بنەماڵەیەکی کورد (400) ساڵە کاری دروستکردنی کوپە و گۆزە دەکەن، بە خێڵی گۆزەچی ناسراون. جەمال زەینەلعابدین عەباس تەمەن 68 ساڵ بۆ ڕۆژنیوز ئاشکرای دەکات، خۆی، باوک و باپیری تاکو حەوت پشت لە بنەماڵەکەیان و نزیکەی 400 ساڵە کاریان دروستکردنی کوپ و گۆزە و زۆر شتی هونەریە. بە قسەی جەمال زەینەلعابدین ئەوان خەڵکی هەڵەبجەن و هەورامین، باپیریان بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتی هەورامانی بەجێهێشتووە و ڕووی لە ناوچەی گەرمیان لە کفری کردوە و دوای ماوەیەکی زۆر هاتووەتە دوزخورماتوو. جەمال گۆزەچی پێیوایە ئەو شوێنەوارانەی ئێستا لە هەڵەبجە دەدۆزرێنەوە و دەردەهێنرێن دەستکردی بنەماڵەکەیانە. ئەوان بە خێڵی گۆزەچی ناسراون و کاکەین بە قسەی جەماڵ گۆزەچی زەینەلعابدین و عەباس باپیرە گەورەی لە کفری و دوزخورماتوو کاری گۆزەچێتیان کردوە و دوای باوکی سێ بران لەو کارە بەردەوامن و بوونەتە سێ خێزانی جیاواز کاری گۆزە دەکەن. جەماڵ گۆزەچی بەهۆی کڕین و فرۆشتنی ئۆتۆمبێل لەلایەن کوڕەکەیەوە توشی زەرەر و زیانی زۆری مادی بووەتەوە و بە وتەی خۆی هەموو موڵک و ماڵی لەناو چووە، ئێستا لەدەستی خێزانەکەی دووزخورماتووی بەجێهێشتوە و لە سنوری داقوق بە تەنها ژیان بەسەر دەبات و لەلایەن خەڵکی ناوچەکە و خێرخوازانەوە ژورێکیان بۆ دروستکردوە تاکو بتوانێت ژیانی بەڕێوە ببات. بۆ ماوەی ساڵێکە جەماڵ گۆزەچی لە گوندی ڕزگاری کاکەیی نشین کە گوندەکە دەکەوێتە باشوری داقوق لەسەر ڕێگای سەرەکی داقوق دووزخورماتوو ژیان بەسەر دەبات و هەر بە قسەی خۆی 3000 مەتر زەوی تاپۆی لەدووزخورماتوو هەبووە بۆ کوڕەکەی فرۆشتویەتی کە نزیکەی 120ساڵە زەویەکە تاپۆی باوک و باپیریان بووە. سەبارەت بەو کارە هونەرییەی کە دروستیان دەکات دەڵێ بریتین لە کوپەی ئاو، سیندانە، جەرە، گۆزە، باڵندە و چەند ئاژەڵێکی تر. جەماڵ گۆزەچی دەشڵێت کەرەستەکان بۆ ناوخۆی عێراق وەک پارێزگاکانی باشوری کوردستان و ناوەڕاست و باشوری عێراق دەڕوات. هەروەها دەڵێ لە سوریا ڕەواجی باشی هەیە، هەروەها باس لەوەدەکات ئەگەر کەسانێک هەبن کەرەستەکانی ڕەوانەی تورکیا بکات، چونکە لەوڵاتی تورکیا گرنگی زۆری پێدەدەن. جەماڵ گۆزەچی بۆ دروستکردنی کوپە و گۆزە گڵی تایبەتی دەوێت و له %30 خوێی لەگەڵ تێکەڵ دەکات لەگەڵ هەندێک لم. لەداقوق کێشەی کەرستە و مەکینەی نیە، تاکو بتوانێت خۆڵەکەی بۆ بگوازێتەوە، لەساڵی 1974 کەرەستەکانی جەماڵ گۆزەچی لەپێشانگایەکی هونەری و کلتوری پلەی یەکەمی هێناوەتەوە که لە نێوان سەرجەم تورکمانەکانی جیهاندا بووە. هەروەها لە چەندین پێشانگای هونەری لەسەردەمی ڕژێمی پێشوو بەشداری کردوە، بەڵام بەهۆی کوردبوونی هیچی پێ نەبەخشراوە. جەماڵ گۆزەچی لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراق لە سێ پێشانگا بەشداری کردوە و سێ بڕوانامەی ڕێزلێنانی پێبەخشراوە لەتورکیاشەوە خەڵاتی پێبەخشراوە. گۆزەچی داوا لەئیدارەی قەزای داقوق و پارێزگای کەرکووک دەکات هاوکاری بکەن تاکو کاری باشتر بکات، دەشڵێ خاوەن یەک دینار نیە و خواردن و خۆراکی کەوتۆتە سەر خەڵکی گوندەکە و پێشتر حاڵ و گوزەرانی باش بووە و یەک بووە لە دەوڵەمەندەکانی ناوچەکە، بەڵام ئێستا پێویستی بە هاوکارییە.
کوردیپێدیا بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم تۆمارە و خاوەنەکەی لێی بەرپرسیارە. کوردیپێدیا بە مەبەستی ئەرشیڤکردن تۆماری کردووە.
ئەم بابەتە 6,802 جار بینراوە
ڕای خۆت دەربارەی ئەم بابەتە بنووسە!