بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
خوشک و برایانی خۆشەویست
بەبۆنەی ساڵی نوێی زایینی پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان و هەموو جیهانیان دەکەم. هیوادارم ساڵی 2016 ببێتە ساڵی نەمانی شەڕ و تیرۆر و بەدیهاتنی ئاشتی و خۆشگوزەرانی لە کوردستان و هەموو شوێنێکی جیهاندا.
لە ساڵی 2015ـدا پێشمەرگە بۆ پاراستنی گەلی کوردستان بەهەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانییەوە قوربانی و خوێنێکی زۆریدا و، لەپێناو پاراستنی بەها مرۆڤایەتییەکان و ژیانی مەدەنی لە جیهاندا لەبەرامبەر گەورەترین هەڕەشەی سەردەمەدا فیداکارییەکی کەموێنەی نواند. هەروەها ساڵی شکستدان و وەستاندنی داعش و ساڵی سەرکەوتنە مەزنەکانیش بوو، لە هەمانکاتدا ساڵێکی پڕ لە قوربانیدان و سەختیی گوزەران بوو بۆ گەلی کوردستان. بەهۆی بەردەوامبوونی بڕینی بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراق و دابەزینی نرخی نەوت و زۆریی خەرجییەکانی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و میوانداریی ملیۆنێک و هەشت سەد هەزار ئاوارە و پەنابەر، ئەمانە هەموویان گوزەرانی خەڵکی کوردستانیان زۆر سەختکردووە.
بەڵام کوردستان خاوەن گەلێکی بەهێز و زیندووە و دەتوانێ بە باشترین شێوە سوود لە سامانەکانی وەربگرێ. بۆیە دڵنیام ئایندەیەکی زۆر گەش چاوەڕێی دەکات. لەگەڵ ئەوەیشدا تێپەڕاندنی ئەو بارودۆخەی ئێستا، تەحەمولێکی زیاتری دەوێت و لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی بێ پایانی گەلی کوردستان بکەم بۆ خۆڕاگری و هەڵوێستی بەرپرسانەیان. هەروەها کوردستان پێویستی بە یارمەتیی وڵاتانی دۆست و هاوپەیمانە بۆ ئەوەی گەلی کوردستان و هەموو جیهان لەشەڕی تیرۆردا سەرکەون، بۆیە داوا لە هەموو ئەو دەوڵەتانە دەکەم یارمەتی پێشمەرگە و گەلی کوردستان بدەن.
هاونیشتیمانیانی خۆشەویست
لەپێناو چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی لە پڕۆسەی سیاسیی هەرێمدا هاتوونەتە پێش، لە دەستپێکی ساڵی تازەدا لەگەڵ حزبەکانی بەشدار لە حکوومەت و پارلەمان و لەپێناو بەرژەوەندیی گەلی کوردستان هەموو هەوڵێک دەدەم بۆ ئەوەی گرفتەکان نەمێنن و کەموکوڕی و کێشەکان دووبارە نەبنەوە و، پارلەمان و حکوومەت لەسەر بنەمایەکی تازە دەستبەکار ببنەوە.
سەبارەت بە بابەتی سەرۆکایەتیی هەرێمیش جارێکی تر داوا لە هەموو حزبە مۆڵەتپێدراوەکانی هەرێمی کوردستان دەکەم کە لەگەڵ یەکتردا کۆببنەوە و کۆتایی بەم بابەتە بهێنن. یان بڕیار لەسەر سازدانی هەڵبژاردنی سەرۆک بدەن، یان لەسەر دەستنیشانکردنی بەڕێزێک ڕێکبکەون کە هەتا هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2017 ئەرکی سەرۆکایەتیکردنی هەرێم بگرێتە ئەستۆ و منیش بەهەموو توانایەک پاڵپشتیی دەکەم، یانیش بڕیار لەسەر ئەوە بدەن تاوەکو هەڵبژاردنەکانی 2017 بارودۆخەکە بەوشێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە، ئەوەیش لەبەر شەڕ و ئەو دۆخە تایبەتەی کە کوردستان پێیدا تێدەپەڕێت. داوایش دەکەم کۆتایی بە ئیستغلالکردنی بابەتی سەرۆکایەتی بهێندرێت و چیتر بۆ ماندووکردنی خەڵک و قووڵترکردنی کێشەکان بەکار نەهێندرێت. ئەوەی بەلای منەوە گرنگ و پیرۆزە پێشمەرگایەتییە و ئەگەر لە هەر پۆست و پلە و پایەیەکدا بم هەموو هەوڵێکم دەخەمە گەڕ بۆ پاراستنی کوردستان و لە شەڕی داعش و کارکردن بۆ سەربەخۆیی وڵاتەکەم بەردەوام دەبم.
لە دۆخی ئێستادا ئەوە لە هەموومان دەخوازرێت لەجیاتی ڕکابەری و دژایەتی سیاسی، هەوڵی باشکردنی ژیانی خەڵکی کوردستان بدەین و سوود لە دەرفەتەکانی ئێستا وەربگرین، بەتایبەتی کە ناوچەکە لە گۆڕانکاری بەردەوامدایە و گەلی کوردستان ئێستا لە هەموو کات زیاتر داوای یەکڕیزیمان لێدەکات.
هەر بەم بۆنەیەوە داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم پلانی سەرکەوتووانە دابنێت بۆ تێپەڕاندنی هەموو سەختییەکان و چاکسازییەکی بنەڕەتی ئەنجام بدات. دڵنیام گەلی کوردستان دەتوانێت بەسەر سەختییەکانی ئێستا و داهاتوو زاڵ ببێت و بەرەو ژیانێکی خۆشتر هەنگاو دەنێت. هاووڵاتیانی خۆشەویست لەوە دڵنیا دەکەمەوە کە ئاوەدانی و بووژانەوەی کوردستان دەستپێدەکاتەوە و کار بۆ ژێرخانێکی ئابووریی پتەو دەکرێت.
لێرەدا سەری ڕێز لەبەردەم یاد و ڕۆحی پاکی شەهیدانی پێشمەرگە دادەنەوێنم و ستاییشی تەحەممولی بریندارەکان دەکەم و هیوای چاکبوونەوەیان بۆ دەخوازم. سوپاسی ڕۆڵە خۆبەخشەکان دەکەم کە لە شەڕەکاندا قارەمانانە شانبەشانی هێزی پێشمەرگە لە سەنگەری بەرگری لە کوردستانن. سوپاسی گەلی کوردستان دەکەم کە لەم شەڕە دژوارەدا پشتیوانی هێزی پێشمەرگە بوون و هەروەها بە پێویستیشی دەزانم سوپاسی وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان بکەم کە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا پاڵپشتی پێشمەرگە بوون.
هیوادارم ساڵی 2016 ساڵی کۆتایهاتنی کێشە و قەیرانەکان و ساڵی سەرکەوتنی گەلەکەمان بێت. ئومێد دەکەم لە ساڵی داهاتوودا ئاشتی و سەقامگیری باڵ بەسەر ناوچەکەماندا بکێشێت و کۆتایی بە هزری شەڕانگێزی تیرۆر و توندڕۆیی و ئینکار بێت و بەختەوەری و ئاسوودەیی بۆ هەموو مرۆڤایەتی بێتەدی.
31-12-2015