ئێمە لە کاتێکدا پێشوازی لە هەمو دەسپێشخەری و هەوڵێک دەکەین بۆ ئاساییکردنەوەی بارودۆخی چەقبەستوی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی ئەو کێشەو قەیرانانەی بەرۆکی هەرێمەکەمان و هاوڵاتیانی گرتوە، بەڵام بە باشمان زانی چەند ڕاستییەک سەبارەت بە پەیامەکەی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هاوڵاتیانی کوردستان بخەینەڕو:
1. ئەو بژاردانەی بۆ چارەسەری کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم باسکراون تازە نین و لە ڕابردودا تاقیکراونەتەوەو هیچ ئەنجامێکیان نەبووە.
2. لەو پەیامەدا ڕۆڵی پەرلەمان وەک باڵاترین دامەزراوەو دەسەڵاتی یاسادانان و بەدواداچون بۆ یەکلاییکردنەوەی ئەو پرسەو چارەسەرکردنی کێشەکان باسنەکراوە.
3. لە بەشێکی پەیامەکەدا هاتوە کە پەرلەمان و حکومەت لەسەر بنەمایەکی تازە دەستبەکار ببنەوە، بەڵام ڕون نیە کە ئەو بنەمایە چیەو بە چ پێوەرێک ئەم بنەما تازەیە دادەنرێت.
4. ئێمە پێمان وایە کێشەی سەرەکی پرسی سەرۆکایەتی هەرێمە، کە تا ئێستاش بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوەو کراوە بە سەرچاوەی کێشە بۆ دامەزراوەیەکی شەرعی وەک پەرلەمان کە هەڵبژێردراوی خەڵکە. ڕێگای دروست بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە کاراکردنەوەی پەرلەمانە لە چوارچێوەی ڕێزگرتن لە پرنسیپە یاسایی و دیموکراسییەکان و ئەو ڕێککەوتنە سیاسییانەی لە نێوان لایەنەکاندا کراوە بۆ ئەوەی بە ئەرکی یاسایی خۆی هەڵسێت، لە سۆنگەی چەسپاندنی سیستمی پەرلەمانی بۆ حوکمرانی لە هەرێمی کوردستان.
بەدەر لەوانە فەرزکردنی ئیرادەی لایەنێکی سیاسی دیاریکراو بەسەر دامەزراوە شەرعییەکانی خەڵک و پارتە سیاسییەکانی بەشدار لە حکومەت، لەلایەن گۆڕانەوە ڕەتدەکرێتەوە.
05-01-2016