بەڕێوەبەری تاپۆی گەرمیان تەئکیدی کردەوە لەوەی، کە نرخی موڵکەکان بە ڕێژەی 30% لە سنووری گەرمیان بەتایبەت لە شاری کەلار، دابەزیوە، بەڵام سەرباری ئەو دۆخەی دروستبووە، کڕین و فرۆشتنی خانوو و بەرە، زیادی کردووە.
ئەکرەم ڕەزا، بەڕێوەبەری تاپۆی گەرمیان، لە لێدوانێکی تایبەتدا، بە خەندان-ی ڕاگەیاند :" سەرباری ئەو دۆخە سیاسی و ئەمنی و ئابووریەی لە کوردستان و ناوچەکەش دروستبووە، بەڵام ڕێژەی کڕین و فرۆشتن لەگەرمیان زیادی کردووە".
بەپێی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان، کە وێنەیەکی بۆ خەندان نێردراوە، لە ساڵی 2015 لەسنوورەکەدا 1690 مامەڵەی فرۆشتن تۆمارکراوە، لەگەڵ 145 بەموڵک کردن و 1039 دابەشکردنی زەوی.
هەر بەپێی ئامارەکە، 107 مامەڵەی ڕاستکردنەوەی ڕووبەر و 7000 مامەڵە بۆ وەرگرتنی وێنەی موڵک کراوە، لەگەڵ 556 مامەڵەی ڕاستکردنەوەی جۆری موڵکەکان و 759 مامەڵەی دیاریکردنی سنوور.
بەڕێوەبەری تاپۆی گەرمیان، لەبارەی نرخی موڵکەکانی سنوورەکە بەگشتی و بەتایبەتی لە شاری کەلار کە ناوەندی ئیدارەی گەرمیانە، وتی :" هەموو موڵکەکان لەچاو ساڵی 2014 و پێشتر دابەزیون، ئەگەر خانوویەک پێشتر 300 هەزار دۆلاری کردبێت، ئێستا 200 هەزار دۆلار ئەکات، بەشێوەیەکی گشتی بەڕێژەی نزیکەی 30% نرخەکان دابەزیون".
هەر بەپێی ئامارەکە، لە ساڵی 2015ەدا، بەڕێوەبەرایەتیی تاپۆ، زیاتر لە 935 ملیۆن دینار، داهاتیان لە ڕسومات دەستکەوتووە.
- 04-01-2016