فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی ئاماری کار و چالاکییەکانی فڕۆکەخانەکە لە ماوەی ساڵی ڕابردوو ئاشکرا دەکات، بەگوێرەی ئامارەکان ڕێژەی گەشتیارانی ئەو فڕۆکەخانەیە بە بەراورد بەساڵی پێشوتر 10 لەسەد زیادی کردووە.
تاهیر عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی لە کۆنفراسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماری ساڵانەی فڕۆکەخانەکەی ڕاگەیاند"بە گوێرەی ئامارەکە لە ساڵی 2015دا کۆی گشتیی گەشتیاران (هاتن و ڕۆشتن) لەو فڕۆکەخانەیەوە 574 هەزار و 645 گەشتیار بووە کە بە بەراورد بە ساڵی 2014 ڕێژەی 10 لەسەد زیادی کردووە.
هەروەها کۆی گشتی گەشتەکانی هاتن و ڕۆشتن شەش هەزار و 999 فڕۆکە بووە جگە لە هاتن و ڕۆشتنی فڕۆکەی تایبەت و جەنگی، بەو پێیەش تێکڕای گەشتەکانی ڕۆژانە دە گەشت بووە.
ووتیشی کۆی گشتی ئەو کاڵا و شمەکانەی لە ماوەی ساڵی ڕابردوو هاوردە کراون نۆ هەزار و 655 تۆن بووە، لە بەرامبەردا 265 تۆن کاڵا و شمەک هەناردەی دەرەوە کراوە، بە بەراورد لەگەڵ ساڵی 2014ش ڕێژەی 22 لەسەد هاوردە و هەناردەکردن زیادی کردووە.
بە گوێرەی ئامارەکە نشینگەی فڕۆکەخانەی سلێمانی لە ماوەی ئەو ساڵەدا 124 بەڵگەنامەی ساختەی دەستگیر کردووە، هەروەها 245 کەس بۆ سلێمانی سنوورداش کراونەتەوە، 27 کەسی تریش لە سلێمانییەوە بۆ وڵاتەکانیان سنوورداش کراونەتەوە.
لە ئامارەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا 171 هەزار و 952 کارتۆن جگەرە هاوردە کراوەو 61 کارتۆنی تریش گەڕێنراوەتەوە.
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی سلێمانی لە بارەی ڕاگرتنی گەشتەکان و زیانەکانەوە دوا و گوتی: "لە ماوەی ساڵی 2015دا 10 جار ئاسمانی فڕۆکەخانەی سلێمانی بەهۆی کەشوهەواوە داخراوە، هەروەها بۆ ماوەی چوار ڕۆژ (96 سەعات) بەهۆی هێرشی مووشەکی ڕووسیاوە بۆ سەر سووریا ئاسمانی هەرێم داخرا، ئەوەیش زیانی گەورەی لێکەوتەوە و تەنها زیانەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی لەو چوار ڕۆژەدا 385 هەزار و 953 دۆلار بووە."
تاهیر عەبدوڵڵا وتیشی"عێراق هاوکاری فڕۆکەخانەکەکانی هەرێم ناکات، بۆ ئەم مەبەستەش چەند جارێک داوای ئەوەمان کردووە هەرێم هێڵێکی ئاسمانی تایبەتی خۆی هەبێت هاوشێوەی هێڵی ئاسمانی عێراق و سەربە هەرێمی کوردستان بێت، بەڵام تائێستا ئەو هەوڵانە ئەنجامێکی نەبووە.
- 03-01-2016