(شادان عەلی ئەحمەد) شێوەکار و شاعیر لە ساڵی (1979) لە شاری #سلێمانی# لەدایکبووە، ناسراوە بە (شادە)و سەرجەم قۆناغەکانی خوێندنی هەر لەم شارە تەواو کردووە، دەرچووی پەیمانگای تەکنیکی – بەشی کارگێڕییە..
لە هەردوو بواری شێوەکاری و شیعرنووسیندا دەسڕەنگین و خاوەن بەرهەم و چالاکییە..
چوار پێشانگای تایبەت بە کارە هونەرییەکانی کردۆتەوە بە ناونیشانەکانی (خاکی دایکم – جوانییەکانی پایز – ئازارەکانی ژن – سەمای درەختەکانی شادە)..هەروەها لە چەند پێشانگایەکی هاوبەش لە وڵاتانی (تورکیا و ئەڵمانیا و جۆرجیا) و شارەکانی (بەغدا و سلێمانی و #کەرکووک# و #کەلار#)بەشداری کردووە.
خاوەنی دیوانە شیعرێکە بە ناونیشانی (تۆ دڵمی یا خاکی نیشتمانم؟)، بەشداری لە چەندان کۆڕی شیعری تایبەت و هاوبەشدا کردووە و خاوەنی چەندین خەڵاتی ڕێزلێنانە..
نموونەیەک لە شیعرەکانی:
هێشتا دەستەکانی من و عەشق
لەناو دەستی یەکتریدایە
هەموو پردەکانم نەڕووخاندووە
گۆزە هەنگوینەکانم نەڕژاندۆتە سەر زەوی
شووشەکانم نەشکاندووە
ئەمڕۆ توانیم چڵێک گوڵی مۆر بە دیاری
بدەمە تۆ
بۆ دراوسێکان کولیچە و شیرینی ببەم
بە باڵندەکانیش بڵێم
کەش وهەوای ئاواتەکانم ساماڵە
من بە چاوەکانی ئاسک دنیا دەبینم
بۆیە شوێنی ماچم
لەسەر یەخەی کراسەکەت بەجێ دەهێڵم
ئەم پێستە تۆی خۆش دەوێت
چۆن چۆنی لە خۆمت جیا بکەمەوە
کەس ناونیشانی منی نەدەزانی
بۆیە ئاوێنە ژەنگ گرتووەکان
بە یادی
تۆوە پاک دەکەمەوە
تا ڕۆحی خەمبارم بێدەنگ نەشکێ و
لە تەنیشت پەنجەرەکەم ڕادەوەستم
تاقیامەت چاوەڕێی بۆنی تۆ دەکەم.
هەرکات دڵم بۆت تەنگ دەبێ
تەماشای سەرپۆشە سپییەکەی نوێژی
دایکم دەکەم
بە دەستەکانم نزا دەکەم
خوایەگیان
خەمە پیرۆزەکانم چۆن لەبیریان بەرمەوە؟
تۆ دەڕۆی و دەنگت نامێنێ
لەگەڵ ڕۆیشتنت خۆرم هەڵ نایێتەوە
لە لێوی من ماچێ, ماچێک
دەدۆڕێنیت
هیچ نەبێ تۆ وەرە
بەهاتنت لە بیری بکە ڕۆشتنت.
ئەی #سنە#وبەری سەر ئەم شۆستەی
غەریبیەم
سڵاو لە لێوەکانت
لە بەیانيیەکی ئەم پایزەدا بەر لێوەکانم
کەوتن
ئەوکاتەی چرپاندت بە گوێمدا
بەهێواشی خۆم لەژێر باسکەکانت دەرهێنا
ڕێ بەخۆت نەدەی
گەردانەی ئەم ماچانەی ملم
لە توڕەبونێکدا بپچرێنیتەوە و
دەنکەکانم یەک یەک لێ ون بکەی.[1]
- ئەکاونتی فەرمی شادە عەلی لە فەیسبووک: https://www.facebook.com/shalaw.ali.733
- ئەکاونتی فەرمی شادە عەلی لە ئینستاگرام: https://www.instagram.com/shda_ali/