رێژەی هەناردەی نەوت لە هەرێمی کوردستان لە مانگی ڕابردوودا 10 ملیۆن و 151هەزار و 944 بەرمیل بووە کە دەکاتە 350 هەزار و 67 بەرمیل لەرۆژێکدا، ئەوەش بەپێی دوایین ڕاپۆرتی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردەوە.
ئەو ڕێژەیە بەراورد بە مانگی یەکی ئەمساڵ نزمبوونەوەی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، بەو پێیەی لەو مانگەدا حکومەتی هەرێم بڕی 18 ملیۆن و 656 هەزار و 131 بەرمیل نەوتی لەڕێی ئەو بۆریەوە هەناردەی دەرەوە کردووە کە داهاتەکەی 650 ملیۆن دۆلار بوو.
بەپێی ڕاپۆرتەکەی سامانە سروشتییەکان، داهاتی هەناردەکردنی نەوت لەمانگی دوودا 303 ملیۆن و 943 هەزار و 433 دۆلار بووە، لەو بڕەش 100 ملیۆن دۆلاری پێش فرۆشتنی نەوت وەرگیراوە و بریارە ئەو نەوتەی پارەکەی وەرگیراوە لە داهاتوودا ڕادەستی کریارەکان بکرێت، نزیکەی 71 ملیۆن دۆلار لە داهاتی نەوتەکە بۆ شایستە داراییەکانی کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان تەرخان دەکرێت.
هەر بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە لەمانگی ڕابردوودا 13 ڕۆژ هەناردەی نەوت ڕاگیراووە، تائێستاش پرۆسەی هەناردەکردنی نەوت دەستی پینەکردووەتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە ڕێژەی هەناردەی نەوت لە 15ی مانگەوە دەستی بە دابەزین کردووە بەجۆرک لەو ڕۆژەدا 661 هەزار و 744 بەرمیل هەناردە کراووە، ئەو ڕێژەیە لە 16 ی مانگدا دابەزیووە بۆ 518 هەزار و 513 بەرمیل. لە 17ی مانگدا ڕێژەکە زیاتر دابەزیووە و گەیشتووەتە 254 هەزار و 645 بەرمیل نەوت، لەڕۆژی 18 ی مانگیشەوە ئەو ڕێژەیە بووە بە سفر و هەناردەی نەوت بەتەواوی ڕاگیراوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە لە 16ی مانگی ڕابردوودا هەرێمی کوردستان ڕاگرتنی هەناردەکردنی نەوتی بۆ بەندەری جەیهان لە تورکیا ڕاگەیاند، بەهۆی هێرشکردنە سەر بۆری نەوتی هەرێم لە خاکی تورکیا کە ڕۆژانە لە ڕێگەیەوە 600 هەزار بەرمیل نەوت لە کێڵگەکانی هەرێم و کەرکووکەوە هەناردەی بەندەری جەیهان دەکرا.
بەهۆی وەستانی هەناردەی نەوتەوە، هەرێمی کوردستان زیانێکی زۆری پێگەیشتووە، تا دوێنێ یەکشەممە قەبارەی زیانەکان بە نزیکەی 300 ملیۆن دۆلار خەمڵێنرا.
هەفتەی ڕابردوو وەزارەتی وزەی تورکیا ڕایگەیاندبوو کە دەستیان بە چاککردنەوەی ئەو بۆریە کردووە کە ڕۆژانە 600 هەزار بەرمیل لە کێڵگەکانی نەوتی هەرێم و کەرکووکەوە هەناردەی بەندەری جەیهان دەکات.
چاوەڕواندەکرێت لەماوەی 24 تا 48 کاتژمێری داهاتوودا پڕۆسەی چاککردنەوەی بۆرییە نەوتەکەی هەرێم تەواودەبێت دوای زیاتر لە 20 ڕۆژ لە دروستبوونی کێشە بۆ بۆرییەکە لە شاری ئورفای باکووری کوردستان، ئەوەش بەوتەی سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێم کە دوێنێ یەکشەممە بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندبوو.
- 07-03-2016