بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان، لە ساڵی 2015 دا، 20 پۆلیس شەهید و بریندار بوون.
ئەمڕۆ دووشەممە 4 ی کانونی دووەمی 2016، ڕاید عەلی جەمال، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان ئاماری ڕووداوەکانی 2015 ی بەڕێوەبەرایەتییەکەیانی ئاشکرا کرد، کە تیایدا 18 حاڵەتی کوشتن، 3 خۆکوشتن، 15 کوشتنی بەهەڵە و 20 حاڵەتی ڕفاندن تۆمارکراوە.
ناوبراو سەبارەت بە ئامارەکانی دوای سەرهەڵدانی قەیرانی مووچەوە، وتی : " لە دوای سەرهەڵدانی قەیرانی مووچەوە و لەساڵی 2015 دا، نزیکەی 30 پۆلیس و کارمەندی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان دەستیان لە کارەکانیان هەڵگرتووە، ئەوەش پاش پەسەند کردنی داواکارییەکانیان بووە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی هەرێمەوە".
بەگوێرەی ئامارەکە، 454 شەڕکردنی جۆراوجۆر، 10 دزینی ئۆتۆمبێل، 220 دزی، 144 حاڵەتی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی، 45 ساختە و تەزویر، 53 تاوانی جۆراوجۆر، 2 حاڵەتی خنکان بە پەت و 4 حاڵەتی خنکان بە ئاو، تۆمار کراون.
وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گەرمیان، ئەوەشی ڕاگەیاند، کە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان گرفتی کەمیی پۆلیسی ئافرەتی هەیە.
سەبارەت بە شەڕی داعش و بەشداریی هێزەکانی پۆلیسی گەرمیان، ناوبراو وتیشی :" شانبەشانی پێشمەرگە، هێزەکانی پۆلیسی گەرمیانیش بەشداری شەڕی داعشیان کردووە، بەهۆیەوە پێنج پۆلیس شەهید و 15 ی تر بریندار بوون".
حاڵەتەکانی (خنکان بە پەت، خنکان بە ئاو، ڕفاندن، خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی، دزییە گرنگەکان، دزینی ئۆتۆمبێل،کوشتنی بەهەڵە) ڕوویان لە زیاد بوون کردووە.
- 04-01-2016