۆڤارە لای من پارێزراون)، بەدوای جیا بوونەوەی بەشێک لە حدکا و دامەزراندنی حدکای ڕێبەرایەتی شۆڕشگێر لە ساڵی 1988 ئەم گۆڤارە بە هەمان ناوەوە 20 ژمارەی دیکەی لێ بڵاو کرایەوە، ژمارە 20 ئەم گۆڤارە لە پایزی ساڵی 1996دا بڵاو کراوەتەوە.
"نامیلکەی کۆمەڵ" (1982)
لە لایەن کومیسیۆنی کۆمەڵایەتی حدکاوە بڵاو کراوەتەوە، تەنیا 2 ژمارەی لێ بڵاو کراوەتەوە.
"تەرەغە"
لە لایەن کومیتەی بۆکانی حدکاوە بڵاو کراوەتەوە. ئاگاداریەکی ئەوتۆ لەسەر چۆنیەتی بڵاو بوونەوە لە دەستدا نییە.
"روانگەی لاوان" (1989)
ئورگانی کۆڕی لاوانی دیموکرات سەر بە حدکا (رێبەرایەتی شۆڕگێر) بووە. گۆڤارێکی وەرزانە بووە و 10 ژمارەی لێ بڵاو کراوەتەوە.
"پێشڕەو"
ئورگانی کومیتەی ناوەندی کۆمەڵەیە، بە شێوەی مانگانە دەردەچێ و هەتا 85 ژمارەی لێ بڵاو کراوەتەوە. یەکەم ژمارەی لە مانگی ڕەزبەری ساڵی 1362ی هەتاوی دا دەرچووە.
"تێکۆشان"
ئورگانی ناوەندی ڕێکخراوی خەباتی نەتەوایەتی ئیسلامی کوردستانە و ژمارەی یەکەمی ساڵی 1363ی هەتاوی بڵاو کراوەتەوە. بە داوی جیابوونەوەی بەشێک لەم ڕێکخراوەیە بە ناوی "خەباتی شۆڕشگێر" گۆڤارێکی دیکەش هەر بەم ناوەوە لە لایەن ئەوانەوە بڵاو کراوەتەوە و هەتا ئێستا 45 ژمارەی لێ دەرچووە.
"بێستان" (1991)
گۆڤارێکی سیاسی، ئەدەبی، ئاینی و کۆمەڵایەتییە و لە لایەن خەباتی شۆڕشگێڕەوە بڵاو دەکرێتەوە و یەکەم ژمارەی لە هاوینی 1991دا بڵاو کراوەتەوە.
"یەکێتی" (1992)
ئورگانی یەکیتی شۆڕگێرانی گەلی کوردستانە و یەکەم ژمارەی لە مانگی مارسی 1992 دا بڵاو کراوەتەوە و هەتا ئێستا 26 ژمارەی لێ دەرچووە.
"نووسەری چیا"
گۆڤارێکی ئەدەبی سیاسی بوو کە لە لایەن موحسن شاهسواری لە چیاکانی کوردستان دا بڵاو دەکرایەوە، ئەم گۆڤارە لە قەوارەی کتێبدا بڵاو دەکرایەوە. یەکەم ژمارەی لە 4ی فوریەی 1985 دا بڵاو کراوەتەوە، پاشان تەنیا 4 ژمارەی لێ دەرچوو.
"رێگا"
ئورگانی کومیتەی کوردستانی ڕێکخراوی کارگەرانی مارکسیت لنینستی ئێران بوو. یەکەم ژمارەی لە ئوکتوبەری 1993 دا بڵاو کراوەتەوە.
تێبینی: بۆ ئامادە کردنی ئەم باسە لە ئاریڤی تایبەتی خۆم و وتارێکی کاک موستەفای مەعروفی لە ڕۆژنامەی کوردستانی 257ی ئورگانی کومیتە ناوەندی حدکا کەڵک وەرگیراوە. ئەم وتارە بە پیتی لاتین لە گۆڤاری "ئاڤا شین" دا بڵاو کراوەتەوە.
سیاوەشی گۆدرزی.
دیارە ئەم وتارە چەند ساڵ لەمەوبەر لە لایەن کاک سیاوەش گۆدەرزیەوە نووسراوە و لەو ڕێکەوتەوە تاکوو ئێستا بە خۆشیەوە، چەندین ڕۆژنامە و گۆڤار و ڕۆژنامەی ئینتەرنەتی پەیدا بوون کە لێرەدا ناویان نییە.
20/40/2008