لەدوای 15 ساڵ کارکردن وەک یەکەم دامەزراوەی میدیای ئەهلی لەهەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ ئەوە ئاشکرادەکەین کەڕۆژنامەی هاوڵاتی تەنها یەک مانگی تر دەتوانێت بەردەوامبێت، بڕیارە لەڕۆژی (25/2) ڕۆژنامه و سایتی هاوڵاتی بۆ کاتێکی نادیار ڕابگیرێت.
ئەم بڕیارە بەهۆی ئه و قەیرانە داراییەوەیە کە زیاتر لەدوو ساڵە حکومەتی هەرێمی کوردستان و خەڵک و تەواوی دامەزراوەکانی گرتۆتەوه و ئاشکراشە کە کاریگەری ڕاستەوخۆ و بەرچاوی لەسەر ژیانی خەڵک بەگشتی هەیە، میدیاش بەتایبەت میدیای ئەهلی پشکی ئه و قەیرانانەی بەرکەوتوه و ناتوانێت تەنها پشت بەداهاتی خۆی ببەستێت بۆ بەردەوامبونی.
لای هەموان ئاشکرایە کەڕۆژنامەی هاوڵاتی یەکەم دامەرزاوەی میدیای ئەهلییە لەهەرێمی کوردستان، کە لە 05-11-2000 بەهەوڵی ژمارەیەک نوسەرو ڕۆژنامەنوسی هەرێمی کوردستان یەکەم ژمارەی بڵاوکرایەوه و بەبێ دابڕان 15 ساڵ و سێ مانگە چەندین قۆناغی گەشەسەندنی بڕیوه و تا بوە بەیەکەمین ڕۆژنامەی ئەهلی ڕۆژانە و کاریگەریەکی بەرچاوی لەهۆشیارکردنەوه و بەئاگاهێنانەوەی تاکی کورد هەبوه و هەروەها جێدەستی لەنێو میدیای کوردیدا دیار بوە.
بەڵام لەئێستادا ڕۆژنامەکە پێویستی بەهاوکاری و کۆمەکی خەمخۆرانی میدیای ئازاد و ئەوانەی لەخەمی ئازادی ڕادەبڕیندان لەهەرێمی کوردستان، چونکە چیتر ناتوانین تەنها بەداهاتی ڕۆژنامە درێژە بەکارەکان بدەین.
لەئێستادا کەقەیرانی دارایی ناچار به و بڕیارەی کردوین و توانیمان لەدوو ساڵی ڕابردودا کاتێک قەیرانەکە دەستیپێکرد دامەزراوەکە لەگەڵ پەیڕەوکردنی سیاسەتی سگهەڵگوشین بەردەوامبێت، بەڵام چیتر بەداهاتی خۆی و بەپشتیوانی خاوەنەکەی ناتوانێت ئه و کارە بکات، بۆیە ئەگەر خەمخۆرانی میدیای ئازادو ئەوانەی لەخەمی ئازادی ڕادەربڕینن کۆمەکی ڕۆژنامەکە نەکەن ئەوە ڕەنگە بەیەکجاری ماڵئاوایی لەخوێنەران بکات.
ئەم بانگەوازە بەر لەمانگێک لەڕاگرتنی ڕۆژنامەکە لەبەر سێ هۆکاری سەرەکییە:
یەکەم: ئێمە پێیمانوایە کەمادام ڕۆژنامەی هاوڵاتی بۆ هەموان بوه و لەخزمەتی تەواوی چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بوە لەڕێی گەیاندنی هەواڵ و زانیاریی دروست بەخوێنەران و کۆمەڵگە، بۆیە دەکرێت هەموان بەشێکبین لەکۆمەک بۆ ڕۆژنامەکە تا بەردەوامی بەخۆی بدات و دانەخرێت، ئه و داوایەشمان ڕوبەڕوی هەموان دەکەینەوە.
دووەم: بانگەوازەکە ئاگادارکرنەوەیەکی پێشوەختەیە بۆ ئه و کەس و ڕێکخراوو بازرگان و سەرمایەدارانەی کەدەیانەوێت هاوکاری و کۆمەکی ڕۆژنامەکە بکەن بەر لەڕاگرتنی، بۆ ئەوەی بەردەوامبێت و نەکەوێت.
سێیەم: لەحاڵەتی هاوکاری و پشتیوانی لەڕێی کۆمەکەوە بۆ ڕۆژنامەکە، هاوڵاتی بڕی تەواوی ئه و هاوکارییانە بڵاودەکاتەوە بۆ ئەوەی بۆ خوێنەرانی ڕۆژنامەکەی ڕونبکەینەوە کە هاوڵاتی دەتوانێت تاچەند به و کۆمەکە بەردەوامبێت و ناوی ئه و کەسانەش پارێزراو دەبێت کە نایانەوێت ناویان بڵاوبکرێتەوە.
هاوڵاتی سەرەڕای شانازیکردنی ئێجگار زۆر بەمێژوی کارکردنی خۆی، بەوپەڕی دڵگرانییەوە ئەم بڕیارە دەدات و جارێ نازانین کەی و چۆن ڕۆژنامەکە بۆ جارێکی تر دەست بەکارکردن دەکاتەوە. دیارە ئەمەش پەیوەستە بەوەڵام وەرگرتنەوەی ئەم بانگەوازەوە.
27-01-2016